ھەواڵی خۆپیشاندانەکان

ٍشاسوار هەرشەمی
05.10.2019

ھەمووما دەزانین کە لە بەغدا و سەرجەم شارە شیعیەکاندا خۆپیشاندان لە دژی حکومەتی بەغدا بەڕێوە دەچێت. تا ئێستاش سروشتی طائیفی بەسەر خۆپیشاندانەکانەوە زاڵە. تا جەماوەرەکەش سەر بە ئاراستەیەکی طائیفیی و دینی بن، بە ئاسانی جڵەویان دەکەوێتە دەست ئەو چەند مەرجەعە شیعییانەی کە لە نەجەف، کەربەلا و کوفە، بە وردی چاوەدێری دۆخەکە دەکەن و لە کاتی پێویستیشدا، بە دەرکردن و بڵاوکردنەوەی «فتوا»کانیان، خۆپیشاندەران ئاراستە دەکەن.

ڕاگەیاندنی کوردیی، نە کەسیان لەو شوێنانە ھەیە و نە کەسێکی شارەزا بە باڵ و حیزب و مەرجەعە شیعییەکانیشیان دەست دەکەوێت، تا شیکردنەوەیەکی لۆژیکانەیان بۆ بکات و لە خەڵکی بگەیەنێت چی دەگوزەرێت. داخستنی ھێڵەکانی ئینتەرنێتیش لە بەغدا و سەرجەم شارە عێراقیەکان، بەر چاوی لێکۆڵەرەوانی ھەندەی دی لێڵ کردووە.

ئەوەی ئێستا چالاکانە ھەواڵ لەسەر ڕووداوەکان دروست دەکات و وێنەی کۆنی ساڵانی دی و وێنەی فەیک و ئەو کەمە وێنە و فیلمانەش تێکەڵاو دەکات، کە لە ناو خۆپیشاندەرانەوە دەگەیەندرێنە ھەولێر، ژمارەیەک سایتی بەعسیەکانن.

ئەو سایتانە، کە ھەندێکیان تەنیا چەند ڕۆژێکە کراونەتەوە، لە چەندان شوێن و بە ڕایەڵێکی وردی ھاوکاری و دابەش کردنی کارەکان، ھەواڵ دەرخواردی خەڵکی عێراق دەدەن.

سایتەکان، لە ھەولێر، عەممانی پایتەختی ئوردەن، ئەستەمبول و دوبەی کارەکانیان دەکەن.

لە کاتێکدا تۆڕە جیھانییەکانی ھەواڵ، لە بابەتی ڕویتەر، ئاسوشێتدپرێس و بی بی سی، خۆیان لە ڕاگواستنی ھەواڵی سەر ئەو تۆڕانە دەبوێرن و ناچارن بەو کەمە زانیاریانە قەناعەت بێنن، کە لە سەرچاوەی دڵنیاتر دەستیان دەکەوێت، سایتە ھەواڵیەکانی کوردیی و لاپەڕەی شەخسیی چالاکوانانی کورد، سیخناخ بوون، بە بڵاوکردنەوەی ھەواڵی ڕاگوێزراوی سایتە بەعسییەکان و لایەنگرانی صەددام حسێن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations