تا ئێستا بڕیاری قەدەغەکردنی کیسی نایلۆن لە نانەواخانە و سەمونخانەکاندا جێبەجێنەکراوە

03.07.2019

لڤین: کۆچەر عەزیز

 
ئەمرۆ رۆژی جیهانی بەکارنەهێنانی کیسی نایلۆنە، لە ماوەی رابردوودشدا قائیمقامی سلێمانی بەکارهێنانی بڕیاری کیسی کاغەزی لە بری کیسی نایلۆن بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان خستە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕیارە جێبەجێنەکراوە، نانەواخانە و سەمونخانەکانیش دەڵێن، هەرچەندە بە فەرمی ئەو بڕیارەیان پێنەگەیشتوە، بەڵام ناڕازین لەو بڕیارە و دەڵێن"رێژەی خەرجی کیسی کاغەز سێ بۆ پێنج ئەوەندەی نایلۆن زیاترە".

رۆژی 5-7-2019 قائیمقامی سلێمانی بە نوسراوێکی فەرمی بڕیاری کیسی کاغەزی لە جیاتی کیسی نایلۆن بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان خستە بواری جیبەجێکردنەوە.

لەشکر حەمید، ئەندازیاری خۆراک و سەرپەرشتیاری لیژنەی تەندروستی لە سلێمانی، بە (لڤین پرێس)ی راگەیاند، تا ئێستا کیسی نایلۆن قەدەغە نەکراوە، تەنها هەڵسەنگاندنی بۆکراوە، بەڵام لە داهاتویەکی نزیکدا قەدەغە دەکرێت.

وتیشی: قەدەغەکردنی ئەو بڕیارە لە نانەواخانە و سەمونخانەکاندا بۆئەوە دەگەرێتەوە، کاتێک راستەوخۆ بە گەرمی نان و صەمونەكە دەخرێتە ناو كیسی نایلۆنەوە، زیان بە سەلامەتی خۆراكەكە دەگەیەنێت، بۆیە باشترە خۆراك لە كیسی كاغەزدا هەڵبگیرێت نەك لە كیسی نایلۆندا، سەرەڕای ئەمانەش وەك پاشەڕۆ نایلۆن زیانێكی گەورە بە ژینگە دەگەیەنێت.

لەشکر حەمید، باسیلەوەشکرد" لیژنەیەکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە پێکهێندراوە و لە ماوەی رابردوشدا هەڵسەنگاندنمان بۆ نرخەکەی کردوە و چەندین کۆمپانیا هاتوون بۆئەوەی کیسی کاغەز دروست بکەن و لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا بڕیارەکە جێبەجێدەکرێت و زۆریش لەسەر نانەواخانە و سەمونخانەکان ناکەوێت، ئەگەر نانەواخانەیەک پێشتر بە بڕی 100 هەزار دینار کیسی نایلۆنی کڕیبێت، ئێستا دەبێت بڕی 200 هەزار دینار بکڕێت واتا جیاوازییەکی زۆری نییە".

نانەواخانە و سەمونخانەکان گلەییان هەیە لەو بڕیارە و دەڵێن: تا ئێستا بە فەرمی ئاگادار نەکراوینەوە، بەڵام کیسی کاغەز زۆر لەسەر ئێمە دەکەوێت دەبێت نانەکە لەسەر هاوڵاتیان گران بکەین.

نانەواخانەی راپەڕین، کە ماوەیەکی زۆرە کاردەکات، لەسەر ئەو بڕیارە تایبەت بە (لڤین پرێس) وتی:" لابردنی عەلاگە و زەرف گۆڕینی بۆ کیسەی کاغەز وەک نانەواخانەی ڕاپەڕین، تا ئێستا هیچ لیژنەیەکی (تەندرووستی و قایمقامیەت) نەهاتووە بەفەرمی پێمان رابگەیەنێت و بڕیارەکەشمان بۆ نەهاتوە".

وتیشی: "ئێمە لەگەڵ کارگەی ئاردی سەردەم کە گەورەترین کارگەی سلێمانیە پەیوەندیمان کردوە نەیان وتووە کە کیسەیان بۆ هاتبێت تەنها وتویانە کە دەنگۆیەکی کەم هەیە بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ئێستا نەوت دابەش ناکەن بەسەر نانەواخانەکاندا و ئاردیش ڕۆژ بە ڕۆژ گرانتر ئەبێت ئەوا وەک نانەواخانەی ڕاپەڕین ئەو بڕیارە بە باش نازانین".

وتیشی؛ هەموو نانەواکان پەیوەندی بە سەندیکاوە دەکەین، چونکە ڕێژەی پارەی ئەو کیسەیە سێ بۆ پێنج ئەوەندەی پارەی زەرف(عەلاگە،لایلۆن)ە.

بە پێچەوانەوە هاوڵاتیان بڕیارەکە بە باش دەزانن و دەڵێن، ئەو بڕیارە بۆ تەندروستی مرۆڤ گرنگە و هەرچی زوترە بڕیارەکە جێبەجێبکرێت باشترە.

کەویار کۆسار، کە لە یەکێک لە نانەواخانەکانی سلێمانیدا وەستابوو بۆ نۆرەی نان وەرگرتن بۆ لڤین وتی: کاغەز زۆر باشترە لە نایلۆن، چونکە نایلۆن کاتێک نانەکەی تێدەکەین زۆر گەرمە راستەوخۆ دەتوێتەوە و مادەکانی ناو نانەکە رەنگە کارلێک بکەن لە گەڵیدا و زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە.
 
رۆژی 7-5-2019 لەسەر بڕیاری قایمقامی سلێمانی لیژنەیەک دروستکرا بە مەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانی وەزارەتی تەندروستی (11331) کە لە 19ی کانوونی یەکەمی 2016 دەرچوە، بە مەبەستی بەکارهێنانی زەرفی کاغەز لە جیاتی زەرفی نایلۆن لە نانەواخانە و سەمونخانەکان. 

بە وتەی پسپۆڕانی بواری خۆراک، هەڵگرتنی خۆراك لە نایلۆن دا ئەگەر بێت و خۆراكەكە گەرم بێت یات لە شوێنی گەرم دابنرێت سەلامەت نی یە، چونكە بە كاریگەری پلەی گەرمی رێژەیەكی زۆر لە مادە كیمیاییەكانی ناو نایلۆنەكە دەچێتە ناو خۆراكەكەوە، ئەمەش مەترسی دروستبونی نەخۆشییە شێرپەنجەییەكان زیاد دەكات، لەبەرئەوەی هۆكارە بۆ دروستبونی پاشماوەی پلاستیكی لەناو خوێندا.

ئەمرۆ رۆژی جیهانی بەکارنەهێنانی زەرفی نایلۆنە و لە هەرێمی کوردستانیش چەندین چالاکی ئەنجامدەدرێت، زیاتر لە دوو مانگە بڕیاری قەدەغەکردنی زەرفی نایلۆن لە نانەوا و سەمونخانەکاندا دەرچووە بەڵام تا ئێستا جێبەجێنەکراوە و دیاریش نییە کەی جێبەجێدەکرێت؟

275 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations