لیژنەی ئاوەدانکردنەوە: حکومەت کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان ناکات

15.09.2020

لڤین:
سه‌رۆكی لیژنەی ئاوەدانکردنەوەو وەبەرهێنان له‌ په‌ڕله‌مانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و کابینەی حکومەت نزیکەی ٤٢٥ ڕۆژە متمانەیان وەرگرتووە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانمان لەم ماوەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارو شارۆچکەکان ٤٢٥ بلۆک لەسەر یەک دانەنراوە.

هاوڕێ مه‌لا ستار، سه‌رۆكی لیژنەی ئاوەدانکردنەوەو وەبەرهێنان له‌ په‌ڕله‌مانی كوردستان له‌ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، بۆ بەدواداچوون لەسەر هەردوو سێکتەری ڕێگاوبان و نیشتەجێبوون سێ لیژنەی ئێمه‌ له‌ لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان له‌ لاوه‌كیمان دروست كرد بۆ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، دەرکەوتووە ڕێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان بەدۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبن، بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەکانەوە به‌داخه‌وه‌ ڕۆژانه‌ خه‌ڵك ده‌بنه‌ قوربانی .

دەشڵێت، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و کابینەی حکومەت نزیکەی ٤٢٥ ڕۆژە متمانەیان وەرگرتووە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانمان لەم ماوەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارو شارۆچکەکان ٤٢٥ بلۆک لەسەر یەک دانەنروا ئه‌مه‌ش جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ وه‌رگرتنه‌ بۆ لیژنه‌كه‌مان ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ل وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك ڕێگا بدۆزینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چۆن ئه‌و گرفتانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین .

ئەوەشی خستەڕوو، تەنها لە ١٥٪ی ئەو بەڵێندەرانە کاردەکەن،کەبەڵێندەرایەتیان بۆ،حکومەت کردوە و لەسەر بوودجەی خۆیان کاردەکەن، هەروەها لە 85% كۆی گشتی پڕۆژه‌كانی ڕێگاوبان ڕاگیراون، بەشێکیش بەهۆی ناوبانگی خۆیان کارەکانیان ڕانەگرتووە، ئەوەش جێگای تێڕامانە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و بەرپرسانی حکومەت چۆن لەکاتی هاتووچۆ گرفتی ڕێگاکان نابینن لەکاتێکدا كێشه‌ی ڕێگاوبانه‌كان په‌یوه‌ندی به‌ تاك به‌ تاكی ئه‌و هه‌رێمه‌ هه‌یه‌.

لەبارەی یەکەکانی نیشتەجێبوونیش هاوڕێ مەلاستار ئەوەی خستەڕوو، له‌ ساڵی 2012 دا بڕیاردرا وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ۹هەزار ١٤٨ یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ کرێنشینان و کەم دەرامەت دروست بكات، ئێستاش ئه‌و یه‌كانه‌ ته‌واو بون ڕەنگە بەشێکیان تەنها لە ٥٪ کارەکانیان مابێت، بەڵام تائێستا دابە نەکراون و ئێستا ئه‌و یه‌كانه‌ هه‌مووی كه‌وتون و هەندێ جار بۆ شتی خراپیش ڕەنگە به‌كاربهێنرێن، بەشێکیشیان لەلایەن یه‌كه‌ ئیداریه‌كان پاسه‌وانیان ده‌كه‌ن بۆ پاراستنی ئه‌و یه‌كانه‌، پێشنیارمان بۆ ئه‌وه‌ی خەڵکی کەم دەرامەت و کرێنشین سود لەم یەکانە بکەن له‌ زووترین كات هه‌وڵبده‌ن له‌گه‌ل كۆمپانیاكانی وه‌به‌رهێنان چاره‌سه‌رێك بدۆزنه‌وه‌ و ئه‌و بودجه‌یه‌ی له‌و یه‌كه‌ نیشته‌جێبونانه‌ خه‌رج كراوه‌ به‌هه‌ده‌ر نه‌ڕوات.

199 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations