لڤین مەرجی بەغداد بۆ ناردنی بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڵاو دەکاتەوە

09.09.2020

لڤین:

وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەت رایدەگەیەنێت؛ حكومەتی عیراق نیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ هەرێم هەیەو پێشمانڕاگەیاندون ئامادەین پابەندی پرۆژە یاسای بودجەی عیراق بین لەبەرامبەر ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم بەڕادەستكردنی 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكانیشەوە. 

سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆبونەوەكانی وەفدی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدی حكومەتی عیراق بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاندوە"كۆبونەوەكانی وەفدی حكومەتی هەرێم لەبەغدا بەردەوامەو لەگەڵ حكومەتی عیراق لەهەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم".

وتیشی"دوێنی وەفدی هەرێم كۆبوونەوەیەكی گرنگیان لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەنجامداو هەردوولا تەئكیدیان لەسەر هەماهەنگی و هاوكاری نێوان هەردوولا تا تیمە یاسای و تەكنییەكان رێككەوتنێك دابڕێژن و دواتر لەپرۆژە یاسای بودجەی 2021دا دابنرێت و پشكی هەرێمی تێدا جێگیر بكرێت".

وتیشی"هەر لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر ناوچە جێناكۆكەكان و چۆنیەتی جێبەجێكردنی ماددەی 140 و دۆخی ئەمنی لەو ناوچانە گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، تەنانەت لەگەڵ كازمی گفتوگۆش لەبارەی بودجەی پێشمەرگەوە كرا".

ئەوەشی وت"كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی و مستەفا كازمی زۆر ئەرێنی بووەو هەردوو نیتەتی چارەسەركردنی كێشەكانیان پیشانداوە".

ئەوەشی خستەڕوو"حكومەتی عیراق نیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ هەرێم هەیەو ئەو نیەتەشمان لەكاتی گفتوگۆكاندا لەگەڵ تیمەكانی حكومەتی عیرق بینیوە كە لەگەڵیان كۆبوینەتەوە".

لەبارەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشەوە، رایگەیاندوە"بە بەغدامان راگەیاندنوە لەبەرامبەر ناردنی شایستە دارایەكانی هەرێم بەتایبەت مووچە ئامادەین ئەركەكانمان جێبەجێ بكەین و پابەند دەبین بەجێبەجێكردنی ناوەرۆكی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ە، هەروەها وەك هەرێم پابەندین 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان رادەستی بەغدا بكەین و چاودێری دارایی عیراقیش سەردانی خاڵە سنورییەكانی هەرێم بكات".

5785 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations