بۆ چیا بەرەو لای تۆ دێم...

هاوژين زيبا
16.01.2020

دێم بەرەو سروشت و جوانیت، بەرەو شاخ و دۆڵ و هەردت دێم و سروشتی جوان و سپیێتیی بەفر و بەرزی قەندیل لە چاوی پڕ هێز و حەسرەتی ئازادیی تۆوە دەبینم. دەمەوێت لە چاوی تۆوە بۆ ژیان بروانم. جوانیەکانی، سەختیەکانی، لە چاوە رەنگامەکانی تۆوە ببینم. دێم و هەڵدەمژم شنەی بای کوێستانت، لێت فێر دەبم وەفا و ڕاستگۆیی و کۆڵنەدانت. دەڕوانم بۆ دەشت و دەری سپیی بە بەفر داپۆشراوت. 

چی دەبینم هەڤاڵ؟ هەر بستێكی ئەم خاکە ئاوێزانی فیکری تۆیە، هەر درەختێكی جوانی تینوو شکاوی خوێنی شەهیدێكە. هەر گەڵایەكی شاهێدی ڕەنجێکە؛ هەر دیمەنێکی نیگای چاوەروانی منداڵێکی نیشتیمانە. دەروانم و دەپرسم: چەندە مرۆڤی جوان و عاشق و دڵ پڕ لە هیوا و ئامانج دەژین و ئامادەی شەهید بوونن! 

 دەبینم. هەموو شتێك بێ‌سرتەیە و لەگەڵ پروشەی بەفردا ئاوێزانە، سروشت هاوئاهەنگە ؛ مەل و ئاسك و سمۆرە و داربەڕو و تۆ، هەمووان پێکەوە دەژین و شاهێدی جوانیەکانی یەکدین. 

شیرین، ڕاستگۆ وەکو خۆت، ئەم ڕێگایە دەمهێنێت بۆ جیهانێکی جیاواز.
دەزانم  لێرە ڕانایەم لەگەڵ سەختیدا و تۆش بێباكانە چەشنی بەڕوو بەرامبەر سەرما و شەختە وەستاوی.
 دەنگ و هەناسەی من بەم سەرمایە هەڵدەلەرزێ و، ئارامی و ئیرادەی تۆ، لەم  كەشە سەخت و سپیەدا سەرسامم دەكات. دێم و چایەكت لەگەڵ دەخۆمەوە. ئەم سەرمایەی هەناسەمان دەكات بە هەور، دوو دنیاین کە بۆ یەکتر  پێدەکەنین.

دەزانم لێرە ناتوانین چاوپۆشی لە بچوکتری هەڵە بكەین، هەر هەڵەیەک دەکرێت ببێتە هۆی شەهیدبوونی مرۆڤێك، مەرگی باڵندەیەك، ئاژەڵێك، یاخود گوڵێک...  بۆیە بۆ  باشترین و زیندووترین كاتەكانی ژیان ئامادەم.

 بە تینوێتی روبارێکی وشک هەڵاتووی هاوینی گەرمیانەوە هاتووم: لێرە تینووێتیم بۆ ئازادیی خاك دەشکێت، تینوێتیم بۆ  یەکسانیی ڕەگەزی. دەمەوێت تامەزرۆیی خۆم بۆ ئەو خۆراگرێت بنووسمەوە. 

لە چاوی گەنجەکانتدا هەست بە گەورەیی ئامانجەکەیان دەکەم. تامەزرۆی بێباکییانم. بێباکیی بەرامبەر بە هەر سەختی و مەترسییەک؛ تامەزرۆی خشەی هەنگاوەکانیانم لەسەر گەڵا و خاکێک کە بە روحیان ئەیژێنن و دەیپارێزن، لێرە ژیان هەر ساتێکی واتای خۆی هەڵگرتووە،  دار و بەرد و تەلانی، ئاسۆی ژیانێکی شکۆمەندی لە باوەش گرتووە!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations