لامەركەزی و كۆتایی ستەم

عەتا کەریم
21.11.2020

سلێمانی بەهۆی جموجۆڵە سیاسیی و رۆشنبیریی و ئەدەبییەكانی هەم لە مێژووی رابردوویدا، هەمیش لە ئێستادا، جوڵەیەكی بەردەوامی زیندوێتی پێدەبەخشێت، بۆیە ئەمشارە هەمیشە جێی سەرنج و باسكردنە.

سلێمانی شارێكە لە كایەی سیاسیی و خەباتكردندا بێئۆقرە بووە، هەمیشە نارەزایی لە ناخی شەقامدا قوڵپ دەدات، بۆیە بەزەحمەت دەچێتەسەر ریتمێك كە خۆی خاوەنی نەبێت، جا ریتمەكە سیاسیی یان شۆڕشگێریی یان هەر بزاوتێكی دیكەی روناكبیریی و رۆشنبیریش بێت.

 بۆ شارە حەیاتەکە گرنگە لەمپەرەكانی بەردەم سستبوونی جموجۆڵەكانی لاببرێن، یاخود ئاستەنگی ئەنقەست و بێمەبەستی بۆ دانەنرێت بەتایبەتی لە سەردەمی حوكمڕانی خۆماڵیدا، كە سلێمانی بخرێتە كەوانەی غەدر لێكردنەوە، كە هاونیشتمانییەكانی تۆرەو نیگەران بكەن، یان دووراییەكانی دەسەڵاتدار و حوكمڕان و زۆرێك لە سیاسییەكانیش لەگەڵ خۆیان و سلێمانی لە سەرجەم كەرتەكاندا دروست بكەن.

سلێمانی، خەسڵەتێكی بنچینەیی بەهێزی كۆمەڵایەتی هەیە دوو سەدە  و36 ساڵی لێی دانەبڕاوە ، كە دەتوانێت هێزی قبوڵكردنی مەزهەب و پێكهاتەی جیاوازی هەبێت، ئەمەش ناسنامەیەكی قوڵی پێكەوەژیان و قەبوڵكردنی فرەیی هەبێت، لەم دەرچەیەشەوە رووبەری ئازادی و ئازادیی سیاسیی گەشە و نما دەكات، بەڵام گرنگە ئەمە بەزیان بۆ خەسلەت و ناسنامەكەی نەكەوێتەوە و ئەمشارە نەكەوێتە نیوان بەرداشی ناقۆڵاوە بۆ هاڕینی جوانییە سیاسیی و كۆمەڵایەتی و ئازادییەكانی، كە ئەمە دەبینرێن و سزای سیاسیی شارەكە و هاو شارییەكانی دەدرێت، ناتۆرەی ئیرهابی فكریی نمونەیەكە بە پەنجەی سیاسیی!.

سلێمانی لە ئێستای حوكمڕانی هەرێمدا لەژێر تایتڵی پایتەختی روشنبیریی و كلتوریدا دەچەوسێنرێتەوە، هێشتا بناغەی ئەو پایتەختبوونەی نییە و ستراتیژی دوورخایەنیشی نەخراوەتەڕوو، كە دەبێتە قۆناغ بەقۆناغ هەنگاوی بۆ بنرێت، نەك هەنگاوەكان بە ئاراستەی پاشەكشە بن، شارێك بێت بەتاڵ لە سینەمای هاوچەرخ، لە هۆڵی ئۆپێرا، لە ناوەندی ئەدەبی و رۆشنبیری ئەكتیڤ و بەرچاو، بۆیە ئەگەر بەراوردی چالاكی هاوشارەكانی دیكەی هەرێمی بكەین لە رووی چالاكییەوە، ئەوا جیاوازی لەگەڵ دهۆك و هەولێردا نییە، بگرە چالاكی كردنەوەی كتێبخانەی و ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی زیاتریش لەوێ دەكرێن، ئەوانەی لەم پایتەختە رۆشنبیرییە دەكرێن، ئەوانەن بەبێ ئەو ناسنامەیەش هەر دەكرێن!.

گرنگترین هەنگاو كە بۆ سلێمانی و پارێزگاكانی دیكەش بایەخدارە و لەو هاڕین و چەوساندنەوەیە دەربازیان دەكات، پەیڕەوكردنی سیستمی لامەركەزییە، تاوەكو پارێزگاكانی هەرێم سەربەسەنتەری داهات و دارایی و بڕیاردانی خۆیان بن، كە گرنگترینیان سەرچاوەكانی داهات و نەوت و گازە، كە بەم جۆرە سیستمە مەركەزییەی ئێستا ئەم شارە بە فەرامۆشی سپێردراوە، بەجۆرێك لەرووی دەستكەوتنی سەرچاوەكان فرەیە و زۆر بە حكومەت دەبەخشێت و زۆركەمی پێدەدرێتەوە كە هاوسەنگ نییە بەبەراوردی رەوتی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی هەمەلایەن، كە سەرەكیترینیان كەرتی بازرگانی و پیشەسازیی و كشتوكاڵە، كە سلێمانی پێویستی پێیەتی هاوكاری بكەن لە خستنەسەرپێی وەك پایتەختی رۆشنبیریی.

گرنگیشە لە كابینەكانی دیكەی هەرێمدا تایبەتمەندی پایتەختی رۆشنبیریی سلێمانی لەبەرچاوبگیرێت و وەزارەتی رۆشنبیریی لەم پایتەختە بێت، سلێمانی بەجۆرێك بێت جێی شانازیی هەموان بێت، بۆیە بۆ ئەو ئەركەش كاری هەموو لایەنەكانی دەوێت، كە شەڕی لامەركەزیەت بخەنە سەرگۆڕەپانی ململانێی شەریفانە، تاوەكو سلێمانی بیباتەوە و پێشەنگ بێت بۆ خێری شارەكانی دیكەی هەرێم.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations