جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان: گۆڕانكاری لە تیمی ئیدارە خۆجێییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینمان دەكەین

09.07.2020

لڤین: 
جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند گۆڕانكاری لە تیمی حكومەتی خۆجێی هەریەكە لە پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان دەكات و پشتیوانی خۆشی بۆ تیمی حكومەتیان دووبارە كردەوە. 

دوای كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە تیمی حكومەتی بزوتنەوەكەش بەشداریان لە كۆبونەوەكەدا كردبوو ئەو جڤاتە رایگەیاند، پشتیوانی تەواوی تیمی حكومەتی خۆی دەكات لە پێناو چاكسازیدا. 

بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوەكەیدا سوپاس و پێزانینیان ئاراستەی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی، پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ، هەروەها حكومەتی خۆجێی لە پارێزگاكان، ئیدارە سەربەخۆكان كرد بۆ روبەڕبوونەوەیان لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا و چەند راسپاردەیەكی دەركرد. 

راسپاردە پەسەند كراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان: 

یەكەم: جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ بەشداری لە كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم كرد. قەیرانی قوڵی سیاسی و ئابوریی و دارایی هەرێمی كوردستان ئەنجامی حوكمڕانی خراپ و نادادپەروەری و گەندەڵی رابردووە. هەروەها، جەختی كردەوە لە سەر ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری ریشەیی، وە بەشداری بزوتنەوەی گۆڕانیش لە كابینەی نۆ تەنیا بەم ئامانجەیە و، لەم چوارچێوەیەشدا پشتیوانی تەواوی تیمی خۆی دەكات لە حكومەتدا.
دوەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە پابەند بێت بە راگەیندراوی كۆتایی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ٢١ی ٦ی ٢٠٢٠ كە تەنها بۆ یەك مانگ موچەی فەرمانبەران كەم ئەكرێتەوە و ئەو رێكارە كاتییە. بزوتنەوەی گۆڕان جەخت ئەكاتەوە كە حكومەت هەرێم پابەندبێت بەو بەڵێنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە:
١. چاكسای ریشەیی لە كەرتی نەوت و گاز، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنورییەكان، باج ئەنجامبدرێت.
٢. رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بە پێویست ئەزانێت، لەم پێناوەشدا پێویستە هەردولا پابەندی ماف و ئەركەكانیان بن.
٣. پێویستە دەستەبەجێ تەواوی داهات بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و كۆتایی بە قۆرخكاری و دەستێوەردانی كۆمپانیای حیزبی بهێندرێت. ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ زیادكردنی داهات و پێدانی موچەی هاونیشتیمانیان لە كاتی خۆیدا.
سێیەم: چاكسازی لە ناو هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ بكرێت بە نەهێشتنی دەستی حیزب لەناویاندا و كردنیان بە دامەزراوەی نیشتیمانی.
چوارەم: مانەوە و گەشەكردنی هەرێمی كوردستان بەندە بە بنیاتنانی پایەكانی حكومڕانی باش، بەدەستهێنانەوەی متمانەی هاونیشتیمانیان، جێبەجێكردنی ستراتیژی هاوسەنگی لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان.
پێنجەم: سەبارەت بە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەكان پێویستە كۆتایی بهێندرێت بە دروستكردنی گرژی و ئاڵۆزی دەستكرد و لاوەكی، كە لە روانگەی ئێمەوە بیانوە بۆ دواخستن و خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی.
شەشەم: بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكاری لە حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان ئەنجام ئەدات.

470 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations