زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بەیاننامەیەكی ئەنجومەنەكە رەتدەكەنەوە

27.10.2020

لڤین: 
زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەیاننامەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەكە رەتدەكەنەوە و بە هەندی وەرناگرن و نایسەلمێنن، چونكە ئاگاداری روداوی لەو جۆرە نین كە لە هەرێم روویدابێت. 


دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەیاننامەیەك بە ناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بڵاو كرایەوە و تیایدا دەستگیركردنی سێ گروپ راگەیەندرا كە بەگوێرەی ناوەڕۆكی راگەیەندراوەكە ئەو سێ گروپە دوو گروپیان پەیوەندیان لەگەڵ پەكەكە و هێزی دەرەكی هەبووە. 

كەمێك لەمەوبەر لە روونكردنەوەیەكدا بە ناوی ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژە بەوەكراوە كە لە پێنج ئەندامی ئەنجومەنەكە "سێ ئەندامیان لەسەر پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن و تەنها دوو ئەندامیان پارتین. بەڵام دوای پرسیار كردن لە هەرسێ ئەندامە باڵاكەی یەكێتی لەناو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، دەركەوت كە بەرپرسانی یەكێتی بە هیچ جۆرێك ئاگاداری ئۆپەراسیۆنی لەم جۆرە نین". 

ئەو وتەبێژەی ئەنجومەنەكە رەتیكردووەتەوە ئاگاداری رووداوی لەو جۆرە بن و دەشڵێت "رێگەش نادەن بەناوی ئەنجومەنێكەوە راگەیەندراو بڵاو بكرێتەوە كە پێش بڵاوكردنەوەی، ئەندامە سەرەكییەكانی‌ پرسوڕایان پێ نەكرابێت".

دەقی روونكردنەوەكە: 

رونكردنەوەیەك بۆ كۆمەڵا‌نی خەڵكی كوردستان 


ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێكهاتووە له پێنج ئەندامی سەرەكی كە بریتین لە‌ راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، سەرۆكی دەزگای زانیاری، سەرۆكی دەزگای پاراستن، و سەرۆكی هەواڵگریی پێشمەرگە. لەم پێنج ئەندامە، سێ ئەندامیان لەسەر پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن و تەنها دوو ئەندامیان پارتین. بەڵام دوای پرسیار كردن لە هەرسێ ئەندامە باڵاكەی یەكێتی لەناو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، دەركەوت كە بەرپرسانی یەكێتی بە هیچ جۆرێك ئاگاداری ئۆپەراسیۆنی لەم جۆرە نین كە رۆژی ٢٦\١٠\٢٠٢٠ لەرێی بەیاننامەیەك بە ناوی ئەنجومەنی ئاسایشەوە بڵاوكراوەتەوە. بۆیە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش لە پشكی یەكێتی، ئەم بەیاننامەیە و هەر بەیاننامەیەكی تری لەم چەشنەی ئەنجومەنەكە رەد دەكەنەوە، بە هەندی وەرناگرن و نایسەلمێنن، چونكە ئاگاداری روداوی لەو جۆرە نین كە لە هەرێم روویدابێت، رێگەش نادەن بەناوی ئەنجومەنێكەوە راگەیەندراو بڵاو بكرێتەوە كە پێش بڵاوكردنەوەی، ئەندامە سەرەكییەكانی‌ پرسوڕایان پێ نەكرابێت.

وتەبێژێك لە ئەنجومەنی ئاسایش
٢٦ - ١٠- ٢٠٢٠


1199 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations