تیمەكەی یەكێتی لە حكومەت بێ بەریە لەگەنج

یەكێتی بە بونی كادیری گەنج و لێهاتوو ناسراوە

12.07.2019

لڤین: كۆچەر عەزیز

تیمی یەكێتی لە حكومەتی نوێ هەرێمی كوردستاندا لەلایەن بەشێك لە كادر و سەركردەكانی حزبەكەیەوە روبەڕوی رەخنە بووەتەوە و باس لەوە دەكرێت كە ئەو تیمە تیمی سەركردایەتیە نەك هەموو یەكێتی لەبەر ئەوەی بۆ دیاری كردنیان سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی زۆرتر لەناو سەركردایەتی و بەرپرسەكاندا خەڵكی هەڵبژاردووە. 

رۆژی ١٠-٧-٢٠١٩ كاندیدی حزبەكان بۆ كابینەی نۆیەمی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان متمانەیان پێدرا، تیمی یەكێتی لە 7 كەس پێكهاتبوون كە كاندیدێكیشیان بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم هەیە، بەڵام تا ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی رانەگەیەندراوە. 

لەدوای راگەیاندنی كاندیدەكانی یەكێتی سەرنج لەسەر كاندیدەكان دروست بوو كە بەشێك لە كادرانی ئەو حزبە باسیان لەوە كرد كە رۆڵی گەنج تیایدا كەمبووەتەوە، لەو بارەیەوە ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بە (لڤین پرێس)ی راگەیاند، هەموو كاندیدەكانی یەكێتی بۆ حكومەت بە دەنگی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردراون، لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و  كادیری ناوەندی تێدایە.

محەمەد وەتمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، وتی:  ئەو كەسانە كفریان نەكردوە كە چوونە حكومەت، یەكێتی دەیان كەسی دیكەی بەتواناشی تێدایە، بەڵام ئەوانە حەقیانە و دەبێت بچن بۆ حكومەت.

تیمی یەكێتی لە دابەشكاری پۆستەكاندا پێكهاتوون لە 6 وەزیر و جێگری سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان. 

كفریان نەكردوە كە چوونە حكومەت، یەكێتی دەیان كەسی دیكەی بەتواناشی تێدایە، بەڵام ئەوانە حەقیانە

هێرش رەسوڵ، كوڕی شەهید و كادیری گەنجی یەكێتی بە (لڤین پرێس)ی راگەیاند: دیاریكردنی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لەسەرئاستی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكلایكراونەتەوە، بێ گەڕانەوە بۆ ڕێكخستنەكانی یەكێتی ڕاستە بەرپرسی مەڵبەندەكان ئەندامانی سەركردایەتین، بەڵام هیچ رایەكی ڕێكخستنەكانی خۆیانیان پێ نەبوەو لەناو مەڵبەند و كۆمیتەكان هیچ پێشنیارێكی مەكتەبی ڕێكخستنییان بۆ نەهاتوە سەبارەت بەهیچ یەكێك لەكاندیدەكان.

ئەو كادیرە گەنجە باسی لە هۆكارەكانی سەركەوتنی یەكێتی لە دوو هەڵبژاردنی هەرەدوایی كرد كە هۆكارەكەی گێڕایەوە بۆ سەرپەرشتی كردنی گەنجەكانی یەكێتی و  رونیشیكردەوە: تائێستا مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی هیچ ڕونكردنەوەیەكیان نەداوە بۆجەماوەر ئایا لەسەر چ میكانیزمێك كاندیدەكان دیاریكراون، خوی "ئەصڵ" وابو كۆمەڵێك خاڵ دابنرایەو كۆمەڵێك مەرج دابنرایە و لەسەرئاستی مەڵبەندەكان سیڤی وەرگیراباو بەپێی خاڵ و پێویستی ناوچەكان كاندیدەكان دیاری كرابان، نەك ئەوەی مەركەزی لەسەرەوە بڕیار بدرێت.

لەو تیمەی یەكێتی لە حكومەتی بەركەوتەی نوێدا دیاری كردووە لە رووی تەمەنەوە گەنجترینیان بێگەرد تاڵەبانیە كە كراوەتە وەزیری كشتوكاڵ و لە ساڵی 1978دا ە دایك بووە، كە تەمەنی 41 ساڵە، لە دوای ئەویش جێگری سەرۆكی حكومەت كە تەمەنی 42 ساڵە. 

عەباس فەتاح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە فراكسیۆنی سەوز بە (لڤین پرێس)ی راگەیاند: ئەو كەسانەی یەكێتی كاندیدی كردون بۆ پۆستە وەزارییەكان هەمویان كاندیدی بەتوانان و شارەزان لە بەڕێوەبردندا، خۆ یەكێتی ناچێت كەسێك كاندید بكات لە ناو بازاڕەوە بیهێنێت.

دیاریكردنی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لەسەرئاستی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكلایكراونەتەوە، بێ گەڕانەوە بۆ ڕێكخستنەكانی یەكێتی

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستە وەزارییەكان گەنجی تێدایە خوێندەواری تێدایە، هەموو جۆرە پسپۆرێك و شارەزاییەكی باشیان هەیە، لەو بوارەی خۆیدا كە بۆی كاندید كراوە، بۆ نمونە وەزیری رۆشنبیری شارەزاییەكی باشی لە نوسیندا هەیە، وەزیری پێشمەرگە یەكێكە لە هەرە تێكۆشەرەكانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان، وەزیری پلاندانان گەنجیكە شارەزایی هەیە لە وەزارەتەكان.

هەرچەندە یەكێتی بۆ رێكەوتنی و بەشداربون لە حكومەت ماوەیەكی زۆری ویست تا رێكەوتنی ئەنجامدا، بەڵام بەشێوەیەكی خێرا كاندیدەكانی خۆی یەكلایی كردەوە و لە كاتی یەكلایی كردنەوەشیدا چەند كاندیدێك گۆڕانكاریان بەسەردا هات، بەڵام ئەو حزبە شانازی دەكات بەوەی كە بەشێوەیەكی خێرا كاندیدەكانی یەكلایی كردووەتەوە، هەرچەندە رەخنەیەكی زۆر لە كادیرەكانی حزبەكەش دروست بووە. 

ژوان ئەحمەد، كادیرێكی تری یەكێتیە و لەناو راگەیاندنی ئەو حزبە كار دەكات، ئاماژە بەوە دەكات هەر بە پێكهاتەی ئەم تیمەی یەكێتی لە كابینەی نوێ دەردەكەوێ كە نەگەراونەتەوە بۆ رێكخستنەكان، چونكە لە كابینەی پێشوو لە هەموو پارێزگا‌و ناوچەیەك، یەكێتی كەسێكی دیاریكردبوو بۆ وەزارەت، بەڵام ئەم جارە نە لە بادینان، نە لە گەرمیان، وەزیریان پێنەدرا كە ئەمە هەڵە بوو بەسەریاندا تێپەڕی.

لەو تیمەی یەكێتی لە حكومەتی بەركەوتەی نوێدا دیاری كردووە لە رووی تەمەنەوە گەنجترینیان بێگەرد تاڵەبانیە كە كراوەتە وەزیری كشتوكاڵ

ناوبراو وتیشی "پێموانیە جگە لە پێوەر‌و بنەمای تەكەتول هیچ بنەمایەكی تر كرابێت بە پێوەر بۆ كاندیدەكان، چونكە ئەگەر بنەمای ئەكادیمی بێت ئەوا سی ڤی بەشێك لەوانەی دانەنراون باشتر‌و ئەزمونی زیاتر تیادابوو وەك لەوانەی دانراون، ئەگەر بنەماش هەر یەكێتی بون بێت ئەوا بەشی هەرە زۆری ئەوانەی دانەنراون لە بەشێك لەوانە دڵسۆزتر‌و ماندوترن كە دانراون".

پێموانیە جگە لە پێوەر‌و بنەمای تەكەتول هیچ بنەمایەكی تر كرابێت بە پێوەر بۆ كاندیدەكان، چونكە ئەگەر بنەمای ئەكادیمی بێت ئەوا سی ڤی بەشێك لەوانەی دانەنراون باشتر‌و ئەزمونی زیاتر تیادابوو وەك لەوانەی دانراون

ئەو رەخنە لە هەندێك لە كاندیدەكانی حزبەكەی خۆشی دەگرێت كە لە رابردوودا "دژی یەكێتی بون‌و رۆژانە سوكایەتیان بە هەست‌و ویژدانی یەكێتیەكان‌و مام جەلال دەكرد كە پیرۆزە لای یەكێتیەكان".

كادرەكەی یەكێتی رونیشیكردەوە "یەكێتی هەمیشە بەوە ناسراوە كادری گەنجی رۆشنبیر‌و لێهاتوی هەیە بۆیە كێشە لەوەدا نیە كە یەكێتی كادری نیە تا خەڵك چەند جارێك پۆست وەربگرێـتەوە، بەڵكو كێشەكە لە هێڵی بەرژەوەندیەكانی ناو یەكێتی‌و بەرژەوەندی كەسەكانی ناو یەكێتی یە لە حكومەت، بەداخەوە هەم تیمەكە لە ئاستی پێویست نیە هەم لە ئاستی چاوەروانی‌و پێشبینی یەكێتیەكانیش نیە بۆیە دەبینین كە زۆر لە مەڵبەند‌و كادرەكان نارەزایی دەردەبڕن".

سیڤی تیمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان: 

593 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations