هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی دەرباز بوون لە قەیرانەکان

14.11.2020

لڤین: وەرگیراوە لە پەڕەی *نەزهەت حالی

جیهانی سیاسەت بەردەوام لە گۆڕان دایە، هاوکێشە سیاسییەکان وەکو خۆیان نامێنن. عێراق و هەرێمی کوردستان لە دوای ڕیفراندۆم پێگە و هەڵویست و پەیوەندییەکانیان زۆر جیاوازترە لە جاران. لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە تێ گەیشتن و داواکاری خەلک گۆاڕنکاری زۆری بەسەردا هاتووە، ئەمەش گوشار لەسەر دەسەڵاتداران دروست دەکات. پێشبینی دەکرێت پێگەی پارتە سیاسییەکان بە نوێ و کۆنەکانەوە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا گۆاڕنکاری بە خۆیەوە ببینێت و پێگەکانیان زیاتر بەو خزمەتگوزاری و جێبەجبەجێ کردنی پێداویستیە ڕەواکانی خەڵکەوە پەیوەست بێت.

لە هەرێمی کوردستان پی دەچێت هێشتا گشت پارتە سیاسیەکان لەبەر ململانێی نێوخۆییان و نێوان حزبەکان وەکو پێویست دەرکیان بە خراپی بارودۆخی هەرێم نەکردووە، بۆئەوەی میکانیزمێکی هاوبەش بۆ دەرباز بوون لەو بارودۆخە و قەیرانانە بدۆزنەوە، هیوادارم ئەو بڕیارەی پەڕلەمانی عێراق لە بارەی وەرگرتنی قەرز شۆکێکی بەهێزبێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری لە هەولێری پایتەخت، پێم وایە تاکو لە هەولێری پایتەخت بە دوای چارەسەری نەگەڕێین لە شوێنەکانیتر چارەسەری نادۆزینەوە، بەڵام دەبێت هەولێر هی هەمووان بێت و بۆ هەمووان بێت.

لەم نوسینەدا دەمەوێت باسی بارودۆخی هەرێم بکەم و ئەو ڕێکارانەی کە هەندێ وڵات بۆ دەرباز بوون لە قەیرانەکان گرتوویانەتە بەر دیاری بکەم و دەکرێت ئێمەش لە هەرێم سوودیان لێ وەربگرین.

هەرێمی کوردستان هەرچەندە تاکو ئێستاش پۆتانسیەل و توانای هەڵسانەوە و پێشکەوتنی هەیە، بەڵام لە ئێستادا بە پێی هەندێ پێوەری زانستی سیاسی بە داخەوە لە دۆخێکی شێوە ئانارکی دایە لەبەر ئەوەی تاکو ئێستاش هەرێم بێ بەشە لە هەبوونی هێزێکی سەربازی و ئەمنی نیشتیمانی کە لە ناو ئەو هێزانە وەکو گشت وڵاتان ئەندام بوون لە پارتە سیاسییەکان و کاری سیاسی قەدەغە بکرێ، لە هەرێم بە داخەوە هێشتا هێزی سەربازی و ئەمنی حزبە سیاسیەکان بە کردەیی بوونیان ماوە (هێزی پارتی و یەکێتی) کە هەریەکیان لە ناوچەیەکن، سەڕەڕای هەبوونی یاساو دابینکردنی بودجە بۆیان بەڵام لە ژێر فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەرێم نین. کە ئەمەش بە زیانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەشکێتەوە و دەبێتە هۆی دواکەوتنی ئەو دامەزراوە سەربازی و ئەمنیانە لە بەنیشتیمانی بوون و بوون بە دامەزراوەی پڕۆفێشنالی سەردەمیانە. تەنانەت مافی پێشمەرگە و کارمەند و ئەفسەرەکانیان وەکو پێویست ناهێتە پاراستن. پابەند بوون(وەلا) بۆ کەس و حزب شوێنی پابەند بوون بۆنیشتیمان و گەلی گرتووەتەوە، مەترسی ئەوەش هەیە هێزەکان لە هێزی حزبی ببن بە هێزی تەواو کەسی.

پارتی و یەکێتی کە ڕۆلی سەرەکیان لە ئازادکردن و بونیاتنان و پاراستنی ئەم هەرێمە هەبووە، بە داخەوە بەم سیاسەتەی دواخستن و ڕێگریکردن لە بە دامەزراوەیی بوونی ئەو هێزانە، لە لایەک بە جۆرێك زیانمەندن کە لە ناوەخۆ و دەرەوە تاوانباردەکرێن کە خاوەن هێزی چەکداری و ئەمنین و ڕێگرن لە دروست بوونی هێزی سەربازی و ئەمنی نیشتیمانی کە یەکێکە لە سیماکانی دەوڵەتداری، لە لایەکی تریشەوە ئەو کەسانەی کە لە ناو ئەو هێزانە وڵاتپارێزی دەکەن و قوربانی دەدەن لەبەر ئەوەی حزبەکان وەکو پێویست پاداشتیان ناکەن و مافەکانیان ناپارێزن ڕووی گلەیەکانیان لە ‌حزب و کەسەکان دەبێت نەک لە حکومەت کە ئەمەش بە زیانی حزبەکان و پێگەی جەماوەیان دەشکێتەوە. تاکو هێزەکان بەو شیوەیە بن هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمییەکانی ناتوانن دەسەڵاتی شەڕعی خۆیان بەسەر هەموو هەرێم بسەپێنن. بۆیە سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بە پێی پێوەرە زانستییەکان بە لاواز ئەژمار دەکرێت.

جگە لە هێزەکانی پارتە سیاسییەکانی هەرێم هێزی چەکداری پارچەکانی تر و هێزی سەربازی وڵاتانیش لە هەرێم بوونیان هەیە، کە هەندێ لەو هێزانە هەندێ جار تەحەدای هێزەکانی هەرێمیش دەکەن.

لە ڕووی سیاسییەوەش لایەنە سیاسییەکان لەهەمبەر پرسە نیشتیمانییەکان وەکو پێویست هاوهەڵوێست و کۆك نین. هەرێم خاوەن دیدگا و سیاسەت وستراتیژێکی نیشتیمانی کە ڕێکەوتنی نیشتیمانی لەسەر بێت نیە. یەکێک لە مەترسییەکانی بەردەم هەرێم پووکانەوەی سیاسییە. هەروەك زانای بواری زانستی سیاسی فرانسیس فۆکۆیاما پێی وایە دامەزراوەکان دروست دەکرێن بۆ بەدی هێنانی داواکارییەکانی کۆمەڵگا، دەوڵەتیش دامەزراوەیەکی ڕێکخراو و هایراکییە کە مۆنۆپۆلی بەکارهێنانی هێزی شەڕعی هەیە بەسەر ناوچەیەکی دیاریکراودا، بەڵام لەوکاتەی کە کۆمەڵگایەك لە لایەك دامەزراوەکانی کارا نەبن و نەتوانن خۆیان لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکان بگونجێنن، لە لایەکی تریش بە پێچەوانەی نزامی سیاسی مۆدێڕن کە دەبێت دەوڵەت دامەزراوەیەکی بێ لایەن بێت، نوخبەی سیاسی بۆ پاراستنی پێگەی خۆیان و دەست بەسەرداگرتنی دەوڵەت بگەڕێنەوە بۆ تۆڕی خزمایەتی و دۆستایەتی، لەو کاتەدا بێ لایەنی دەوڵەت نامێنێت، ئەو دوو هۆکارەش دەبنە هۆی لاواز بوون و نەمانی شەرعیەتی سیاسی دەسەڵاتداران و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی بەرانبەر بە خەڵك و پووکانەوەی سیاسی ڕوو دەدات و قەیرانی سیاسیش بە دوای خۆیدا دەهێنێت. کە بەداخەوە لە کوردستان هەر دوو هۆکارەکە زۆر بە ڕوونی دیارن.

ئەو دۆخە سیاسی و ئابووری و داراییەی کە لە هەرێم هاتووەتە پێشەوە ئەگەر بەوشێوەیە بەردەوام بێت متمانەی هاوڵاتیان بە توانای دامەزراوەکان و بەرپرسەکانیان زۆر کەم دەبێتەوە.

لە پڕۆسەی گەشەسەندنی سیاسی کۆمەڵگاکان، دەولەت و حکومەت بەرزترین و پێشکەوتوترین دامەزراوەن کە لەسەر بنەمای یاسا و هاوڵاتیبوون بونیاتنراون. کاتێک لە وڵاتێک ئەو دامەزراوانە دادەڕوخێن خەلك پەنا دەباتە بەر گروپە سیاسی و عەشایریەکان و دەبێتە هۆی دروست بوونی لێکترازانی نەتەوەیی و ڕوودانی پێکدادان و فەوزا.

ئەوەی جێگای مەترسیە، ئەو حوکمڕانییەی کە ئێستاش هەیە و ئەو هیوایەی کە گەلی کوردستان بۆ ژیانێکی باشتر و وڵاتێکی پێشکەوتووتر هەیەتی ئەگەری زۆرە توشی هەڕەشە و مەترسی زیاتر و گەورەتر ببێتەوە، وتەکانی یەکێک لە هاوسەرەکانی شەهیدانی شەڕی داعش کە بەر لە چەند ڕۆژێك لە کاتی دابەش کردنی هاوکاریەکی کەم نرخی ناشیاو و رەتکردنەوەی هاوکاریەکە لە لایەن بنەماڵەی شەهیدان خۆزگەی دەخواست هاوسەرەکەی لە دزی کوژرابوا نەک شەهید بوایە بەردەوام لە گوێم دەنگ دەداتەوە، ڕاستە وێڕای سوپاس بۆ ڕێکخراوە خێڕخوازییە بیانییەکان بەڵام بنەماڵەی شەهیدان نابێت بکەونە خانەی خێر پێ کردن. بە وتەی هەموو سیاسییەکان بێت ئەوان سیمبولی قوربانیدان و شانازی نەتەوەیین، کە پێم وایە زەنگێکی مەترسیدارە لە ناڕازی بوونی ئەو کەسانەی کە خوێنیان بۆ ئەو خاکە داوە بۆیە زۆر پێویستە بە خۆمان دابچینەوە و بە نیشتیمانیانە و بە دوور لە بەرژەوەندی کەسی بیر لە چارەسەر کردنی گرفتەکانمان بکەینەوە.

پێم وایە قەیرانی سیاسی لە هەرێم و ڕێگەگرتن لە کارکردن و بە هێزبوونی دامەزراوە فەرمیەکان لە ژێر هەر ناو و بیانویەك بێت، یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەکان کە ڕێگە نادات بەرژەوەندی و ئامانجە نیشتیمانیەکان دیاری بکرێن و پلان و سەرچاوە و توانای پێویست بۆ بە دەست هێنان و پاراستنیان تەرخان بکرێت. تاکو بە خۆمان ڕێز لە کەسایەتییە فەرمییەکان و دامەزراوە فەرمییەکان نەگرین خەڵک ڕێزمان لێ ناگرێت، نابێت سەرۆکی هەرێمان هەبێت و دەسەڵاتی نەبێت، نابێت سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان دەسەڵاتی یاساییان ناوچەیی و سنوردار بێت، نابێت سەرۆک کۆمار کورد بێت و وەکو پێویست سوود لە پێگەکەی وەرنەگیرێت و حسابی بۆ نەکرێت، نابێت پەرلەمان بە نایاسایی بە بڕیاری حزبی دابخرێت. نابێت ئەو هەموو کەسی زانامان هەبێت و سوودیان لێ وەرنەگیرێت، نابێت ئەو قسە ڕاستانەی کە ئۆپۆزیسیون دەکات گوێیان لێ نەگیرێت. بارودۆخی کوردستان زۆر هەستیارە پێویستە زیاتر لە هەموو نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێمەی کورد یەکگرتوو و زیرەك و وریا بین. بەهێزی وڵاتێك بە پێی وتەی زانای بواری ئاسایش باری بوزان لە تەبایی و یەکگرتوویی ناوخۆیی دایە کە ئێمە لە هەرێم لێی بێ بەشین.

جارێد دایمۆند لە پەرتووکی (هەستانەوە-چۆن نەتەوەکان بەسەر قەیران و گۆڕانکاریەکان زاڵ دەبن) باسی ئەزموونی وڵاتانی فینلاندا، ژاپۆن، چیلی، ئەندۆنیسیا، ئەڵمانیا و ئوستڕالیا دەکات، زۆر بەباشی باسی ئەزموونی ئەو وڵاتانە و چەند فاکتەرێک کە پەیوەندیان بە سەرکەوتن بەسەر قەیرانە نیشتیمانیەکان هەبووە دەکات کە دەتوانین وەکو گەلی هەرێمی کوردستان سوودیان لێ وەربگرین.

١ . ڕێکەوتنی نیشتیمانی(اجماع وطنی) لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکە لە قەیران دایە.

هەرچەندە بە دەست هێنانی ڕێکەوتنی نیشتیمانی لەسەر ئەوەی کە وڵات لە قەیران دایە ئاسان نیە، چونکە نەتەوە دابەش دەبێت بە سەر گروپ و سەرکردە و بەرژەوەندی جیاواز، بەڵام ئەگەر دان بە هەبوونی قەیران دانەنرێت ئەوا قەیرانەکە کەلەکە دەبێت و بۆ داهاتوو زیانەکانی بۆ وڵات و گەلەکەی زۆرتردەبن.

٢. هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی نیشتیمانی بۆ ئەوەی دەبێت شتێك بکرێت.

کەس و نەتەوەکان بە دوو جۆر ڕووبەڕوی قەیرانەکان دەبنەوە، هەندێکیان بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی کردارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەڵدەگرن. بەڵام ئەوانیتر بەبێ هەڵگرتنی هەرجۆرە بەرپرسیارێتیەك تەنیا خۆیان بە قوربانی دادەنێن و بەزەییان بە خۆ دێتەوە و تەنیا گلەیی لە خەلکی تر دەکەن.

بۆ زانین: سەرۆک نێچیرڤان لە دیدارێکی میری گوتی جارێک مێوانێکی بیانی پێی گوتووە ئێوە لە هەرێم هەموو گرفتت و کێشەکانتان دەخەنە ئەستۆی دەرەوە، گریمان حەفتا لە سەد وڵاتانی دەرەوە خەتابار بن، خۆ سی لە سەدی خەتای خۆتانە، چارەسەری ئەو سی لەسەدە بکەن.

٣.دیاری کردنی ئەو کێشانەی کە پێویستە چارەسەر بکرێن.

وڵاتان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان دەبێت گۆڕانکاری لە و دامەزراوە وسیاسەتانە بکەن کە پێویستە بگۆڕدرێن هەروەها دیوار و سنورێک دابنێن لەنێوان ئەوان و ئەو دامەزراوە و سیاسەتانەی کە نابێت بگۆڕدرێن.

٤. وەرگرتنی هاوکاری لە وڵاتان لە کاتی پێویست.

٥. سوود وەرگرتن لە ئەزموون و مۆدێلی وڵاتانی تر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

٦. ناسنامەی نیشتیمانی بەهێز دەبێتە هۆی یەکگرتوویی ناوخۆیی کە ئەمەش یاریدەدەر دەبێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانەکان.

٧. هەڵسەنگاندنی ڕاستگۆیانەی خالە بەهێز و لاوازەکان.

لەو هەڵسەنگاندنە دەبێت پشت ببەسترێت بە زانین(مەعریفە) وزانیاری دروست وهەڵسەنگاندنێکی ڕاستگۆیانە بۆ ئەو زانیارییانە.

٨. سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ڕابردووی ناوخۆیی لە بواری چارەسەرکردنی قەیرانەکان.

ئەو نەتەوانەی کە بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ بوون خاوەنی ئەزموون و بڕوا بە خۆبوونی زیاترن بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی قەیرانەکان لە داهاتوو.

٩. خۆڕاگری(سەبر).

هەرچەندە نەتەوەکان جیاوازن لە چۆنیەتی هەلسوکەوت کردن لەگەڵ شکستەکان، بەڵام پێویستە نەتەوە خۆڕاگر بێت لە بەرانبەر ئەو هەوڵانەی ئەدرێن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و ئەو شکستانەی کە ڕەنگە لەسەرەتای هەوڵەکان ڕووبدەن.

١٠. خۆگونجاندن(مرونە) لەگەڵ بارودۆخە تایبەتەکان.

دەروون ناسەکان بە گوێرەی چۆنیەتی مامەلەکردنیان لە گەڵ كێشەکان مرۆڤەکان دابەش دەکەن بۆ دوو جۆر، جۆرێکیان تەنیا بە یەك شێوە مامەلە لەگەل هەموو کێشەکان دەکەن و شێوازی مامەلەکردنیان نەگۆڕە. جۆرەکەی تر ئەو کەسانەن کە بەپێی جۆری کێشەکە شێوازی مامەلە کردنیان دەگونجێنن. جارێد دایمۆند دەلێت دەبێت نەتەوەکان وەك جۆری دووەم بن لە ڕووبەڕوو بوونەوەی قەیرانەکان.

١١. بەها بنچینە نیشتیمانیەکان.

دیاری کردنی ئەو بەهایانە کە نابێت سازشیان لەسەربکرێت. بۆنموونە سەربەخۆیی وڵات یەکێکە لە بەها بنچینەیەکانی هەر نەتەوەیەکی سەربەخۆ کە سازشی لەسەر ناکات.

١٢. هەوڵدان بۆ ڕزگاربوون لە بەربەستە جیۆپۆلۆتیکیەکان.

ئەمەش دەکرێت بەدەست بهێنرێت بە پەیڕەو کردنی سیاسەتێکی دەرەوە و ناوخۆی ژیرانە. فینلەندیەکان دروشمێکیان هەیە کە دەلێت (جوگرافیاکەمان هەرگیز ناگۆڕێت)، ئەوان نەبوونە ئەسیری بارودۆخی جیۆپۆلیتیکی خۆیان، توانیان بە سیاسەتێکی ژیرانە خۆیان لەگەڵ وڵاتی سۆڤیەتی زل هێزی دراوسێیان کە شەڕیشیان لە گەڵ کردبوون و سەڕەڕای جیاوازی ئایدۆلۆجی بگونجێنن و سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن. فینلاندا وانەیەکی لە مێژووی خۆی وەرگرت ئەویش ئەوەیە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی خۆی دەبوایە پشت بەخۆی ببەستێت و دەبوایە یەکێتی سۆڤیەتی درواسێشی هەست بە پارێزراوی بکات و متمانەی بە فینلاند هەبێت بۆ ئەوەی نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی سۆڤیەت.

هەرچەندە پێم وایە حکومەتی هەرێم لە ڕابردوودا بە گرتنە بەری سیاسەتێکی ڕاست تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە لەوەی کە نەبێتە ئەسیری جیۆپۆلیتیکی داخراوی هەرێم، بەڵام پێم وایە دەرفەتی زیاترهەیە کە دەکرێت سوودی زیاتری بۆ بەرژەوەندی هەرێم لێ وەربگیرێت.

‌هەر سیاسەت و حوکمرانیەك کە بۆ خێر و بەرژەوەندی گشتی نەبێت، سیاسەت و حوکمڕانیەکی شکستخواردوو دەبێت، تەنانەت ئەگەر نیازی سیاسەتمەداران وحوکمرانان باش و پاکیش بێت، لەبەر ئەوەی پێوەری سەرکەوتنەکان لە جیهانی سیاسەت بە دەرئەنجامە باشەکان هەڵدەسەنگێندرێت. لە هەرێمی کوردستان کاری زۆر باش کراوە، بەڵام چیتر ناتوانین بە سیاسەتە کۆنەکان بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان بپارێزین، سەردەمی ئەوە بەسەرچوو کە سیاسەتمەداران باجی هەڵەکانیان نەدەن و گەل باجی هەلەکانیان بدات، بەڵام دەرفەتیشمان لە پێشە کە سوود لە ئەزموون و توانا ناوخۆیی و دەرەکییەکان وەربگرین بۆ ئەوەی جگە لەوەی وڵات لە قەیرانەکان دەربازی ببێت بەڵکو بە باشترین شێوە سوود لە دەرفەت و توانا شاراوەکان وەربگیرێت.

* بەڕێوەبەری پێشوی ئاژانسی پاراستنی (پارتی)

380 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations