پەرلەمانتارێكی یەكێتی: ناتوانین ئەركی چاودێریكردن وەكو خۆی جێبەجێ بكەین

19.09.2020

لڤین:

ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لەبەرچەند هۆكارێك نەیانتوانیوە تائێستا كۆمەڵێك یاسای باش دەربكەن، یەكێك لە هۆكارەكان پەیوەندی بە پەیڕەوی ناوخۆوە هەیە كە گرنگی زیاتر دراوە بەپرۆژەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەروەها بەهۆی پەتای كۆرۆنا كەهاتە كوردستانەوە، ماوەی چەند مانگێك هیچ كۆبونەوەیەكی پەرلەمان نەكرا.

كاروان گەزنەیی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە، "دەكرێت بڵێین كە بەڵێ ئەم خولەی پەرلەمان، كاری پەرلەمانی لە ئاستی داخوازی خۆمان و هاووڵاتییانیشدا نەبووە، بە نمونە كەئەركی بەدواداچووندا‌  ئەركێكی سەرەكی پەرلەمانی كوردستانە، من بەش بەحاڵی خۆم زیاتر لە 250 پرسیار و یاداشتم ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بەهیچ شێوەیەك لەئەركی چاودێریكردنی پەرلەمانی ڕازی نیم چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەكو پێویست وەڵامی پرسیارەكانمان ناداتەوه.‌

وتیشی، پرسیاری لەمانگی دوو ئاراستەی وەزارەتەكانی حكومەت كردووە، و لەمانگی حەوت وەڵامی وەرگرتووەتەوە، لەمانگی یەك ئاراستەی كردووە و لە مانگی نۆ وەڵامەكەی وەرگرتووەتەوە‌. پرسیار هەبووە، وەزیر وتویەتی كە لە ڕاگەیاندنەوە وەڵامی داتەوە. ئەمانە كۆمەڵێك گرفتن كە لەچاودێریكردنی پەرلەمان دووچاری كێشەی گەورەمان دەكاتەوە بەگشتی ئەمە هۆكارەكەیەتی كە بەڵێ حكومەت ناتوانی وەڵام بداتەوە و ئێمە ناتوانین ئەركی چاودێریكردن وەكو خۆی جێبەجێ بكەین."

301 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations