بۆ پاراستنی سنەوبەرەكان داواكاریەك ئاراستەی داواكاری گشتی دەكرێت

20.09.2020

لڤین: 
ژمارەیەك چالاكوان پەرلەمانتاری پێشوو داوا لەداواكاری گشتی سلێمانی دەكەن، سكاڵای یاسایی بجوڵێنن لەدژی سوتاندن و هەوڵەكانی گۆڕینی رەگەزی دارستانەكان.


لەیاداشتێكدا كە ئاراستەی داواكاری گشتی سلێمانیان كردووە، ژمارەیەك لە چالاكوان پەرلەمانتارانی پێشوو رایانگەیاندووە، ماوەیەكە پلانێكی بەرنامە بۆ دارێژراو بە ئاراستەی داگیركردنی زۆرترین رووبەری دارستانەكان لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، سوتاندنی هەزاران داری گەورە لە شاخی گۆیژە لەسەر رێی نێوان تاسڵوجە و راپەڕین لەناو ئەوپلانەدان، ئەمە جگە لەوەی چەندین ساڵە تاپۆكردنی گرد و دارستانەكان و گۆڕینیان لەموڵكی گشتیەوە بۆ موڵكی تایبەت بەبەرچاوی خەڵك و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بەردەوامی هەیە.

ئەو داواكاریە واژۆی 23 كەسایەتی بەسەرەوەیە و تیایدا باسیان لەوەشكردووە، شێواندنی دارستان و بڕینەوەی دار و گۆڕینی دارستانەكان بۆ پرۆژەی بازرگانی تایبەت، بەپێی یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2012 قەدەغەكراوە و لەماددەی چوارەم بەتایبەت بڕگەكانی یەكەم و دووەم و سێیەم بەروونی ئاماژەی بەوەكردووە، رێگا نادرێت رەفتار بەدارستانەكانەوە بكرێت تەنها بەیاسا نەبێ.

هەر لەیاداشتەكەدا داواشیانكردووە، سكاڵای یاسایی بجوڵێنن لەدژی ئەو سوتاندن و هەوڵانە بۆ گۆڕینی رەگەزی دارستانەكان و كەمكردنەوەی رووبەری سەوزایی.



211 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations