بارەگای بارزانی لە نێوان بەغدا و رۆژھەڵات.

بەدران محێدین
21.11.2019

دکتۆر قاسملو و عەبدوڵای حەسەن زادە لە کتێبی (خیانەتەکانی قیادە مۆقەتە)دا دەڵێن: 

هەتا دەزگای سیخوڕی ساواک زیاتر خۆی لە بارەگای بارزانی نزیک دەکردەوە، مەیدانی کار و تێکۆشانی کادر و ئەندامانی حیزبی ئێمە بەرتەسکتر دەکرایەوە.

 لە گەیشتنی سەرهەنگ مودەرسی، ئەفسەری بەناوبانگی روکنی دووی ئەرتەشی لە سەرەتایی بەهاری 1965 بۆ ناوچەی سەنگەسەر کە ئەو کاتە ناوەندی سەرکردایەتی بزووتنەوە بوو، بارەگای بارزانی کە نەدەکرا لە فەرمانی ساواک و روکنی دووی ئەرتەشی ئێران سەرپێچی بکا بەڕەسمی نوێنەرانی حیزبی ئێمەی بانگ کرد و پێی ڕاگەیاندن کە دەبێ بنکەکانیان لە نزیک سنووری ئێران تێکدەن و بە هیچ جۆرێکیش هاتوچۆی کوردستانی ئێران نەکەن.

بارەگای بارزانی یارمەتی دەوڵەتی کۆنەپەرست و نۆکەری ئیمپریالیزمی حەمەڕزاشای لە جێگای یارمەتی خەڵکی کوردستان دانا

 لەوەش زیاتر ڕۆیشت و داوای کرد کە هەموو چەشنە تێکۆشانێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە نێو خۆی وڵاتیش دا ڕابگیرێ، بەدوای ئەو فەرمانە مێژووییەدا بە فەرمانی بارەگای بارزانی پەلاماری بنکەکانی کوردی ئێران لە نزیک سنووریان دا بۆ ئەوەی کە براکانی ئێمە نەتوانن بەیاننامە و نووسراوی حیزبی بڵاوبکەنەوە، هەموو کەرەستەی چاپەمەنی و کتێبخانەکەشیان بەتاڵان برد.

 لێرەدا بوو کە بارەگای بارزانی یارمەتی دەوڵەتی کۆنەپەرست و نۆکەری ئیمپریالیزمی حەمەڕزاشای لە جێگای یارمەتی خەڵکی کوردستان دانا.

 رووی کردە دوژمنانی گەلی کورد و پشتی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد، لە راستی دا بەردی بناغەی ئاشبەتاڵی ساڵی 75 ی بارزانیش لێرەدا دانراوە و تا ئێستاش گەلی کورد لە کوردستانی عێراق و تەنانەت لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا کوتەکی ئەو لاری بوونەی بارەگای بارزانی پێدەکەوی.

ھەموو کوردێکی خاوەن ویژدانی نیشتیمانی و نەتەوەیی لەوە دڵنیابۆتەوە ئەو بارەگایە تەنیا کاری ئەوە دەبێت نەیار و دوژمنی کورد چیان پێویستە ئەوە بکا

ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان بارەگای بارزانی باوک و کوڕ، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ھیج گۆڕانکاریەکی تێدا ڕوونەداوە بۆ بەرژەوەندی گەلی کورد، وەلێ ھەموو کوردێکی خاوەن ویژدانی نیشتیمانی و نەتەوەیی لەوە دڵنیابۆتەوە ئەو بارەگایە تەنیا کاری ئەوە دەبێت نەیار و دوژمنی کورد چیان پێویستە ئەوە بکا.
 ئەگەر بمانەوێ دەتوانین بگەرێین بەدوای سەرچاوە مێژوویەکانی سەدەی ڕابروود بۆ زیاتر ڕوونبوونەوەی کار و کردەوەی ئەو بارەگایە.

 ئەوەی جێی پرسیار و سەرسوڕمانە، چۆن و بۆچی سەرکردایەتی حزبە رۆژھەڵاتیەکان مێژوویان لەبیرچۆتەوە؟!

 ئەگەر کەمێک خاوەن ویژدان بن چۆن لە بیریان دەچێتەوە کە چەندین سەرکردەیان شەهید و بێ سەرشوێن کران، ئەمە جگە لە شەهیدکردنی دەیان گەنجی شنۆ و رەزاییە لە دوای ئاشبەتاڵ، پێویستە کادیران و ئەندامانی حزبەکانی رۆژھەڵات ھەڵوەستەیەک بکەن بەرامبەر بە سەرکردایەتی حزبەکانیان کە ئاخۆ بۆچی پەند وەرناگرن لە مێژوو؟!!

تاکو ئێستاش ھیچ بەرچاوڕوونیەک نیە لە لایەن حزبە رۆژھەڵاتیەکان کە دەبینن رۆژانە گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە بەرچاویانەوە شەھید دەکرێن بە دەستی رژێمی ئێران، بۆ جارێکیش ناپرسن بۆچی بارەگای بارزانی و تایبەت خودی بنەماڵەی بارزانیش پشتگیری خۆپیشاندەرانی بەغدا دەکەن و داوای مافیان دەکەن، بەڵام بۆ جارێکیش باسی ئەو کوردکوژیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ناکەن؟!

بۆچی ناپرسن; ئەزبەنی و ئاغایانی بارەگای بارزانی مافی کوردانی رۆژھەڵات و ھاوڵاتیانی بەغدا چ جیاوازیەکی ھەیە وا لە ئاستی بێ دەنگن؟!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations