کێ قەرزەکانی هەرێم دەداتەوە ؟!

هونەر تۆفیق
23.08.2019

قەرزە دەرەکی و ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان نزیک دەبێتەوە لە ٣٠ ملیارد دۆلار . لەگەڵ ئەوەدا کە دیارنیە بڕێکی زۆری ئەو قەرزە کەڵەکەبووە زەبەلاحە بۆچی کراوە و چی لێهاتووە ، چۆنیەتی دانەوەشی لەوە قورسترە نەک هەرێمی کوردستان ، تەنانەت بەغداش بەرگەی بگرێت . لە ئەگەری ڕێککەوتنی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا , هێشتا عێراق ناتوانێت بچێتە ژێرباری ئەو قەرزانەوە . 

حکومەتی بەغدا خۆی لەژێر بارگرانی ١٠٠ ملیارد دۆلار قەرزدایە . بڕی ٤٠ ملیارد دۆلاری ئەو قەرزانەیە کە لەپاش کۆنگرەی پاریس زۆرینەی ئەو وڵاتانەی قەرزیان لای حکومەتەکەی سەدام حسێن بوو ، بە ڕێژەی لەسەدا هەشتای قەرزەکانیان خۆش بوون . بەڵام سعودیەی عەرەبی و کوەیت لە قەرەبووی زیان و قەرزەکانیان بەسەر عێراقەوە خۆش نەبوون ، کردیان بە قەرزی درێژخایەن , دەبێت عێراق ئەو ٤٠ ملیارد دۆلارە خەمڵێنراوە بداتەوە بە کوەیت و سعودیە . هەروەها لەشەڕی داعشدا عێراق ١٦ ملیارد دۆلار قەرزی دەرەکی کردووە. حکومەتی بەغدا بڕی ٤٤ ملیارد دۆلاریشی لە بانکی ناوەندی عێراقی قەرزکردووە کە کۆی هەموویان دەکاتە ١٠٠ ملیارد دۆلار . لەحاڵێکدا عێراق خۆی لە قەیرانی پێدانەوەی قەرزکانیدایە , لەژێر فشاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتیشدایە بۆ ئەو پێشنیارە ئیجباریانەی لەسەری دایناوە ، وەک کەمکردنەوەی خەرجی و پشتیوانی لە نرخی وزە و کەرتی تەندروستی و پاشەکەوت لە کەمکردنەوەی فەرمانبەرە حکومیەکاندا ، دەنا ئەو سندوقە هەموو مینحە ( بەخشینە) کانی بۆ عێراق ڕادەگرێت کەلەم کاتەدا لەپاش کۆتایی جەنگی داعش ، عێراق زۆر پێویستی بەو مینحانەیە بۆ ئاوەدان کردنەوەی ئەو دەیان شارەی لە ئەنجامی جەنگەکەوە وێران بوون . لەلایەکی دیکەوە عێراق لە ژێر فشاری ئێراندایە بۆ پەیداکردنی دۆلاری ئەمریکی بۆ ئێران تا ئابووریەکەی پێ ڕابگرێت . هەموو ئەمانە بانکی ناوەندی عێراق و حکومەتی بەغدا ناچاردەکات ئەگەر حکومەتی هەرێم هەموو نەوتەکەشی ڕادەست بکات بەڵام نەتوانێت بچێتە ژێرباری قەرزەکانی هەرێمەوە . 

حکومەتی هەرێم بەشێک لە قەرزەکانی پێشەکی فرۆشی نەوت و غازن بە تورکیا و وڵاتانی تر . ئەگەر لەپێناو وەرگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەغداوە بەناچاری نەوتەکەی تەسلیمی بەغدا بکات ، ئەوا ئەو وڵاتانەی پێشەکی پارەی نەوتیان داوە بەهەرێم ناچاردەبن گێچەڵ بەهەرێم بکەن لەبەر ئەوەی پارەکەیان پێشەکی داوە و نەوتەکەش وەرناگرن . 

ئەم گرێکوێرەیەی قەرزەکانی هەرێم زەحمەتە لە بەغداش بکرێتەوە . چونکە دەبێتە هۆی زیادکردنی قەرزەکانی سەر حکومەتی بەغدا کە مەترسی ئەوەیان هەیە بەهۆی قەرزەکانی هەرێمەوە بانکی ناوەندی خاڵی بێتەوە لە دراوی دۆلاری پاشەکەوت کراو کە لەئێستادا بڕەکەی هەر هێندەی قەرزەکانی هەرێمە . لەو حاڵەتەدا دیناری عێراقی پشتیوانیەکەی لەلایەن بانکی ناوەندەوە نامێنێت و مەترسی ئەوەی لێدەکرێت لەبەرانبەر دۆلار و دراوەکانی تردا نرخەکەی بەجۆرێک دابەزێت عێراق توشی مایەپوچی بکات . 

تەنیا رێگاچارە لەبەردەم حکومەتی هەرێمدا پێدانی بڕێک لە نەوتەکەیەتی بە بەغدا ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کە ئەویش ئەگەر بەغدا بەو بڕە رازی ببێت ، برەکەی تر کە لەتوانایدابێت بەرهەمی بهێنێت ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ترە بۆ پێدانەوەی قەرزەکانی . لەم حاڵەتەشدا حکومەتی هەرێم لەتوانایدا نابێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ( زیاتر لە دەساڵ ) سەرخان و ژێرخانی ئابووری و ئاوەدانی پەرەپێبدات و دۆخە دارایی و ئابووریەکەی هەر وەک ئێستا دەمێنێتەوە و باجەکەشی هاوڵاتیانی هەرێمەکە دەیدەن .

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations