میسی: یەكێتی تۆپی پێی ئەمریكای باشور لە خزمەتی بەرازیلدایە

07.07.2019

لڤین: 
میسی رایگەیاند جامی كوپا ئەمریكا بۆ بەرازیل دانراوە  هیوادارم یەكێتی تۆپی پێی ئەمریكای باشور و ناوبژیوانەكان و ڤار كاریگەری لەسەر پیرۆ نەكەن. 

لیۆنێل میسی، كاپتن و ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، رایگەیاند "من هەمیشە راستی دەڵێم، ئێمە نابێت بەشێك بین لەم گەندەڵییە، ئێمە بە درێژایی ئەم پاڵەوانێتییە بێڕێزیمان بەرامبەر كراوە، بەداخەوە گەندەڵی و ناوبژیوانان ناهێڵن خەڵك چێژ لە تۆپی پێ وەربگرێت، تۆپی پێیان لەناوبردووە".
 دوای یاری كۆتایی هەڵبژاردەكەی بۆ دیاریكردنی پلەی سێیەم و چوارەمی كۆپا ئەمریكا، ئەستێرە ئەرجەنتینیەكە زۆر بە توندی قسەی كرد باسی لە كارتە سورەكەی ئەمشەوی كرد وتی "دەكرا ناوبژیوان تەنیا كارتێكی زەرد بە هەر یەكێكمان بدات، ئەگەر ڤاری بەكارهێنابووایە، بەڵام وادیارە ئەوەی دوای یاری بەرازیل وتوومە كاریگەری بەسەر ئەم بڕیارەوە هەبووە".

میسی رایخۆی دەربڕی وتی "پێموایە جامەكە بۆ بەرازیل دانراوە، هیوادارم ڤار و ناوبژیوانەكان لە یاری كۆتاییدا شتی دیكەیان نەبێت و پێرۆ بتوانێت ململانێ بكات، چونكە ئەوان تیپێكی باشیان هەیە، هەرچەندە پێموایە ئەمە زەحمەتە".

میسی دوای دۆڕانیان بەرامبەر بە بەرازیل رایگەیاندبوو كە یەكێی تۆپی پێی ئەمریكای باشور و ناوبژیوان دادوەرانە برشیاریان نەداوە و ناوبژیوانەكەی تۆمەتبار كرد بە لایەنگری كردنی بەرازیل. 

هەرچەندە یاریەكەی ئەمشەو بە ئەنجامی 2گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لەبەرژەوەندی ئەرجەنتینیەكان كۆتاییی پێهات وتیشی: ناوبژیوانی یاریەكەی بەرازیل ستەمی لێكردین و لێدانێكی سزای بۆ هەژمار نەكردین، بەداخەوە كۆنمیبۆل (یەكیتی تۆپی پێی ئەمریكای باشور) لایەنگری بۆ بەرازیل دەكات.

میسی راشیگەیاند "من شانازی بەم كۆمەڵە یاریزانەوە دەكەم، هێشتا كاتێكی زۆریان لەپێشە بۆ ئەوەی كاری باشتر پێشكەش بكەن، گرنگ ئەوەبوو بەشێوەیەكی باش كۆتاییمان بە پاڵەوانێتییەكە هێنا".

320 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations