حیزبی كوردى له‌ كوێی خواستی نه‌ته‌وه‌دایه‌؟؟!!

عەتا قەرەداغی
06.07.2019

حیزب دامه‌زراوه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی یان كۆمه‌ڵگه‌ى شاره‌، هه‌روه‌ك حیزب له‌ رووى راستیه‌وه‌ ئامرازه‌ بۆ گه‌یاندنی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ ئامانجه‌كانی له‌ ماف، ئازادى كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ سایه‌ى دیموكراتیدا ده‌بێت. به‌و پێیه‌ هه‌ر حیزبێك به‌رنامه‌ى دیموكراسی و ئازادى نه‌بێت ناتوانێت له‌ خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌دا بێت. حیزبی كوردى كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا جێگره‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى خێڵه‌، ده‌بێ بۆ رابه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وایه‌تی كوردى پێكهاتبێت و هه‌ڵگرى گوتارى ئازادى و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بووبێت، به‌ڵام له‌ رووى راستیه‌وه‌ وانه‌بووه‌و تاوه‌كو ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێـت هیچ حیزبێكی كوردى هه‌ڵگرى گوتارى نه‌ته‌وه‌یی نیه‌، چونكه‌ گوتارى نه‌ته‌وه‌یی كاتێك بوونی ده‌بێـت كه‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی پێكبێت. ئه‌گه‌ر حیزب له‌ كوردستان هه‌ڵگرى گوتارى نه‌ته‌وه‌یی بوایه‌، ئه‌وا پرۆژه‌ى یه‌كێتی و یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بوو. هیچ حیزبێك نیه‌ له‌ كوردستاندا به‌ راستی پرۆژه‌ى یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت، واته‌ هه‌موو ئه‌وه‌ى حیزبه‌كانی كوردستان له‌باره‌ى یه‌كبوون و یه‌كگرتن و پێكه‌وه‌ كاركردندا ده‌یڵێن، بێجگه‌ له‌ درۆى گه‌وره‌و فریودانی خه‌ڵك هیچی تر نیه‌. به‌ڵكو حیزبی كوردى له‌ رووى واقیعیه‌وه‌ به‌رنامه‌ى دابه‌شكردن و په‌رتكردنی زیاترى ریزه‌كانی نه‌ته‌وه‌یان هه‌یه‌. واته‌ راسته‌خۆ كۆى حیزبه‌كانی كوردستان دژى به‌رنامه‌و پرۆژه‌ى نه‌ته‌وایه‌تی كوردین و له‌ رووى كارو هه‌نگاونانیانه‌وه‌ یارمه‌تیده‌رو هاوكارى پرۆژه‌ى دابه‌شكردنی زیاترو مانه‌وه‌ى كوردن به‌ پارچه‌پارچه‌یی و به‌ دابه‌شكراوى چونكه‌ نیو سه‌ده‌ زیاتره‌ جه‌ماوه‌رى خه‌ڵكی كوردستانیان به‌ كێشه‌ خێڵه‌كی و تاكه‌كه‌سی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌كانیانه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌.. 
حیزبی كوردى له‌ ماوه‌ى حه‌فتا ساڵی رابردوودا چی ده‌ستكه‌وتێكی بۆ نه‌ته‌وه‌ هه‌بووه‌؟ ئێمه‌ ده‌زانین كورد كێشه‌یەكی هه‌یه‌ ئه‌ویش كێشه‌ى نه‌ته‌وایه‌تیه‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ش پێویستی به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتوو هه‌یه‌ تا بیگه‌یه‌نێت به‌ مافه‌كانی خۆى

 
حیزبی كوردى له‌ ماوه‌ى حه‌فتا ساڵی رابردوودا چی ده‌ستكه‌وتێكی بۆ نه‌ته‌وه‌ هه‌بووه‌؟ ئێمه‌ ده‌زانین كورد كێشه‌یەكی هه‌یه‌ ئه‌ویش كێشه‌ى نه‌ته‌وایه‌تیه‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ش پێویستی به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتوو هه‌یه‌ تا بیگه‌یه‌نێت به‌ مافه‌كانی خۆى. بزووتنه‌وه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ش ده‌بێ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ بێ جیاوازى به‌شدارى تێدا بكات. با گریمانه‌ى ئه‌وه‌ دابنێین كه‌ هیچ حیزبێك له‌ كوردستاندا درووست نه‌بوایه‌، ئایا بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وایه‌تی درووست نه‌ده‌بوو؟ ئاشكرایه‌ بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وایه‌تی به‌رهه‌می سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ست و هوشیارى نه‌ته‌وه‌ییه‌ لاى هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك.
 
بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یی بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌رییه‌و له‌ گه‌وهه‌ردا هه‌ڵگرى پرۆژه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌ كه‌ بریته‌یه‌ له‌ رزگاریى نیشتیمانی و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ها به‌ بێ حیزب درووست بوو، ئه‌وا بێگومان ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ ناوخۆیدا سه‌ركردایه‌تی بۆ خۆى پێكده‌هێنێت. به‌ڵام ئه‌ى حیزب چی كردووه‌ له‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كورد؟ بێگومان حیزب كوردى پارچه‌ پارچه‌ كردووه‌. یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی تێكداوه‌. جه‌ماوه‌رى په‌رت و بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. شه‌ڕى ناوخۆى دوورو درێژو خوێناوى هه‌ڵگیرساندووه‌و دوژمنایه‌تی له‌ نێو ریزه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا درووست كردووه‌. متمانه‌ى جه‌ماوه‌رى به‌یه‌كتر دۆڕأندووه‌. له‌سه‌رووى هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ ئاشی راگه‌یاندن و پڕوپاگه‌نده‌و درۆو ده‌له‌سه‌ى حیزبی كوردى به‌رده‌وامه‌ له‌ فریودانی جه‌ماوه‌رو گه‌وجاندنیان. حیزبی كوردى هه‌مان ئه‌و دروشمه‌ى ئیمپریالیزم به‌رامبه‌ر به‌ جه‌ماوه‌رى كورد پیاده‌ ده‌كات، كه‌ ده‌ڵیت" په‌رتكه‌و زاڵبه‌" ئه‌مه‌ش روانێنیكی نه‌یارانه‌ له‌ پشتیه‌وه‌یه‌تی. كه‌واته‌ به‌ ساده‌یی ده‌توانین له‌ رووى ماناوه‌ بڵێین حیزبی كوردى له‌ رووى ادبه‌شكردن و زیاتر لێك په‌رتكردنی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ رۆڵی ئه‌وانی نه‌یارانی كورد ده‌بینێت.

 ئه‌گه‌ر وانیه‌ ئه‌ى خێره‌ ئه‌م نوخبه‌ سیاسیه‌ حیزبیه‌ى كوردستان ناتوانن له‌سه‌ر بچووكترین شت رێكبكه‌ون؟ ناتوانن هیچ رێكه‌وتن و سه‌وداگه‌رییه‌ك بكه‌ن؟ ناتوانن هیچ له‌یه‌كتر قبوڵ بكه‌ن؟ به‌رده‌وام خه‌ریكی چه‌له‌حانێ و یه‌كتر ته‌خوین كردنن. به‌رده‌وام درۆ له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كه‌ن و سه‌رى زمان و بنی زمانیان خه‌ڵك و نه‌ته‌وه‌یه‌. ئه‌گه‌ر خه‌ڵك و نه‌ته‌وه‌یان له‌ بیربوایه‌ پێكه‌وه‌ ده‌گونجان. به‌رده‌وام ده‌بینرێن له‌ به‌رده‌می یه‌كتردا عه‌نیدو ملهوڕو پاڵه‌وانن. له‌به‌رده‌م ئه‌وانی بێگانه‌شدا وێنه‌كه‌ روون و ئاشكرایه‌و بینیوومان چه‌ند بچووك و بسته‌باڵان. ئایا ئه‌م حیزبانه‌ى كوردستان حیزبن له‌ پێناوى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه‌و نیشتیماندا یان حیزبن له‌ پێناوى كوشتنی هه‌موو به‌هاكانی نه‌ته‌وه‌و رووخاندنی نیشتیماندا؟ به‌ڵێ حیزبی كوردى له‌ ئێستادا حیزبی تاڵانكه‌رى سامانی نه‌ته‌وه‌یی و روخێنه‌رى به‌ها ئه‌خلاقی و نیشتیمانیه‌كانه‌، حیزبی تێكده‌رى یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌، حیزبی بكوژى راستگۆیی و هه‌موو به‌هایه‌كی جوانیه‌، حیزبی درۆو فریودانه‌، حیزبی بكوژى ئاینده‌ى نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانه‌، چونكه‌ دژى یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌و خوازیارى زیاتر دابه‌شكردنی نیشتیمانه‌. بۆیه‌ ئاشكرایه‌ تا ئه‌م جۆره‌ حیزبه‌و تا ئه‌م نوخبه‌ سیاسیه‌ له‌ كوردستاندا بمێنێت، گه‌یشتن به‌ ئاینده‌ى گه‌ش بۆ كورد جێگاى گومانه‌. 

بێگومان كاتێ باسی حیزبی كوردى ده‌كه‌ین هه‌موو به‌رپرسیارێتیه‌ك ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى نوخبه‌ى سیاسی به‌رپرس و ئه‌و بازنه‌ داخراوانه‌ى كه‌ سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان پێكده‌هێنن. هه‌رمی حیزب كه‌ بریتیه‌ له‌ ئه‌ندامانی حیزب و جه‌ماوه‌رى حیزب، ئه‌وانیش هه‌مان شێوه‌ى به‌شه‌كانی ترى كۆمه‌ڵگه‌ قوربانی ده‌ستی سیاسی و دیدى حیزبیی ئه‌و نوخبه‌ سیاسیه‌ن كه‌ بڕیارى حیزبی كوردییان له‌ ده‌ستدایه‌

 
بێگومان كاتێ باسی حیزبی كوردى ده‌كه‌ین هه‌موو به‌رپرسیارێتیه‌ك ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى نوخبه‌ى سیاسی به‌رپرس و ئه‌و بازنه‌ داخراوانه‌ى كه‌ سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان پێكده‌هێنن. هه‌رمی حیزب كه‌ بریتیه‌ له‌ ئه‌ندامانی حیزب و جه‌ماوه‌رى حیزب، ئه‌وانیش هه‌مان شێوه‌ى به‌شه‌كانی ترى كۆمه‌ڵگه‌ قوربانی ده‌ستی سیاسی و دیدى حیزبیی ئه‌و نوخبه‌ سیاسیه‌ن كه‌ بڕیارى حیزبی كوردییان له‌ ده‌ستدایه‌. به‌ مانایه‌كی تر جه‌سته‌ى حیزب و جه‌ماوه‌رى حیزبیش هه‌ر بریتین له‌ كۆى خه‌ڵكی كوردستان كه‌ ئه‌وانیش هه‌ندێجار خراپتر له‌ جه‌ماوه‌رى ده‌ره‌وه‌ى حیزب زه‌ره‌رمه‌ندى ده‌ستی سیاسه‌تی خراپی سه‌ركردایه‌تی حیزبی كوردین. ئێستا ئاشكرایه‌ حیزبی كوردى نه‌ك هۆكارى یه‌كێتی و یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌یی نیه‌ به‌ڵكو هۆكارى پشێوى و نائارامی و ناسه‌قامگیریه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیداو ته‌نانه‌ت ناكۆكیه‌ حیزبیه‌كان شۆڕبوونه‌ته‌وه‌ بۆ ناو پێكهاته‌ى خێزان و بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن ئه‌و یه‌كه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ش هه‌ڵبووه‌شێننه‌وه‌. كه‌واته‌ حیزبی كوردى ئاراسته‌جوڵه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا پێچه‌وانه‌ ده‌كاته‌وه‌. ئاراسته‌ى په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ خێزانه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌ته‌. به‌ڵام حیزبی كوردى له‌ ستراتیژى خۆیدا نه‌ك به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی و درووستكردنی ده‌وڵه‌ت هه‌نگاو نانێت به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێتـه‌وه‌ بۆ دواوه‌ تا یه‌كه‌ى خێزانیش هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌. لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌رچۆن كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى له‌ رووى په‌ره‌سه‌ندنه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ئاساییه‌كان، حیزبی كوردیش له‌برى بوون به‌ ئامراز له‌ پێناوى ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیدا خۆى ئامانجه‌و هه‌موو ئه‌وانی تر ده‌كوژێت و ده‌ڕوخێنێت بۆ ئه‌وه‌ى خۆى بژى.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations