لاهور شێخ جه‌نگی: قبوڵناكه‌ین چیتر زۆنی سه‌وز وه‌ك ڕابردوو پشتگوێ بخرێت

10.07.2019

لڤین:
لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، قبوڵناكه‌ن چیتر زۆنی سه‌وز وه‌ك ڕابردوو پشتگوێ بخرێت، لیژنه‌یه‌كی باڵا پێكده‌هێنین بۆ چاودێریكردنی دۆخه‌كه‌ و ئه‌مجاره‌ ده‌بێت ئیمكانیات بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ زۆنی سه‌وز.

بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری رایگەیاند لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەفتەنامەی ئاژانس چەند زانیارییەکی گرنگ ئاشکرا دەکات و دەڵێت: ئه‌و غه‌درانه‌ی له‌ڕابردوو كراون ڕاستده‌كرێنه‌وه‌ و له‌شه‌ش مانگی‌ داهاتوو كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتیی ئه‌نجامده‌درێت و، كۆنگره‌ش بۆ ته‌سفیه‌ی حسابات نییه‌ و له‌یه‌ك دوو ڕۆژی داهاتودا پرسی‌ كاندیدی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوك كۆتایی دێت".
 
ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌:

- سه‌ره‌تا له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ین، كه‌ هه‌ندێك تێكدانی ڕه‌وشی كه‌ركوك له‌ ساڵی 2017 به‌ هه‌وڵ بۆ لێدان له‌ پێگه‌ی یه‌كێتیی له‌و شاره‌ ناو ده‌به‌ن، ماوه‌یه‌كی زۆر و هه‌وڵێكی زۆری ویست تا جارێكی تر یه‌كێتیی بتوانێت پارێزگارێكی كوردی یه‌كێتیی بۆ كه‌ركوك دابنێته‌وه‌. جه‌نابیشت یه‌كێك بوویت له‌ به‌رگریكارانی كوردستانیبوونی كه‌ركوك و دانانی پارێزگارێكی یه‌كێتیی بۆ ئه‌و شاره‌. ئایا ئێستا پارێزگارێكی كورد و یه‌كێتیی بۆ كه‌ركوك داده‌نرێت؟

لاهور شێخ جه‌نگی:
پێم وایه‌ مه‌سه‌له‌ی دانانی پارێزگار، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ براده‌رانی پارتی له‌سه‌ری ڕێككه‌وتووین له‌ سه‌ره‌تای ڕێككه‌وتنه‌كانمان، له‌م یه‌ك دوو ڕۆژه‌ی داهاتوو ئه‌و كاندیده‌ی هه‌ردوولامان له‌سه‌ری ڕێككه‌وتووین، به‌ ڕه‌سمی ده‌ناسێنرێت و هه‌نگاوه‌كان بۆ دانانی ئه‌و پارێزگاره‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك، چی ده‌گۆڕێت له‌ دۆخی شاره‌كه‌؟ 

لاهور شێخ جەنگی: له‌یه‌ك دوو ڕۆژی داهاتودا كاندیدی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوك به‌ڕه‌سمی ده‌ناسێنرێت و هه‌نگاوه‌كانی‌ دانانی جێبه‌جێده‌كرێت لاهور شێخ جه‌نگی: به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌ی كه‌ پارێزگارێكی كورد ناتوانێت هیچ گۆڕانكاری بهێنێته‌ كایه‌وه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ من پێم وایه‌ ده‌توانێت به‌شێكی به‌رچاوی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، زه‌مانه‌تێكه‌ بۆ میلله‌ته‌كه‌مان له‌ كه‌ركوك كه‌ ئه‌گه‌ر پارێزگارێكی كورد هه‌بێت، لانیكه‌م ئه‌و ته‌عریب و ئه‌و كارانه‌ی كه‌ ئێستا دژی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی سنووری پارێزگای كه‌ركوك ده‌كرێت له‌ ڕێی ئه‌و پارێزگاره‌وه‌ ده‌توانرێت بووه‌ستێنرێت. به‌ دڵنیاییشه‌وه‌، به‌ بوونی پارێزگارێكی كورد له‌ كه‌ركوك، پێم وایه‌ دووباره‌ هه‌ماهه‌نگیی ئه‌منیی باشتر له‌ نێوان داموده‌زگاكانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی له‌ كه‌ركوك هه‌ن، وه‌كو پێش 2014 ده‌توانین هه‌ماهه‌نگییه‌كی باشترمان هه‌بێت و متمانه‌یه‌كی زیاترمان هه‌بێت به‌ یه‌كتر بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئارامی و ئاسایشی كه‌ركوك باشتر بپارێزین. بۆیه‌ دانانی پارێزگارێكی كورد له‌ كه‌ركوك به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كورده‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌كانی تریشه‌، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ ئارامبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ دۆخی گشتییه‌وه‌ ده‌بینرێت و پێم وایه‌ ئه‌و گرژی و ئاڵۆزییانه‌ی پێشتر هه‌بووه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كان به‌ره‌و كه‌مبوون ده‌ڕوات.

- پڕۆژه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ته‌عریب؟

لاهور شێخ جه‌نگی: به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بوونی پارێزگارێكی كورد ده‌توانێت كۆسپێكی گه‌وره‌ بێت له‌ به‌رده‌م هه‌ركه‌س و لایه‌نێك كه‌ بیه‌وێت ته‌عریب بكات له‌ كه‌ركوك.

-ئه‌ی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش بۆ كه‌ركوك هیچ گفتوگۆیه‌ك هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا؟

لاهور شێخ جه‌نگی: پێم وایه‌ ده‌بێت ڕاستگۆ بین له‌گه‌ڵ خۆمان. له‌ ماوه‌ی ڕابردوو بۆ موزایه‌ده‌كردن دژی یه‌كتر، ده‌مانبینی هه‌ندێك له‌ پارته‌ كوردییه‌كان داوای ئه‌وه‌یان ده‌كرد تا ئه‌و كاته‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو كه‌ركوك، هیچ جۆره‌ ڕێككه‌وتنێك ناكه‌ن و زۆر قسه‌ی له‌م بابه‌تانه‌مان بیست. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ڕاستگۆ بین له‌گه‌ڵ خۆمان، ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ قۆناغی پێش په‌لاماری داعش و 2014، پێش 2014 دۆخه‌كه‌ چۆن بوو، دۆخه‌كه‌ وای لێ دێته‌وه‌. پێش ئه‌و كاته‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ناو شاری كه‌ركوك بوونی نه‌بووه‌. ڕاسته‌ ئاسایش به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارێزگار چه‌ند بنكه‌یه‌كیان هه‌بووه‌ له‌ناو شار، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاری كه‌ركوك به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان و حكومه‌تی عێراق ئه‌ركی پارێزگاریكردنیان له‌ چوارده‌وری شاری كه‌ركوك پێ سپێردرابوو. به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ له‌و كاته‌دا ئه‌وه‌ بوو كه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منیی شاری كه‌ركوك به‌ ده‌ستی پۆلیسی محه‌لی بوو. كه‌ ئه‌و كاته‌ ته‌نسیقی باشی له‌شه‌ش مانگی‌ داهاتوو كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتیی ئه‌نجامده‌درێت هه‌بوو له‌گه‌ڵ ده‌زگای ئاسایش و داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان. ئه‌وه‌ وای كردووه‌ كه‌ بوونی داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان و چالاكیمان زیاتر بێت له‌ناو شاری كه‌ركوك. وا ده‌رده‌كه‌وت كه‌ ئێمه‌ له‌وێ بووین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ پێی ده‌ستوور بێت ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ پێش 2014، پێش ئه‌وه‌ی داعش بێت و هێزه‌ عێراقییه‌كان كه‌ركوك جێ بهێڵن. له‌و كاته‌دا پێشمه‌رگه‌ هاته‌ ناو شاری كه‌ركوك.

-پێتان وایه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بتوانێت ڕۆڵی هه‌بێت له‌ درووستكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك؟

لاهور شێخ جه‌نگی: من پێم وایه‌ ئه‌مه‌ ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، كه‌ له‌ ڕێی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ بدات، به‌ڵام له‌ ڕابردوو بینیمان كه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمیش پێی هه‌ڵنه‌ستابێت، داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان خۆیان هه‌وڵیان داوه‌ ڕێگه‌یه‌ك، ده‌رچه‌یه‌ك بۆ پاراستنی كه‌ركوك و دابینكردنی ئارامی و ئاسایشی كه‌ركوك بدۆزنه‌وه‌ و بتوانن له‌گه‌ڵ داموده‌زگاكانی ناو كه‌ركوك هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن. به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ من ده‌توانم له‌ ده‌زگاكه‌ی خۆمانه‌وه‌ باسی بكه‌م، ئێمه‌ ته‌نسیقێكی یه‌كجار زۆرمان هه‌بوو له‌ناو شاری كه‌ركوك و له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاری كه‌ركوك، له‌گه‌ڵ پۆلیسی محه‌لی و داموده‌زگاكانی تر كه‌ له‌ناو شاری كه‌ركوك هه‌بوون و توانیبوومان له‌و ده‌ پانزه‌ ساڵه‌ی ڕابردوو، ئارامییه‌كی باش بۆ كه‌ركوك دابین بكه‌ین.

-دانانی پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك، پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ساڵانی ڕابردوو ڕووی داوه‌ قه‌ره‌بووی بكاته‌وه‌. ئایا وه‌كو یه‌كێتیی هیچ پلانێكتان هه‌یه‌ بۆ چاودێریكردن و لێپرسینه‌وه‌ له‌ پارێزگار و لێپرسراوه‌ ئیدارییه‌كانی تری شاره‌كه‌؟

لاهور شێخ جه‌نگی: من پێم وایه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، مادام ئه‌م شه‌ڕه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌سه‌ر كه‌ركوك و پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك كرد، نابێت ئه‌مجاره‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كه‌مته‌رخه‌م بێت. به‌ تایبه‌تی له‌و خوله‌ی ڕابردوو كه‌ پارێزگاری كه‌ركوك سه‌ر به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی بوو، له‌ دواییدا ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا چه‌نده‌ها كاره‌ساتی به‌سه‌ر كه‌ركوك و یه‌كێتییدا هێناوه‌. ئه‌مجاره‌یان یه‌كێتیی زۆر له‌سه‌ری ده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر به‌ وردی چاودێریی كار و چالاكییه‌كانی پارێزگاری كه‌ركوك نه‌كات. من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م یه‌كێتیی بتوانێت چه‌ندین ڕاوێژكار له‌ بواره‌ جیاوازه‌كان بۆ ئه‌و پارێزگاره‌ دابین بكات بۆ ئه‌وه‌ی تووشی هه‌ڵه‌ نه‌بێت. پێم وایه‌ ده‌بێت چاودێری بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی تووشی هه‌ڵه‌ نه‌بن. پارێزگاری ئه‌مجاره‌ پێویسته‌ كارێك بكات كه‌ جگه‌ له‌ دڵی كوردان، بتوانێت دڵی توركمان و عه‌ره‌بیش به‌ لای خۆماندا ڕابكێشێت. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دانانی پارێزگارێكی كورددا، نه‌ توركمان و نه‌ عه‌ره‌ب، بیر له‌وه‌ نه‌كه‌نه‌وه‌ له‌ دژمان بووه‌ستن.ساڵێكمان داناوه‌ بۆ چاودێریكردنی كاروباری ئه‌وانه‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تیی یه‌كێتیی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌دایان باش نه‌بێت لایان ده‌به‌ین.

-سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت ئه‌مجاره‌ یه‌كێتیی پێش لایه‌نه‌كانی تر توانیویه‌تی كاندیده‌كانی پێشنیار بكات و هاوكات كۆده‌نگییه‌كیش ده‌بینرێت له‌ناو سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتییدا له‌و باره‌یه‌وه‌. ئایا جه‌نابت خوێندنه‌وه‌ت چییه‌ بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ نوێیه‌ی یه‌كێتیی؟

لاهور شێخ جه‌نگی: پێم وایه‌ ئه‌مجاره‌ هه‌موو نه‌یاره‌كانمان تووشی شۆك كرد. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ڕووی دا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و پێكه‌وه‌كاركردنه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ یه‌ك دوو ساڵی ڕابردوو بینیومانه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، جۆرێك له‌ پێكه‌وه‌كاركردن و له‌یه‌كتێگه‌یشتنی زیاتر هه‌بووه‌ له‌ نێوان ئه‌وانه‌ی كه‌ جاران پێیان ده‌گوترا ته‌كه‌توله‌كان. من با لێره‌وه‌ شتێك بڵێم. به‌ ڕاستی هیچ باوه‌ڕم به‌ باڵباڵێن نییه‌ و له‌ ڕابردووشدا ئه‌م قسه‌یه‌م دووپات كردووه‌ته‌وه‌. من نه‌ باڵم هه‌بووه‌ و نه‌ قه‌تیش باڵم ده‌بێت ئیشه‌ڵڵا.

-كاندیدت هه‌بووه‌ بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی ئه‌م كابینه‌یه‌؟

لاهور شێخ جه‌نگی: من هه‌موو یه‌كێتیی به‌ هی خۆم ده‌زانم و خۆشم به‌ هی هه‌موو یه‌كێتیی ده‌زانم. وه‌كو باسم كرد به‌و پێكه‌وه‌كاركردنه‌ی ماوه‌ی ڕابردوومان، توانیومانه‌ به‌سه‌ر كۆسپی زۆر گه‌وره‌دا سه‌ركه‌وتنی زۆر گه‌وره‌ به‌ ده‌ست بهێنین. له‌ دوو هه‌ڵبژاردنی چاره‌نووسسازدا، له‌ عێراق و هه‌رێم، یه‌كێتیی به‌ره‌وپێشچوونی به‌رچاوی به‌خۆوه‌ بینی. هه‌م له‌ دانان و كاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار له‌ به‌غدا بینیمان كه‌ ئه‌و پێكه‌وه‌كاركردن و كۆده‌نگییه‌ی هه‌مانبوو له‌ناو یه‌كێتیی، توانیمان سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ به‌ ده‌ست بهێنین و پۆستی سه‌رۆككۆمار به‌ ململانێیه‌كی قوورس له‌ به‌غدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتیی یه‌كلا بكه‌ینه‌وه‌، له‌ كاتێكدا هه‌م ئێران و هه‌م ئه‌مه‌ریكا هاتنه‌ سه‌ر خه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتیی پاشه‌كشه‌ بكا. له‌م ماوه‌یه‌ی دواییشدا، ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێ كه‌س گره‌وی له‌سه‌ر كردبوو كه‌ یه‌كێتیی ناتوانێت خۆی یه‌كلا بكاته‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیده‌كان، بینیمان به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر و له‌ ماوه‌ی سێ چوار كاتژمێر، له‌ پڕۆسه‌یه‌كی زۆر دیموكراتیدا، توانیمان ناوی كاندیده‌كانمان یه‌كلا بكه‌ینه‌وه‌. ئه‌مه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م پێكه‌وه‌كاركردنه‌ی یه‌ك دوو ساڵی ڕابردووی براده‌رانی ناو یه‌كێتییه‌. دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ باڵباڵێن له‌ناو یه‌كێتیی زۆر كاڵ بووه‌ته‌وه‌. ئێستا من زۆربه‌ی ئه‌و براده‌رانه‌ به‌ كاندیدی خۆم ده‌زانم. ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش دووپات بكه‌مه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و كاندیدانه‌ی خۆیان هه‌ڵبژاردووه‌ داوای پشتیوانییان له‌ من كردووه‌. من پشتیوانیان بووم به‌ ڕاستی. ده‌توانن یه‌ك به‌ یه‌ك پرسیاریان لێ بكه‌ن، كاك قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش، كه‌ به‌ڕێز كاك شێخ جه‌عفه‌ره‌، من پشتیوانی ته‌واوی بووم. ئه‌سڵه‌ن من خۆم پێشنیاری ئه‌وه‌م بۆ كرد كه‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌ربگرێت. به‌ ڕێواز خانه‌وه‌. كه‌ له‌و كاته‌دا ناكۆكییه‌ك هه‌بوو له‌گه‌ڵ بێگه‌رد خان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئێمه‌ به‌ باشمان زانی به‌م شێوازه‌ بێت كه‌ ڕێواز خان بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و بێگه‌رد خان به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ و من سوپاسی ده‌كه‌م له‌به‌ر خاتری یه‌كێتیی، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی په‌سه‌ند كرد. واته‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ڕه‌زامه‌ندیی منی له‌سه‌ر بووه‌ و من هه‌موویان به‌ كاندیدی خۆم ده‌زانم.

-ئایا یه‌كێتیی تا چه‌ند پشتیوانی له‌م كابینه‌یه‌ ده‌كات و ئایا هیچ مه‌رجێكتان هه‌بووه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ كابینه‌كه‌؟

لاهور شێخ جه‌نگی: به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ بڕیاری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌، كه‌ ئێمه‌ به‌ جددی پاڵپشتی ئه‌م حكومه‌ته‌ بین. هه‌روه‌ك باسمان كردووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ برایانی پارتی، یان نایه‌ینه‌ ناو حكومه‌ته‌كه‌ یان ئه‌مجاره‌ كه‌ هاتین ئێمه‌ سه‌داسه‌د پشتیوانێكی سه‌رسه‌ختی ئه‌م حكومه‌ته‌ و كار و به‌رنامه‌كانی ده‌بین له‌ پێناوی خه‌ڵكدا. به‌ڵام مه‌رجیشمان هه‌یه‌، هه‌م وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ڕێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ پارتی كردوومانه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئێمه‌ قبووڵی ناكه‌ین ئه‌م چوار ساڵه‌ی داهاتوو وه‌كو چوار ساڵی ڕابردوو بێت، زۆنی سه‌وز پشتگوێ بخرێت، و هه‌رچی سه‌روه‌ت و سامان و داهاتی ئه‌م ناوچه‌یه‌ هه‌یه‌ ببرێت و له‌ شوێنی تر به‌ كار بهێنرێت. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ مه‌رجمان هه‌یه‌ و لیژنه‌یه‌كی باڵا پێك ده‌هێنین بۆ چاودێریكردنی دۆخه‌كه‌ و ئه‌مجاره‌ ده‌بێت ئیمكانیات بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ زۆنی سه‌وز. هه‌ندێك ده‌سه‌ڵاتی پێویست بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زۆنی سه‌وز بۆ ئه‌وه‌ی كاروچالاكی و داواكاریی هاووڵاتییان هه‌مووی نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ولێر و مامه‌ڵه‌كانیان دوا بخرێت، به‌ڵكوو هاووڵاتییان ئاسانتر بتوانن ئیشوكاره‌ ئیدارییه‌كانیان ڕایی بكرێت. ئه‌مه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ خاڵه‌ ئه‌ساسییه‌كان كه‌ موناقه‌شه‌ی گه‌رموگوڕمان له‌گه‌ڵ برایانی پارتی كردووه‌ له‌سه‌ری و ئێمه‌ چاودێریش ده‌بین و ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین له‌م ساڵانه‌ی ئایینده‌ ئه‌و غه‌درانه‌ی ڕابردوو لا ببرێن و ڕاست بكرێنه‌وه‌.  هه‌وڵ بده‌ین ژێرخانی ناوچه‌ی سه‌وزیش ببووژێنینه‌وه‌ به‌ سلێمانی و گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕاپه‌ڕینیشه‌وه‌. دڵنیاشم وه‌كو یه‌كێتیی، ئێمه‌ چاودێرێكی ورد ده‌بین بۆ چۆنییه‌تی بڕگه‌كانی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له‌ نێوان ئێمه‌ و پارتی هه‌یه‌،ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی پێویست بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زۆنی سه‌وز بۆ ئه‌وه‌ی داواكاریی هاوڵاتیان هه‌موی نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ولێر.

 

-دوو ڕای جیاواز هه‌یه‌ له‌ناو خه‌ڵكدا سه‌باره‌ت به‌ كاندیده‌كانی حكومه‌ت، هه‌ندێك ده‌ڵێن كاندیده‌كانی ئه‌م جاره‌، له‌ ڕووی ته‌مه‌نه‌وه‌، پێگه‌یشتووترن و له‌ ژیانی تایبه‌تیی خۆیاندا ئه‌زموونیان زیاتره‌ و هه‌ندێكی تریش ده‌ڵێن كاندیده‌كان ئه‌زموونی كاركردنیان به‌ گشتی له‌گه‌ڵ ئه‌و بوارانه‌ ناگونجێت كه‌ بۆیان ده‌ستنیشان كراون؟ ئایا یه‌كێتیی هیچ پێوه‌ر و چاودێرییه‌كی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م حكومه‌ته‌ و وه‌زیره‌كانی؟

لاهور شێخ جه‌نگی: سه‌باره‌ت به‌ كاندیده‌كان، پێمان وایه‌ هه‌ندێك جار پێویستی به‌ گۆڕانكاریش هه‌یه‌. من پێم وایه‌ هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كاندید كراون، ئێستا له‌ بواره‌ جیاكاندا هه‌ركه‌سه‌ و ئه‌زموونی هه‌یه‌. ئه‌زموونی ژیانی هه‌یه‌. من پێم وایه‌ ئه‌زموونی ژیان له‌ بواری جیاوازدا زۆر گرنگه‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له‌ كاره‌كاندا له‌و پۆستانه‌ی وه‌ریده‌گرن. به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ ئێمه‌ بڕیارمان داوه‌ چاودێرێكی وردی هه‌موو كاروباره‌كانی كابینه‌كه‌ بین. چاودێرێكی وردی كاروباره‌كانی هه‌موو ئه‌و وه‌زیر و به‌رپرسانه‌ بین كه‌ دانراون. به‌ ته‌مای جێبه‌جێكردنی سزا و پاداشتیشین. ئه‌و سزا و پاداشته‌ی كه‌ ده‌مێك بوو له‌ناو یه‌كێتییدا نه‌مابوو، به‌ڵام كار ده‌كه‌ین بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی و جێبه‌جێكردنی. له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسییش وتراوه‌ كه‌ ئێمه‌ ماوه‌ی ساڵێكمان داناوه‌ بۆ چاودێریكردنی كاروباری ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی یه‌كێتیی ده‌كه‌ن له‌م حكومه‌ته‌دا. له‌ دوای ساڵێك ئێمه‌ ته‌قیمیان ده‌كه‌ین و پێداچوونه‌وه‌ ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر خه‌ڵكانێك ئه‌دایان باش نه‌بووبێت و نه‌یانتوانیبێت كار و چالاكییه‌كانیان به‌ ڕێكوپێكی ڕابپه‌ڕێنن بۆ خزمه‌تكردنی میلله‌ته‌كه‌مان، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ری لابردنی ئه‌م خه‌ڵكانه‌ ده‌بێت.

-با بێینه‌ سه‌ر پرسی كۆنگره‌، هیچ هیوا و پلان و پڕۆژه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ به‌ستنی كۆنگره‌، ئایا ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ده‌توانێت باڵانسێك درووست بكات له‌ نێوان نه‌وه‌ی كۆن و خوێنی تازه‌ی ناو یه‌كێتیی؟

لاهور شێخ جه‌نگی: كۆنگره‌ شتێكی حه‌تمییه‌. بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتیی بتوانێت له‌ ژیانی خۆی به‌رده‌وام بێت ده‌بێت به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌م پێنج شه‌ش مانگه‌ی ئایینده‌، كۆنگره‌ی خۆی بكات. ئه‌گه‌رنا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ تووشی كاره‌ساتی گه‌وره‌ ده‌بێت. كۆنگره‌ش بۆ ته‌سفیه‌ی حسابات نییه‌. كۆنگره‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ بتوانین حزبه‌كه‌مان نوێ بكه‌ینه‌وه‌، خوێنی تازه‌ بهێنین. په‌یڕه‌و و پڕۆگرام و هه‌یكه‌لی حزبه‌كه‌مان بگۆڕین. ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌و پێكه‌وه‌كاركردنه‌ی ئێمه‌ و مانان بكه‌یت له‌ یه‌ك دوو ساڵی ڕابردوو، جیلی كۆن و جیلی تازه‌ به‌ ڕاستی به‌ یه‌كه‌وه‌ هه‌نگاوی باشیان ناوه‌ و لێكتێگه‌یشتنێكی باش درووست بووه‌. من پێم وایه‌ ئه‌وه‌ ده‌توانێت ڕه‌نگ بداته‌وه‌ له‌ناو كۆنگره‌ش. هه‌ندێك له‌ جیلی كۆن بمێنێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ ناشمێننه‌وه‌، به‌ ئاره‌زووی خۆیان یا له‌ كۆنگره‌ ده‌رناچن، پێویسته‌ ڕێز له‌ خه‌بات و ماندووبوونیان بگیرێت و پێگه‌یه‌كیان بۆ دیاری بكرێت كه‌ ڕاوێژیان پێ بكرێت له‌به‌ر ئه‌و ئه‌زموونه‌ی هه‌یانه‌. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ به‌ره‌و كۆنگره‌ ده‌ڕۆین و به‌ ئه‌نجامدانی كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووی یه‌كێتیی، هاوسه‌نگیی هێز بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

- خوێندنه‌وه‌ت چییه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێستای یه‌كێتیی له‌گه‌ڵ پارتی؟

لاهور شێخ جه‌نگی: به‌ داخه‌وه‌ من ده‌ڵێم، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوو په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی و پارتی، هه‌وراز و نشێویی زۆری به‌ خۆیه‌وه‌ بینی و كۆسپی زۆری هاته‌ به‌رده‌م. من لێره‌دا نامه‌وێت بچمه‌ ناو ورده‌كاریی ئه‌وه‌ی كێ به‌رپرسیارێتیی زیاتری ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ یاخود تاوانبارتره‌ له‌ حزبه‌كه‌ی تر بۆ درووستكردنی ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ هاتنه‌ به‌رده‌ممان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری ڕابردوومان بكه‌ین، ڕێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوان یه‌كێتیی و پارتی، خۆشگوزه‌رانیی زۆری بۆ میلله‌ته‌كه‌مان هێنایه‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام له‌ دوایی به‌ داخه‌وه‌ ئیتیفاقه‌كه‌ هاوسه‌نگیی تێدا نه‌ما و هه‌ر ئه‌وه‌ وای كرد ئێمه‌ بگه‌ینه‌ ئه‌م ڕۆژه‌ی كه‌ هه‌ین. من پێم وایه‌ كاركردنی یه‌كێتیی و پارتی پێكه‌وه‌ حه‌تمییه‌ و به‌بێ یه‌ك ناتوانن، له‌ كاتێكدا به‌ تایبه‌تی ده‌بینین ململانێ نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمییه‌كان هه‌مووی له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی ئێمه‌ خه‌ریكه‌ یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر وریا نه‌بین ئێمه‌ و پارتی، كه‌ ئێمه‌ پێش هه‌موو حزبه‌كانی تر به‌رپرسیاری یه‌كه‌مین و به‌رپرسیارێتیی گه‌وره‌مان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌گه‌ر وریا نه‌بین، پێم وایه‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌ش ده‌خه‌ینه‌ ژێر مه‌ترسییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ عاقڵانه‌ ته‌عامول له‌گه‌ڵ یه‌كتری نه‌كه‌ین و خۆمان به‌وه‌ بزانین كه‌ ده‌توانین كۆنتڕۆڵی هه‌موو حزبه‌كانی تر بكه‌ین. گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگیی نێوانمان زه‌روره‌ بۆ به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌م ئه‌زموونه‌ و پاراستنی، بۆ خۆشگوزه‌رانیی خه‌ڵك و باشكردنی ژیانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌ شتێكی حه‌تمییه‌ و ئێستا یه‌كێتیی كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و براده‌رانی پارتیش ده‌بێت به‌ دڵێكی فراوانه‌وه‌ ئه‌وه‌ وه‌ربگرن.

-په‌یوه‌ندیی یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ چ دۆخێكدایه‌؟

لاهور شێخ جه‌نگی: به‌ داخه‌وه‌ ده‌یڵێم، له‌ دوای كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو كاك نه‌وشیروان، هه‌نگاوی باشمان نا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین كه‌ ئیتیفاقه‌كه‌مان جێبه‌جێ بكه‌ین، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ده‌یڵێم كه‌ هه‌م له‌ناو یه‌كێتیی، هه‌م له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌م ده‌ستێكی ده‌ره‌كییش هه‌بوو كه‌ نه‌یهێشت ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ له‌ نێوان بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتیی نیشتمانیی جێبه‌جێ بكرێت. پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكرایه‌ ئێستا نه‌ نه‌تیجه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌م شێوازه‌ ده‌بوو، به‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌، نه‌ هیچ لایه‌نێك ده‌یتوانی خۆی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی تردا. له‌و دۆخه‌ پارتی قازانجی كرد و ئه‌م حزبانه‌ی ئێره‌ هه‌موو زه‌ره‌ریان كرد به‌ گۆڕان و به‌ یه‌كێتییشه‌وه‌. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ شتێكی باش نه‌بوو كه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ جێبه‌جێ نه‌بوو. به‌ڵام ئێستاش من چاوم له‌وه‌یه‌ هه‌وڵ بده‌ین دوای پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ره‌و زیندووكردنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌ كۆنه‌كه‌ بڕۆین یان ڕێككه‌وتنێكی نوێ بكه‌ین. بۆیه‌ له‌ دوای پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌بێت به‌ سه‌ردانی ڕه‌سمیی یه‌كتری، بچینه‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ بۆ ئه‌وه‌ی سلێمانی و ئه‌م ناوچه‌یه‌ زیاتر ئارامی و به‌ره‌وپێشچوون به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت.

-دوا ته‌وه‌ر باسكردنه‌ له‌ بارودۆخی ئه‌منی. هه‌م ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییانه‌ی كه‌ داعش و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان ده‌توانن له‌سه‌ر هه‌رێم و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان درووستی بكه‌ن، و هه‌م ئه‌گه‌ری پێكدادانی ئێران و ئه‌مه‌ریكا؟

لاهور شێخ جه‌نگی: مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێم كۆتاییان پێ نه‌هاتووه‌. ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌قینه‌وه‌ نابێت له‌م شار و شارۆچكانه‌ی كوردستان، مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ هه‌وڵ نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخی ئه‌منیی ئه‌م ناوچانه‌ تێك بده‌ن. من لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێت ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موو هێزه‌ ئه‌منییه‌كانمان بكه‌ین. به‌ هێزه‌كانی ناوخۆ، به‌ هێزی ئاسایش و دژه‌تیرۆر و داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ترمان. كه‌ ئێمه‌ به‌ ڕاستی چه‌ندین ساڵه‌ شه‌ونخوونی ده‌كه‌ین، به‌ڵام ناچین وه‌كو موزایه‌ده‌ به‌ خه‌ڵكی بفرۆشینه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌مه‌ واجبی سه‌رشانی داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌. به‌ سه‌ربه‌رزانه‌ ده‌توانم بڵێم ئێمه‌ توانیومانه‌، به‌ ئیمكانییه‌تێكی كه‌مه‌وه‌، كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم دووچاری قه‌یرانی دارایی بوو، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كاریگه‌ریی كرده‌ سه‌ر داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانیش. به‌ڵام كۆڵمان نه‌دا و شه‌ونخوونیی زۆرمان كرد و له‌ خوا به‌ زیاد بێت، به‌ هه‌وڵ و هیممه‌تی كارمه‌نده‌ دڵسۆزه‌كانی داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان ئێمه‌ توانیومانه‌ تاكو ئێستاش ئارامی و ئاسایشێكی باش به‌رقه‌رار بكه‌ین بۆ هه‌رێمه‌كه‌مان، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ خه‌ڵك ده‌بێت ئه‌وه‌ی له‌به‌ر چاو بێت كه‌ ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ مه‌ترسی نییه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌مان، مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ دوژمنمان نه‌ماوه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ من پێم وایه‌، دوژمنه‌كانمان بۆ تێكدانی ئه‌م ئه‌زموونه‌ زۆرتر بوون له‌ چوارده‌ورمان. به‌ڵام دڵنیاشیان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ پشتیوانیی خه‌ڵك له‌ داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانمان زیاتر بووه‌، و داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانمان له‌ جاران زیاتر وریاتر و به‌ ئه‌زموونتر و به‌ تواناترن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ڕووبه‌ڕووی هه‌ر ئه‌گه‌ر و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ببنه‌وه‌. به‌ دڵنیاییه‌وه‌، ململانێی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكاش چه‌ندین كێشه‌ی تر ده‌هێنێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ مه‌ترسی درووست ده‌كات له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. بۆیه‌ ئێمه‌ دوعا بكه‌ین كه‌ به‌ركه‌وتن نه‌بێت له‌ به‌ینی ئه‌مه‌ریكا و ئێران، چونكه‌ زه‌ره‌ری ده‌بێت بۆ ناوچه‌كه‌مان، زه‌ره‌ری گیانی و بازرگانی و ئابووری و ئه‌منیی ده‌بێت بۆ ناوچه‌كه‌مان. ئه‌و كاته‌ جۆره‌ها گرووپی تری پاشكۆ، ڕه‌نگه‌ ئه‌م لایه‌نانه‌ به‌ كاریان بهێنن بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر گۆڕه‌پان و خاكی كوردستان.

 

1999 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations