لە پێکدانەکەدا ، ئێمە لە کۆنتێنەری چیندابین یان ئەمریکا ؟!

هونەر تۆفیق
20.01.2020

پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەکان ، بەرلەوەی پەیوەندی سیاسی - دیبلۆماسی بن ، پەیوەندی ئابووری - بازرگانین . مۆنۆپۆلکردنی بازرگانی جیهانی لەلایەن ئەمریکاوە بەرەو کۆتایی دەڕوات ، هێزێکی ئابووری -بازرگانی رکابەری لەجیهاندا بۆ دروستبووە کە لەتوانایدایە بەنرخی هەرزانتر و کاتی خێراتر کاڵاکانی بگەیەنێتە دوورترین شوێنی دنیا ، ئەویش هێزی ئابووری - بازرگانی چینە.

پاڵەپەستۆی جیوگرافی

بەشێک لە فشارەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیادا ، دروستکردنی پاڵەپەستۆی سەربازیە بۆ سەرچین و هاوپەیمانەکەی کە روسیایە . رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بەتایبەتی لە دیواری ئاسیاوە کە ئێرانە ، ئەمریکا دەیەوێت بەر بە کشانی ئابووری چین و میلیتاری روس بگرێت . لەباشوری ئاسیاشەوە ، بەتایبەتی لە گەرووی مەلەکا ( مەلقە) لەنێوان مالیزیا و ئەندنوسیاوە ئەمریکا دەیەوێت ڕێگری لە جوڵەی دەریایی چین بکات . بۆئەوەی نەتوانێت بەئاسانی بازرگانیەکەی بەجیهاندا بکشێت . لەبەرانبەردا چینیەکان پرۆژەی ڕێگای حەریریان زیندووکردۆتەوە ، کە بە درێژایی هەزاران کیلۆمەتری زەمینیدا لە چینەوە بۆ ئەوروپا درێژدەبێتەوە ، جیهانگری نوێ بە شێوازی چینی بەو جیوگرافیایانەدا بڵاودەکاتەوە کە ڕێگای حەریری - ئابووری چینی بەناویدا گوزەردەکات . هاوتەریب بەو ڕێگایە ، چینیەکان پشتیوانی ئابووری و مالی خۆیان بەو وڵاتانە دەبەخشن تا پرۆژەکەیان سەربگرێت ، ببێتە ئەڵتەرناتیڤی ئابووری ئەمریکی لە جیهاندا . دەرچوونی چین لە پاڵەپەستۆ جیوگرافیەکانی ئەمریکا ، دەکاتە دەست بەسەرداگرتنی ( چینی و روسی ) بەسەر ئابووری جیهاندا کە ئەمەش هەڕەشەی جدی یە بۆ سەر بوون و کیانی ئەمریکی .

داڕشتنەوەی نەخشەکانی جیهان

نەخشە ئابووری و سیاسیەکانی جیهان لە پاش کەوتنی یەکێتی سۆڤیەتەوە بە قازانجی ئەمریکی داڕێژرایەوە . بەڵام بە بوژانەوەی ڕوسی و گەشە گەورە ئابووریەکەی چینیەکان ، جارێکی تر دوو جەمسەری لە جیهاندا لەنێوان روس -چین - هاوپەیمانەکانیان و ئەمریکا -هاوپەیمانەکانی پێوستی بەداڕشتنەوەیە . زۆربەی ناکۆکی و بەریەککەوتنەکانی ئەم ساڵانەی دواییش لە جیهاندا بۆ ئەو داڕشتنەوەیە دروست بوون . ئەمەش بۆتە هۆکاری دروستبوونی قەیرانی ئابووری لەدنیادا . ساڵی ٢٠٢٠ ، ساڵی رکود (ریساژن ) و قەتیسبوونی ئابووری یە لە جیهاندا . ڕێکەوتنە بازرگانیەکانی نێوان چین و ئەمریکا ناتوانێت فریای ئابووری جیهان بکەوێت ، چونکە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی لەبەردەم هەڵوەشاندنەوە و سڕبوونی تەواوەتیدایە . زۆربەی دەوڵەتان بەهۆی ئابڵۆقەکانی ئەمریکاوە بۆسەر چین و روسیا و ئێران و وڵاتانی ترەوە دووچاری دابڕان و ڕاگرتنی ئاڵۆوگۆڕی بازرگانی بوون لەنێوان یەکدیدا . ئەمەش جۆرێکە لە جەنگی ئابووری لەنێوان وڵاتاندا و کاریگەری لەسەر ئابووری جیهان داناوە . لەهەمان کاتدا ئەمریکا نیگەرانە لە کشانە ئابووری و بازرگانیەکانی چین کە کاریگەری لەسەر دراوەکەی ( دۆلار) داناوە و بەرەو روخانی دەبات . دۆناڵد ترەمب دەڵێت : چینیەکان ساڵانە زیانی دوو تریلیۆن دۆلار بە ئەمریکا دەگەیەنن بەهۆی کاڵاکانیانەوە بەتایبەتی کاڵاکۆپی کراوەکانەوە . بۆیە لەقەرەبووی ئەو زیانەدا داوا لە چینیەکان دەکەن بایی ٣٥٠ ملیار دۆلار کاڵای ئەمریکی بکڕن . هێشتا ئەو ڕێکەوتنە سەرەتاییە ناتوانێت ببێتە فریادڕەسی ئابووری جیهانی و ببێتە ڕێکەوتن لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی ئابووری و سیاسی جیهان ، چونکە چینی و ڕوسەکان وەک جەمسەری دووەم داوای پێگە و بەشی نفوزی خۆیان دەکەن لە سیاسەتی جیهانیدا و دەیانەوێت ئەمریکا ناچاربکەن ئەو دابەشکردنەیان لەگەڵدا بکات .

ئابووری ئەمریکا

کۆی ئابووری ساڵانەی جیهان بایی ٨٥ ترلیۆن دۆلارە . لەسەدا بیستی ئەو ئابووریە بەشی ئەمریکایە . بەڵام کێشەی ئەمریکا بەبەراوورد بەو داهاتە زەبەلاحە ، قەرزە گشتیەکانیەتی کە بایی ٢٥٠ ترلیۆن دۆلارە . ئەمریکا قەرزە گشتیەکانی سێ ئەوەندەی داهاتی گشتی دەبێت . ئەمەش لاوازی ئەو وڵاتە زلهێزەیە لەکۆی سیستەمی ئابووری جیهاندا . ئەگەر کڕینی سەنەدەکانی دراوەکەی لەلایەن سعودیەی عەرەبی و چینیەکانەوە ڕابگیرێت یان داوای بکەنەوە بەهای دۆلاری ئەمریکی ملیۆنێک بار زیاتر دادەبەزێت کە دەکاتە ملیۆنێک خوار سفرەوە لە ئابووریەکەیدا . ئەو خاڵەلاوازەی ئەمریکا لەبەردەم هەڕەشەی چینیەکاندایە لەحاڵێکدا ئەمریکا فشاری زیاتر بخاتە سەرچین ، یان ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە هەیە لەنێوانیاندا . لەپێناو ڕوونەدانی ئەو جەنگەدا ، ئەمریکیەکان لەئاییندەدا ناچاردەبن سیستەمی دوو جەمسەری لە جیهاندا قبوڵ بکەن . لەپێناو ڕزگارکردنی ئابووری وڵاتەکەیان نەخشەی سیاسی جیهان لەنێوان خۆیان و ڕوس و چینیەکاندا دابەشبکەنەوە .

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations