جۆرەکانی نەشتەرگەی کیسی زراو

10.11.2020

د.فایق گوڵپی

کیسی زراو بەشێکی کۆئەندامی هەرسە، ئەرکی گلدانەوە و خەستکردنەوەی زەرداوە، تا لە کاتی هەرسدا زەرداوەکە دەکات بە سەر خواردندا و هاوکاری هەرسکردن دەدات.


کیسی زراو ئەندامێکی پێویستی جەستە نییە، مرۆڤ دەتوانێت دەستبەرداری ببێت بە بێ ئەوەی کاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەر تەندروستی هەبێت.


کیسی زراو یەکێک لەو ئەندامانەی جەستەیە کە بە هۆی نەخۆشییەوە چەندان جۆر نەشتەرگەری لەسەر دەکرێت.


١.بڕین و دەرهێنانی کیسی زراو( cholecystectomy) ئەم جۆرە نەشتەرگەریە بڵاوترین نەشتەرگەری کیسی زراوە، زۆربەی کات بە هۆی نەخۆشی بەردی زراوەوە دەکرێت، بەڵام هەندێک جاریش لەگەڵ نەشتەرگەری بڕینی جگەر و پەنکریاسی ئەنجام دەدرێت.ئەم نەشتەرگەریە بە هەڵدرێنی سک یان بە نازور دەکرێت، پیویستی بە بەنجی گشتییە.


٢.کونکردنی کیسی زراو( cholecystostomy ) لەم نەشتەرگەریەدا کیسی زراو لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە، لە ژێر رۆشنایی سۆنەر و سکاندا، یان راستەوخۆ، بە بەنجی لۆکاڵی، پزیشک ئامێریک دەباتە ناو کیسی زراوەوە، بەرد و خڵت و هەو و کێمی ناو کیسەکە دەردەکاتە دەرەوە، سۆندەیەک لە ناو کیسەکەدا دەهێڵیتەوە بۆ ماوەی ١٥-٢٠ رۆژ، دوای ئەوە سۆندەکە دەردەکرێت و کونی کیسەکە خۆیدادەخرێت.


ئەم نەشتەرگەریە بۆ ئەو کەسانەیە کە هەوکردنی توندی کیسی زراویان هەیە، بە هۆی نەخۆشی دڵ و نەخۆشی سیەکان و نەخۆشی خوێنبەربوونەوە، بەرگەی بەنج و نەشتەرگەری گەورەی هەڵگرتنی کیسی زراو ناگرن.


٣.بڕینی بەشێکی کیسی زراو( partial cholecystectomy)،لەم نەشتەرگەریەدا هەموکیسی زراو نابڕدرێت، ئەو بەشەی کیسی زراو کە لە جۆگەلەکانی زراوەوە نزیکە، لە شوێنی خۆیدا دەهێڵرێتەوە.ئەم نەشتەرگەریە بۆ ئەو نەخۆشانە دەکرێت کە کیسی زراویان دووچاری هەوکردنی زۆرتوند بووە و درەنگ سەردانی پزیشکیان کردووە، بە هۆی هەوکردنەوە پزیشک ناتوانێت کیسی زراو و جۆگەلەککانی زراوو لە یەکتر جیابکاتەوە، بۆ ئەوەی جۆگەلەکانی زراو بریندار نەبن، پزیشکەکە تەنها ئەو بەشەی کیسەکە دەبڕێت کە دەتوانێ لە جۆگەلەکان جیایبکاتەوە و بە ڕوونی بیبینێت.


ئەگەر ئەو پارچەیەی کیسەکە کە ماوەتەوە بەردی دروستکرد ونەخۆشەکەی دووچاری ئازار و هەوکردن کرد، دەبێت دووبارە نەشتەرگەری بۆ بکرێتەوە و کیسەکە بە تەواوی ببڕدرێت.


٤.بڕینی نزیکەی نیوەی کیسی زراو(subtotal cholecystectomy ) لەم نەشتەرگەریەدا ئەو بەشەی پشتەوەی دیواری کیسی زراو کە نووساوە بە جگەرەوە نابڕدرێت، لە شوێنی خۆیدا دەهێلرێتەوە. ئەم جۆرە نەشتەرگەریە لە کاتی هەوکردنی توندی کیسی زراو و لە کاتی نەخۆشی جگەردا دەکرێت، بە تایبەت ئەو کاتەی کە ئەگەر بەربوونی خوێن زۆر بێت.


٥.هەڵگرتنی کیسی زراو و بەشێکی جگەر( extended cholecystectomy) لەم نەشتەرگەرییەدا بێجگە لە کیسی زراو بەشێکی جگەر و رژێنە لیمفاویەکانی دەوروبەری لێدەکرێنەوە و دەردەهێنرێن، دەنێردرێن بۆ پشکنینی خانەو شانەکان، ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە بۆ شێرپەنجەی کیسی زراو دەکرێت.


220 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations