ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم: سێ گروپی تیرۆریستیمان دەستگیركردووە

26.10.2020

لڤین: 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەستگیركردنی سێ گروپێكی جیاوازی راگەیاند كە بە وتەی ئەنجوومەنەكە دوو لە گروپەكان پەیوەندیان بە پەكەكەوە هەبووە. 


بە گوێرەی راگەیەندراوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان سێ گروپ دەستگیركراون كە یەكێك لە گروپەكان هەوڵی كوشتنی كونسوڵگەریەكی داوە و لەلایەن پەكەكەوە سەرپەرشتی كراوە و یەكێكی دیكەش لە گروپەكان پلانی كوشتنی بەرپرسێكی باڵای هەواڵگری و دادوەرێكیان دابوو. زانیارییان لە گەڵ چەند لایەنێك لە نێویاندا پەكەكە، ئاڵوگۆڕ كردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی ئەنجوومەنەكە گروپێكی دیكەیان دەستگیر كردووە، هەوڵی تیرۆركردنی پارێزگارێكی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی چەندین كاری توندوتیژییان لە هەرێم بە گشتی و پارێزگای دهۆك بەتایبەتی داوە.

دەقی راگەیێندراوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
 
راگەیەندراوێك لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پووچەڵكردنەوەی چەند هێرشێكی تێكدەرانە لە هەرێمی كوردستان 
 
هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لە چەند رۆژی رابردوودا چەند هێرشێكی تێكدەرانەیان لە هەرێمی كوردستان پووچەڵ كردەوە و چەندین كەسیشیان دەستگیركرد كە پەیوەندییان لە گەڵ گرووپە تیرۆریستییەكاندا هەیە. 
 
لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزەكانی ئاسایشدا، دوو پیلان پووچەڵكرانەوە كە یەكێكیان لە لایەن پارتی كرێكارانی كوردستان ( پەكەكە) پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام خۆشبەختانە بە هاوكاریی و هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگریی و دژە تیرۆری هەرێمی كوردستان پووچەڵكرانەوە. هەندێك لە پیلانداڕێژەرانی ئەم هەوڵانە، پەیوەندییان لەگەڵ خەڵكی دەرەوەی عێراق و دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپاوە هەیە و لە لایەن ئەوانەوە ئاراستەكراون.  
 
ئەو كەس و لایەنانەی كە بڕیار بوو بكرێنە ئامانجی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە، ئاگاداركراونەتەوە و رێكاریی پێویستیش، لەپێناو پاراستنی دیپلوماتكاران و خاوەنكارانی بیانی لە هەرێمی كوردستان گیراوەتەبەر.
 
دوای لێكۆڵینەوە و بەداوداچوونی ورد، هێزەكانی پۆلیس و یاسایشی هەرێم، چەندین كەسیان لە پەیوەند بەم پیلانەدا دەستگیر كردووە. لەڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتیش( ئینتەرپۆل)ەوە داوای هەماهەنگیی وهاوكاریی، لە هاوكارە نێودەوڵەتییەكانمان دەكەین بۆ دەستگیركردنی كەسانی دیكەی تێوەگلاو لەم پیلانەدا.
 
لە كەیسی یەكەمدا دوازدە كەسی گومانلێكراو هەن كە پەیوەندییان بە پەكەكەوە هەیە. هەروەها چەندین كەسی دیكەش تێوەگلاون كە لە چەند وڵاتێك نیشتەجێن لە نێویشیاندا ئەوروپا، كە پیلانی هێرشكردنە سەر كونسوڵگەرییەك لە هەولێر و تیرۆركردنی دیپلوماتكارانی ناو كونسوڵگەرییەكە و پەلاماردانی كۆمپانیا تایبەتەكانی ئەو وڵاتەیان لە هەرێم داڕشتبوو. ئەمە جیا لە هەوڵەكانیان بۆ  پەلاماردان و هێرشكردنە سەر كۆمپانیا و براندە جیهانییەكان و وڵاتانی رۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان. لە دوای چاودێریكردنی گرووپەكە لە لایەن هێزەكانی ئاسایشەوە بۆ زیاتر لە چوار مانگ، توانرا گیانی چەندین كەس بپارێزرێت و چەندین گومانلێكراویش دەستگیر بكرێن لە نێویاندا دوو هاووڵاتی سووری هەن. گومانلێكراوان بەپێی ماددەی 1 ی یاسای 21 ی ساڵی 2003 رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە.
 
لە كەیسی دووەمدا، دوای زیاتر لە ساڵێك بەدواداچوون، تا ئێستا هەشت كەس دەستگیركراون و هەموویان هاووڵاتی عێراقین. ئەم گرووپە هەوڵی تیرۆركردنی پارێزگارێكی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی چەندین كاری توندوتیژییان لە هەرێم بە گشتی و پارێزگای دهۆك بەتایبەتی داوە. هەروەها پلانی هێرشكردنە سەر دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و تێكدانی ئاسایشی هەرێمیان داڕشتبوو. بەم زووانە گومانلێكراوان، بەپێی ماددەی 1 ی یاسای 21 ی ساڵی 2003 رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە.
 
گرووپی سێیەم، دوای بەدواداچوون و ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی دژەهەواڵگریی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك، هێزەكانی پۆلیس توانیان حەوت كەسی گومانلێكراو كە هەر هەموویان هاووڵاتی عێراقین، بە پێی ماددەی 1 ی یاسای 21 ی ساڵی 2003 و بە بڕیاری دادگا دەستگیر بكرێن. بەداوداچوونەكان بەردەوامن بۆ دەستگیركردنی گومانلێكراوانی دیكە كە بەشێكن لە تۆڕێك كە چەند ساڵێكە دروستكراوە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگری و سەربازیی لە بارەی دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسەكانی. هەروەها پلانی كوشتنی بەرپرسێكی باڵای هەواڵگری و دادوەرێكیان دابوو. گرووپەكە، زانیارییان لە گەڵ چەند لایەنێك لە نێویاندا پەكەكە، ئاڵوگۆڕ كردووە. ئێمە حكوومەتە بیانی و دەزگا هەواڵگرییە پەیوەندیدارەكانمان لەم ئۆپەراسیۆنە و ئەو زانیارییانەی تا ئێستا بە دەستمان خستوون، ئاگادار كردۆتەوە.
 
ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەریدەخات كە هەڕەشەیەكی بەردەوام لە سەر ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام هێزەكانی ئاسایش، چالاكانە ئەركەكانیان رادەپەڕێنن و بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەن، رەوشی ئارام و ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێكبدرێت.
 
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
2020/10/26


865 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations