جێگری پارێزگاری هەولێر: هەركەس ئامادە نەبێت غرامەی نەبەستنی ماسك بدات دەستگیر دەكرێت

26.10.2020

لڤین: 
جێگری پارێزگاری هەولێر شێوازی سزادانی هاوڵاتیان بۆ نەبەستنی ماسك رووندەكاتەوە و رایدەگەیەنێت هەركەس ئامادە نەبێت 20 هەزار دینار غرامەی نەبەستنی ماسك بدات دەستگیردەكرێت تا ئەو كاتەی پارەكە دەدات. 


هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر لە دیدارێكی  رۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند "لەئەمڕۆوە هەر هاوڵاتیەك لە شاری هەولێر و قەزا و ناحیەكانی سەر بەپارێزگاكە ئەگەر ماسك نەبەستێت لەدەرەوە ئەوا غەرامە دەكرێت بەبڕی(20 هەزار دینار) لەهەمانكاتدا ماسكیشی پێدەبەسترێت". 

ناوبراو وتیشی: ئەو كەسەی سزادەدرێ ئەگەر لەوكاتەدا ئامادەنەبوو بڕە پارەكە (20 هەزار دینار) بدات ئەوا دەبرێتە نزیكترین بنكەی پۆلیس لەوێ دەستبەسەردەبێت تا ئەوكاتەی بڕە غەرامەكە (20 هەزار دینار) دەدات دواتر بەڵێننامەیەكی پێ پڕدەكرێتەوە و ئازاد دەكرێت ئەوەش وەك جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ. 

جێگری پارێزگاری هەولێر باسی لەوەشكرد "ئێستا دۆخی هەولێر لەڕووی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا مەترسیدارتر بووە بەڕاستی ئەو ڤایرۆسە تەواو تەشەنەی كردووە و لەكۆنتڕۆڵ دەرچووە ، چارەسەركردنەكەشی لای ئێمە ئەستەم بووە بەتایبەتی لەچاودێری چڕ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر باس لەوەدەكات كەئێستا شوێنیان نییە."

هێمن قادر روونیكردەوە ئەو كەسانەی كە خاوەنی ماركێت و مینی ماركێتن شوێنی تایبەتییان هەیە یان شۆفێری بارهەڵگر و شۆفێری تایبەت و شۆفێری تەكسیە، بەئاسانی دەتوانیت ئەو ئیجرائاتانەی بەرامبەر بكرێت بەوەرگرتنی ناسنامەكەی یا بەوەرگرتنی ساڵنامەی ئۆتۆمبیلەكەی بەداخستنی شوێنەكەی ئەوكات دەتوانرێت پابەندی ئەوە بكرێت كەغەرامەكە بدات بەڵام بۆ هاوڵاتی و بۆ پیادە بەدیلی ئەوەی ئەو كەسە پابەند نەبوو بەپێدانی ئەو پارەیە كە 20 هەزار دینارە، دەبێت دەسبەسەری بكرێت و لەنزیكترین بنكەی پۆلیس ڕادەست بكرێت بەپێی یاسای ژمارە 240 مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت."


316 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations