باندێكی چوار كەسی لە پێنجوێن دەستگیر كران

12.07.2019

لڤین: 
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێن باندێكی‌ چوار كەسیان دەستگیركرد كە لە بەرامبەر پێدانی بڕێك پارەدا هەڕەشەی‌ كوشتنیان لەهاوڵاتییەك كردبوو.

پۆلیس ئەوەشی راگەیاند: پاش تۆماركردنی‌ سكاڵای‌ یاسایی لەلایەن هاوڵاتی‌ (ح، م، غ) لەسەر كەسێك كە لەرێگەی‌ موبایلەوە هەڕەشەی‌ كوشتن‌ و تەقەلێكردنی‌ لێكردووە لەماڵ‌ و دوكانەكەی‌ كە ئەگەر بڕی‌ 10 هەزار دۆلاری‌ پێنەدا، دوای‌ وەرگرتنی‌ وتەی‌ سكاڵاكار و بڕیاری‌ دادوەر، مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێن لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد و زانیاری‌ وردیان لەسەر تۆمەتبار كۆكردەوە.

پۆلیس ئەوەشی ئاشكرا كرد لە رۆژی چوار شەممە لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێن‌ بە هاوكاری‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوانی‌ سلێمانی توانرا خاوەنی‌ موبایلەكە بدۆزرێتەوە كە تۆمەتبارێكە بەناوی‌ (س، ح، س) و لە شاری‌ سلێمانی‌ دەستگیركرا.

ئەو تۆمەتبارە لەلای پۆلیس دانیبەوەداناوە كە سێ كەسی‌ دیكەی‌ لەگەڵدایە و هاوكارییان كردووە لە هەڕەشەكردن لەو كەسە ودواتر كەسێكیتریان بەناوی  (ی، ع، ق) لەشاری‌ سلێمانی‌ دەستگیر كرا و هەردو تۆمەتبار (ج، ع، ق - د، ن، ئـ) لەقەزای‌ پێنجوێن‌ و لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێنەوە دەستگیركران، لەئێستادا هەر چوار تۆمەتبارەكە بەبریاری‌ دادوەر راگیراون‌ و لەلایەن بەشی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێنەوە پەڕاوی‌ لێكۆڵینەوەیان بۆ رێكخراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

800 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations