ھەدەپە لەنێوان جەھەپە‌و ئاكەپەدا

23.06.2019

لڤین: د.سەلام عەبدولكەریم 

پێشەكی
ئەمڕۆ ٢٣ی حوزەیران، بەھۆی سكاڵا لەسەر ئەنجامی دەنگەكانی ھەڵبژاردنی شاری ئەستەنبوڵ و پاش بڕیاری كۆتایی كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی توركیا دووبارە ھەڵبژاردن لەو شارە ئەنجام بدرێتەوە. بەپێی زۆربەی لێكدانەوە و پێشبینیەكانیش، بەھۆی نەبوونی كاندیدی (ھەدەپە) لەئەستەنبوڵ و پشتیوانی (جەھەپە) لەزۆربەی شارەكانی توركیا و ھەندێ شاری باكوری كوردستانیش دەنگی بەكاندیدەكانی (جەھەپە)دا و بەمەش بەنزیكەی زیاتر لە(١٠) ھەزار دەنگ لەشاری ئەستەنبوڵی پایتەختی ئابوری توركیا (ئەكرەم ئیمام ئۆغلو) سەركەوت و (بن عەلی یەڵدرم) شكستی ھێنا. بۆیە بەشی ھەرە زۆری چاوەكان لەسەر دەنگی كورد و ئەندام و لایەنگران و ھەوادارانی (ھەدەپە)ن، بەیانی ئاخۆ دەتوانن ئەنجامی بردنەوە یەكلایی بكەنەوە یان نا؟ بۆیە پێویستە ئەم پرسە ھەستیار و گرنگە بابەتیانە شیبكرێتەوەو دواتریش ئەو ئەگەرانە تاوتوێ بكرێ ئایا (ئاكەپە)و كاندیدەكەی براوە دەبن ئەمجارە یان بۆ جاری دووەم و دووبارە (ئەكرەم ئیمام ئۆغلو) براوە دەبێت؟ ئایا ئەمجارە كورد ھاوكێشەكە یەكلایی دەكاتەوە یان نا؟

ھەڵوێستی نوێی كورد چیە؟

ئێمە لەبەردەم چوار ھەڵوێستی سیاسیدان تا ئەم ساتەوەختە سەبارەت بەھەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵ بۆ بەیانی، ئەوانیش بریتین لە:

یەكەم:- ھەڵوێستی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ی رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان، كە بەھۆی شكستی (ئاكەپە) لەگەورە شارەكانی ئەستەنبوڵ و ئەنكەرە بەتایبەت دەستپێشخەریەكی گرنگی كرد و ڕێگەی دا بەسەردانی پارێزەر و كەسوكاری ئۆجەلان و ناوبراویش پەیامی یەكەمی نارد و تێیدا پاش ڕوونكردنەوەی ڕەوشی سیاسی ناوچەكە، ڕاسپاردەی ئاراستەی (پەكەكە) و (ھەدەپە)ش كرد، كە پێویستە ڕەوشی باكوری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستانیش بەھەند وەربگرن و خۆیان لەپێكدادانی توركیا بەدوور بگرن و تەنانەت داواشیكردبوو ڕەچاوی ھەستیاری توركیا لەبەرچاو بگرن. دوێنێش پەیامێكی دیكەی نوێی بڵاوكردەوە، كە وەك كاردانەوەی پێداگری ھەڵوێستی ڕابردوو ھەڵوێستی نوێی (ھەدەپە)بوو، كە بەكورتی تێیدا داوای جەختكردنەوە لەئاشتەوایی و ئاشتی دەكاتەوە پاشان پێداگری لەسەر ئەوە دەكات، كەپێویستە بەتایبەت بۆ ھەڵبژاردنی ٢٣ی حوزەیرانی (ھەدەپە) ھێڵی سێیەم، كە  مەبەست لێی بێلایەنیە بپارێزێت.

ئەگەر پێشتر دەنگی كورد ئەنجامی ھەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵ و یەكلایی كردبێتەوە بۆ (ئیمام ئۆغلو)، ئەوا ھیچ گرەنتیەك  نییە بۆ ئەوەی ھەمان فاكتەر كاریگەری ھەبێت و ئامڕازی یەكلاییكردنەوەكە بێت

دووەم:- ھەڵوێستی سیاسی (ھەدەپە)، كە لەسەر زاری (سزایی تەمەلی و پەروین بوڵدان) جەخت لەسەر ھەڵوێستی پێشوویان دەكەنەوە و ڕایانگەیاندووە، كە دەنگ بە(ئەكرەم ئیمام ئۆغلو)ی كاندید (جەھەپە) دەدەنەوە.

سێیەم:- ھەڵوێستی پارتی كرێكارانی كوردستان، كە لەسەر زاری (موراد قەرەیلان) داوای كرد دەنگ بە(بن عەلی یەڵدرم) نەدرێت و ناڕاستەوخۆش واتە دەنگ بدرێت بە(ئەكرەم ئیمام ئۆغلو).

چوارەم:- ھەڵوێستی (سەلاحەدین دەمیرتاش)ی ھاوسەرۆكی پێشووی زیندانیكراوی (ھەدەپە)، كە لەپەیامێكدا چەند ڕۆژێك لەمەوپێش داوای كرد دەنگ بە(ئەكرەم ئیمام ئۆغلو) بدرێتەوە، بەڵام لەژێر كاریگەری پەیامە نوێیەكەی ئۆجەلاندا، پشتیوانی بۆ ئاشتی دووپاتكردەوە و جۆرێك بوو لەجێبەجێكردن و پشتیوانی پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ پاراستنی بێلایەنی و ھێڵی سێیەكی (ھەدەپە)، واتە ناڕاستەوخۆ پەشیمان بوویەوە لەھاندانی ئەندام و ھەواداران و كوردانی دانیشتووی ئەستەنبوڵ بۆ دەنگدان بە(ئەكرەم ئیمام ئۆغلو).

ھەدەپە لەنێوان جەھەپە و ئاكەپەدا.. بن عەلی یەڵدرم یا ئەكرەم ئیمام ئۆغلو؟

لەڕاستیدا زۆر گرنگە ھەدەپە و كورد دەنگدانی بەیانی و ڕەوشی نوێی سیاسی ناوچەكە و ناوخۆیی توركیا و ئەو ڕێوشوێنانەی (ئاكەپە)شیان پاش ناچاركردنی كۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی توركیا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگەكانی شارەوانی ئەستەنبوڵ لێكدابێتەوە و حساباتی وردیان بۆ كردبێت، چونكە بەبۆچوون و شرۆڤەی ئێمە (كەدەشێ پێچەوانەش بكەوێتەوە) بەپێی زۆر پێوەر و بەپشت بەستن بەڕێوشوێنە نوێیەكانی (ئەكەپە)، بەیانی ٢٣ی حوزەیران پێشبینی دەكەم (ئاكەپە) و (بن عەلی یەڵدرم) پۆستی سەرۆكایەتی شارەوانی ئەستەنبۆل ببەنەوە، چونكە ڕاستە  توركیا وڵاتێكە لەگشتیدا دیموكراسیە و پرۆسەی ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەستاودەستكردنی دەسەڵات تێیدا بێ خوێن ڕشتن و ئاسایی ڕوودەدات، بەڵام ھەڵبژاردنی بەیانی لەھەموو ئەگەر و ڕێككەوتنە سیاسییەكان بەدوور نییە، بەتایبەت توركیا قورسایی گەورەی لەسەر ئاستی سیاسەتی جیھانی و ناوچەیی ھەیە و تائەم ساتەوەختە (ئەردۆگان) و (ئاكەپە) كاراكتەری بەھێزی سیاسی جیھان و ناوچەكەن و حساباتی (توركیا و ڕووسیا و ئێران)یش پەیوەستە بەسیستەمی سیاسی نوێی توركیاوە، ھەرچەندە ئەم ھەڵبژاردنە ھی شارەوانییەكانە، بەڵام بۆ (ئاكەپە و ئەردۆگان)، كەتەنانەت شەخسی خۆشی دابەزیوەتە خوارەوە بۆ پڕوپاگەندە و پشتیوانی (یەڵدرم) لەجێی مان و نەمان و گرنگە لەڕووی سیاسی و ئابووریەوە بەتایبەت. بۆیە پێویستە ئەم دەرفەتە نوێیەی دیكە، كە بۆ كورد و (ھەدەپە) ھاتۆتە  ئاراوە نابێت لەدەستی بدات و گرنگە  بیدورێتەوە لەڕێگەی دوو ھەڵوێستەوە، یەكیان یا دەنگدان بە (بن عەلی یەڵدرم)ی كاندیدی (ئاكەپە)،  یا بێلایەن بوون و جێبەجێكردنی ڕاسپاردە نوێیەكەی ئۆجەلان و ھەڵوێستە نوێیەكەی دەمیرتاش.

ھەڵوێستی (سەلاحەدین دەمیرتاش)ی ھاوسەرۆكی پێشووی زیندانیكراوی (ھەدەپە)، كە لەپەیامێكدا چەند ڕۆژێك لەمەوپێش داوای كرد دەنگ بە(ئەكرەم ئیمام ئۆغلو) بدرێتەوە، بەڵام لەژێر كاریگەری پەیامە نوێیەكەی ئۆجەلاندا، پشتیوانی بۆ ئاشتی دووپاتكردەوە

ئەگەرنا لەئەگەری بردنەوەی (یەڵدرم و ئاكەپە) ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر مامەڵەی (ئەردۆگان و ئاكەپە)لەگەڵ شاەوانییە براوەكانی (ھەدەپە) لەناوچە كوردیەكانی باكوری كوردستان، ھەروەك مادەم ھیچ ھەڵوێستێكی سیاسی ڕوونی (جەھەپە) بەرامبەر بەكێشەی كورد لەڕوانگەی تێزی چارەسەری ئاشتیانە و دەستوری بوونی نییە و تەنھا مامەڵەی پراگماتی و قۆستنەوەیە، نابێت ھەدەپە و كورد دۆخیان بكەنە قوربانی و بەردەبازی پەڕینەوەی ئیمام ئۆغلو بۆ سەر كورسی سەرۆكایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵ، بۆیە پێویستە بەشی دووەمی ئەو پێشھاتە سیاسییە و ئەو ڕێككەوتنە نابەستراوە ناڕاستەوخۆیە  تەواو بكەن، كەبەڕێگەدان بەسەردانی پارێزەر و كەسوكاری ئۆجەلان دەستپێكردووە و ئەگەر ئاكەپە ڕاستگۆ و نیاز پاك بێت بۆ خۆشی واباشترە پاش سەركەوتنی لەھەڵبژاردنی بەیانی درێژە بەگەڕانەوە بۆ سیاسەتی كرانەوە و چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد بداتەوە. 

ئەگەر (ھەدەپە) دەرفەتی یەكەمی بۆ سازان و ڕێككەوتن لەگەڵ (ئاكەپە و ئەردۆگان) لەسەروبەندی ھەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی (١٥ی تەممووزی ٢٠١٦) بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی لەپەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی لەكیس دابێت، كە دەرفەتێكی ئاڵتونی بوو، پێویستە لانیكەم ئەم درەفەتە نوێیەی تر لەدەست نەدات، چونكە لەداھاتووشدا ئەگەرچی ھەموو ئەگەرێكی ڕێككەوتنی سیاسی و ھاوپەیمانی (جەھەپە) و (ئاكەپە) لەئارادایە و دوور نییە، ھاوكات بەھۆی گەشەكردنی تەوژمی (كەمالی و نەتەوەپەرستی) لەمیانەی پارتەكانی (جەھەپە و مەھەپە و پارتی چاكەوە) و سەركەوتنیان لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی ٢٠٢٣ ھیچ ئاسۆیەكی ڕوون نییە بۆ چارەسەری كێشەی كورد و ھیچ پارتێكیشیان بەگشتی و (جەھەپە) بەتایبەت ھیچ پرۆژەیەكی نە ستراتیژی نەتاكتیكیشی تەنانەت نەبووە و نییە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لەتوركیا. دواجار ئەگەر پێشتر دەنگی كورد ئەنجامی ھەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵ و یەكلایی كردبێتەوە بۆ (ئیمام ئۆغلو)، ئەوا ھیچ گرەنتیەك  نییە بۆ ئەوەی ھەمان فاكتەر كاریگەری ھەبێت و ئامڕازی یەكلاییكردنەوەكە بێت، بەیانی، بۆیە پرسیاری سەرەكی ئەم وتارە ئەوەیە، ئەگەر (جەھەپە و ئاكەپە) ھەردووكیان دۆستی كورد نین، چ پێویست دەكات لایەنگیری (جەھەپە) بكات و ببێتە بەشێكە لەململانێ، كە بەسودی خۆشی ناشێكێتەوە و (ئیمام ئۆغلو) كاندیدی خۆی نییە؟

235 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations