كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمهدى له‌ به‌رده‌م ئالنگارییه‌كاندا

بورهان شێخ رەوف
17.09.2019

ئه‌گه‌رچى كابینه‌كه‌ى  د. عادیل عه‌بدولمهدى هێشتا ساڵى یه‌كه‌مى ته‌مه‌نى حوكمڕانى  ته‌واو نه‌كردووه‌ ، ئومێد و ئاواتێكى گه‌وره‌ى له‌ سه‌ر هه‌ڵچنرابوو، له‌ كاتێكدا هه‌موومان ئاگادارى بارودۆخى عێراقین چ وێرانه‌یه‌ك بوو له‌ دواى شه‌ڕى تیرۆر و داعش و ململانێ ناوخۆیى هه‌مه‌چه‌شنه‌كانى هه‌رله‌ ناكۆكى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى ناوه‌ندى ,  ناكۆكى سوونه‌وه‌ شیعه‌،ناكۆكى شیعه‌و شیعه‌ ...تد.

عه‌بدولمهدى بێ پشت و په‌نا ترین كه‌س له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق  و ته‌نانه‌ت به‌شدارى  دوا هه‌ڵبژرادنه‌كانى  عێراقیشى نه‌كرد ئه‌گه‌رچى له‌ دواى گۆڕانكارییه‌كانى 2003 ه‌وه‌  فیگه‌رێكى دیارى سه‌ر گۆڕپانى سیاسی وڵات بوو هه‌ر له‌ جێگرى سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ تاوه‌كو وه‌زیرى دارایى و دواتر وه‌زیرى نه‌وت كه‌ ده‌ستى له‌ كاركێشایه‌وه‌ پێش ته‌واو بوونى چوار ساڵه‌كه‌ی، پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش بكه‌م كه‌ له‌ سه‌رده‌مى ئۆپۆزه‌سیۆنیشدا یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى له‌ عێراق بوو، به‌ڵام بێ ئومێدبوونى له‌ بارودۆخى عێراق دووره‌په‌رێز وه‌ستا بوو، تاوه‌كو دواجار وه‌كو كاندیدى سازان و چاره‌سه‌رى ناوه‌نجى و وه‌كو په‌تى نه‌جات بۆ ده‌رباز كردنى عێراق له‌ قه‌یرانه‌كان په‌ناى بۆ برد.

دیاره‌ ئه‌ركى عه‌بدولمهدى و كابینه‌كه‌ى  ئێجگار قورسه‌ له‌ به‌ر ئه‌و فاكته‌رانه‌ى كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدان بۆیه‌ ئه‌و بارودۆخ و ژینگه‌ سیاسیه‌ له‌ هه‌مووان ده‌خوازێت كه‌ پشتیوانى بكه‌ن چ له‌ ناوخۆ به‌ تایبه‌تى كورد و دواتر سوونه‌كانیش چونكه‌ ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌كى میانڕه‌و و نیشتمانییه‌ و تاڕاده‌یه‌كى باشیش دووره‌ له‌ مه‌یلى تائیفه‌گه‌رییه‌وه‌, له‌ نێو ماڵى شیعه‌یشدا خاڵى هاوبه‌شى نێوان لایه‌ن جیاوازه‌كانیانه‌، له‌ ڕووى ده‌ره‌وه‌یش بۆ ئه‌مریكا و ئێران كه‌ ئێستا له‌ ململانێ یه‌كى سه‌ختدان، عه‌بدولمهدى تا ئێستا توانیوویه‌تى بگونجێت و بۆ له‌مه‌ودواش ئه‌گه‌ر لێ ی بگه‌ڕێن ده‌خوازێت عێراق دوور بگرێت و نه‌بێته‌ به‌شێك له‌و ململانێ مێژوویى و ئاڵۆزه‌  له‌ كاتێكدا له‌ گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار ( د. به‌رهه‌م ساڵه‌ح ) په‌یوه‌ندییه‌كى زۆرباشیان هه‌یه‌  تا ئاستێكى نایاب سازاون .
ئالنگارییه‌كانى به‌رده‌مى :

1.ناوخۆیى: زۆر میلیشیا و تاقمى چه‌كدار هه‌ن كه‌ پێگه‌و پاره‌یان هه‌یه‌ له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان ئارامى و  ئاسایشى وڵات بشێوێنن و له‌ماوه‌ى ڕابردوو حكومه‌ته‌كه‌ى بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى دا وكه‌ ڕێكیان بخاته‌وه‌ له‌ ناو سوپاى عێراقدا به‌ڵام پێناچێت به‌ ئاسانى جێبه‌جێ بكرێت .

2.هه‌ڕه‌شه‌كانى ده‌ره‌وه‌: له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا لێدان و بۆمبا بارانكردنى بنكه‌و باره‌گاكانى حه‌شدى شه‌عبى كه‌ ده‌نگۆى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌  لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ ئه‌نجام درابێت له‌ ئامرلى و قائیم و  پارێزگاى سه‌لاحه‌دین و له‌ ده‌وروبه‌رى به‌غداد كه‌ ئه‌مه‌ش وایكرد خاكى عێراق ببێته‌ گۆڕه‌پانى ململانێكانى وڵاتانى تر  ئه‌مه‌ش دژ به‌ خواستى حكومه‌ت و گه‌لى عێراقه‌ و له‌ كاتێكیشدا ده‌نگۆى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ ده‌ستى ناوخۆیى بن .

3. دۆسێیه‌ی گه‌نده‌ڵى: یه‌كێك له‌ په‌تاو نه‌خۆشى یه‌ قورس و شێرپه‌نجه‌ییه‌كانه‌ كه‌ جه‌سته‌ى عێراقى گرتۆته‌وه‌ له‌ دواى ساڵى 2003 ه‌وه‌ گه‌نده‌ڵى یه‌ به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ له‌ ئاسته‌ هه‌ره‌ باڵاكانى حكومه‌ته‌وه‌ تا خواره‌وه‌ ته‌شه‌نه‌ى كردووه‌ كه‌ مه‌ترسییه‌كه‌ى له‌ تیرۆر زیاترو سامناكتره‌ , هه‌رچه‌نده‌ عه‌بدولمهدى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى به‌گژاچوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى دامه‌زراندووه‌، به‌ڵام تا ئێستا ئاكامێكى به‌رچاوى نی یه‌. ژینگه‌ى عێراقیش یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ گه‌شه‌كردن و په‌لهاویشتنى زیاترى گه‌نده‌ڵى دارایى به‌ فێڕۆدانى سامان و داهاته‌كه‌ى له‌ به‌رئه‌وه‌ى به‌ شێوه‌یه‌كى ڕه‌ها پشت به‌ نه‌وت و وزه‌ى سروشتى ده‌به‌ستێت و حزب و لایه‌ن و تاقمه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كان له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان زیاتر ده‌ستى به‌سه‌ردا بگرن و هاوپه‌یمانى ته‌نانه‌ت سیاسیش بكه‌ن و هاوبه‌ش بن و ته‌نانه‌ت چاو  له‌ یه‌كترى بپۆشن , به‌ یاسا ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران به‌ تایبه‌تى له‌ خووله‌كانى پێشووتر ئیمتیازات و مووچه‌و ده‌ستكه‌وتى چه‌وربۆ خۆیان ببڕنه‌وه‌ .

4.له‌ ڕوى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌: یه‌كێكى دى له‌و به‌ربه‌ست و كێشانه‌ ڕووبه‌ڕووى عه‌بدولمهدى بۆته‌وه‌ كێشه‌ى خێڵه‌كان  به‌ تایبه‌تى له‌ پارێزگاى به‌سره‌، كێشه‌ى ئاواره‌كان و مووسڵ و كه‌ركوك ....تد.

له‌ ئاوا بارودۆخێكدا بێگومان ئه‌ركى عه‌بدولمهدى ئاسان نییه‌ له‌ كاتێكدا هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى عێراق  له‌ ژێركاریگه‌رى هێزه‌ باڵا ده‌سته‌كانى جیهان وناوچه‌كه‌دان به‌ تایبه‌تى ئێران و ئه‌مریكا كه‌ هه‌ندێكیان ڕوو له‌ ئه‌مریكاو هه‌ندێكیان ڕوو له‌ كۆمارى ئیسلامى و هه‌ندێكیشیان كه‌ له‌ هه‌ردوو ئه‌و به‌ره‌ ڕۆڵیان مه‌ترسیدارتره‌ ئه‌و تاقمه‌ به‌رژه‌وندى خواز و دیماگۆگیه‌ن كه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان ئه‌مریكین و له‌ ته‌ك ئێرانییه‌كان ئێرانیین كه‌ ئه‌مانه‌ له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دان له‌ هه‌ردوو لاى هاوكێشه‌كه‌ سوودمه‌ندبن .

له‌ كۆتاییدا  عه‌بدولمهدى له‌هه‌وڵى بنیاتنانه‌وه‌ى عێراقدایه‌و هه‌وڵیشى بۆ داوه‌ به‌ڵام كاتى ده‌وێت ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیه‌ن پشتگیرى بكه‌ن ئه‌و ده‌خوازێت عێراق له‌ ڕووى كشتوكاڵییه‌وه‌ زیندوو بكاته‌وه‌و پشت به‌ داهات و به‌روبوومى ناوخۆیى ببه‌ستێت بۆ نموونه‌، له‌ ڕووى په‌یوه‌ندى ده‌ره‌وه‌ش هه‌وڵى داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق له‌ گه‌ڵ ده‌ورو به‌ره‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ى  وڵاتانى تریش ئاسایى بكاته‌وه‌.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations