وۆهان كۆرۆنا ڤایرۆس: وریابه‌! بترسه‌!

لوقمان غەفوور
16.02.2020

مامۆستا ئیلیزابیس كرۆفۆرد، خۆی كرد به‌ پۆله‌كه‌دا و رۆژنامه‌یه‌كی زه‌ نیویۆرك تایمز-ی له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ دانا و دواتر له‌رێگه‌ی پرۆجێكته‌ره‌كه‌وه‌ خستییه‌ سه‌ر شاشه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌، مانشێتی رۆژنامه‌كه‌ نوسرابوو (ۆوهان كرۆناڤایرۆس: وریابه‌! بترسه‌!).

هه‌ر خۆێندكاره‌و له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ قسه‌یه‌كی ده‌رپه‌ڕاند. راسته‌وخۆ چاوم چووه‌ سه‌ر رۆژی ده‌رچوونی رۆژنامه‌كه‌ 19ی دیسێمبه‌ری 2019 یه‌. ئه‌وكات، هێشتا نه‌خۆشیی كۆرۆنا ڤایرۆس بوونی نه‌بوو، شتێك نه‌بوو له‌ وڵاتی چین به‌ناوی كۆرۆنا ڤایرۆس، به‌ڵام زه‌ نیویۆرك تایمز به‌ گه‌وره‌یی له‌ رۆژی 19ی دیسێمبه‌ر، نوسیویه‌تی:"كۆرنا ڤایرۆس: وریابه‌! بترسه‌!" له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌ك كه‌ گوزارش له‌ ترس و دیوه‌زمه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌كات.

خاتوو كرۆفۆرد وتی: "هه‌ریه‌كه‌و لاپه‌ره‌یه‌كی ساده‌ ده‌ربێنێت و تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی كورته‌!" داوای كرد هه‌ر خوێندكاره‌ و به‌ تایتلێك و په‌ره‌گرافێكی سێ دێڕی گوزارشت له‌و مانشێته‌ و وێنه‌كه‌ بكات. من به‌ تایتلێك نووسیم:"ئازادی له‌ ئه‌مریكا له‌تۆپكدایه‌". دواتریش به‌په‌ره‌گرافێك رونمكرده‌وه‌ چۆن و بۆچی؟ كه‌ ئێستا بۆ ئێوه‌ رونترده‌كه‌مه‌وه‌.

سه‌ره‌تا له‌ كۆی 18 خوێندكار له‌ناو وانه‌ی (شیكاری وتار)، ته‌نیا من و دوو خوێندكاری دیكه‌ زانیمان ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ فه‌یكه‌، ئه‌و سێ كه‌سه‌ زانیمان مه‌به‌ستی پشت په‌رده‌ی ئه‌و تایتل و ئه‌و ژماره‌یه‌ی زه‌ نیویۆرك تایمز چییه‌؟ هه‌رچه‌نده‌ من بۆ خۆم ناهه‌قی هیچ خوێندكارێك ناگرم كه‌ نه‌زانێت مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌كی پشت ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ چییه‌!

رۆژی 19 دیسێمبه‌ری 2019، تێكڕای رۆژنامه‌كانی ئه‌مریكای یه‌ك تایتلیان هه‌بوو (TRUMP IMPEACHED) (تره‌مپ ئیمپیچت)، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ روپۆشی گشت رۆژنامه‌كانی ئه‌ورۆژه‌ی كرد، كه‌ گوزارشت بوو له‌ ده‌ستبه‌رداركردنی تره‌مپ له‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك كه‌ لێره‌دا باسکردنی جێگه‌ی نابێته‌وه‌.

به‌ڵام به‌هه‌مان مانشێت و هه‌مان ژماره‌ و رۆژه‌وه‌ گروپێكی مه‌ده‌نی له‌ واشنگتۆن دی سی هه‌موو ساڵێك رۆژنامه‌یه‌ك له‌ رۆژنامه‌ به‌ناوبانگه‌كان، ساخته‌ ده‌كه‌ن. به‌هه‌مان بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ ته‌نیا مانشێتی سه‌ره‌كی و هه‌واڵی سه‌ره‌كی لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌م ئه‌گۆڕن و به‌ناو زانكۆ و كۆلێج و شوێنه‌ گشتییه‌كان به‌ خۆڕایی بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌ندێك جار مه‌رج نییه‌ له‌و رۆژه‌دا بێت. بۆ نموونە بۆ ژماره‌ی ڕۆژی 19 ی دیسێمبەری 2019ی زه‌ نیویۆرك تایمز، بابەتی كرۆنا ڤایرۆسی-یان هه‌ڵبژاردووه‌ و لە ڕۆژێکی مانگی فێبریوه‌ری 2020 له‌بری ژماره‌ راسته‌قینه‌كه‌ ده‌ریانكردووه‌، بەڵام ڕۆژی ١٩ی دیسێمبەری ٢٠١٩ یان لێداوە.

دوو مه‌به‌ست له‌ پشت ئه‌م ژماره‌ ته‌زویره‌ (فه‌یك)ه‌وه‌یه‌. یه‌كه‌میان: گوزارشته‌ له‌وه‌ی كه‌ هیچ جیاوازی نییه‌ له‌نێوان وازهێنانی تره‌مپ و كۆرۆنا ڤایرۆس، دووه‌م: ئه‌و لێشاوی ره‌گه‌زپه‌رستییه‌ی له‌ نیویۆرك و واشنگتۆن و چه‌ند شارێك به‌رانبه‌ر ئاسیایی و چینییه‌كان به‌تایبه‌تی ده‌ستی پێكردووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌ بن.

گوزارشته‌كه‌ وایه‌ كه‌ ئه‌و جوڵه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستییه‌ی به‌رامبه‌ر ئاسیاییه‌كان ده‌ستپێكردووه‌، هیچ نییه‌، ته‌نیا زمان و جوڵه‌ی سپی پێسته‌كانه‌ له‌سه‌ر زه‌وییه‌ك كه‌ به‌ به‌رده‌وامی هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا. ئه‌و بیرۆكه‌ی كه‌ پێیوایه‌ ئاسیاییه‌كان قێزه‌ونن له‌ خواردندا، بیروبۆچوونێكی دوورودرێژه‌ له‌ په‌نجاكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مه‌وه‌ له‌ ئه‌مریكا درێژه‌ی هه‌یه‌. هه‌تا پێشوازیكردنی چینییه‌كان وه‌ك په‌نابه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ زیاتر تێڕوانینه‌ وه‌ك پێویستی ده‌ستی كرێكار كه‌ چینییه‌كان دڵبه‌رن وكه‌سانێكن ئابڕویه‌كی باشیان هه‌یه‌ له‌ توانست و چالاكی كاركردندا.

ته‌نانه‌ت ساڵی 1876 له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی ئاوڵه‌ له‌ سان فرانسیسكۆ، وا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ چینییه‌كانن بونه‌ته‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ و بووه‌ هۆی وه‌ستاندنی هاتووچۆ و كۆچی چینییه‌كان بۆ ئه‌مریكا له‌كاتێكدا له‌بنه‌ڕه‌تدا بیانووه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ سپی پێسته‌كان ترسیان له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی ھەلی كار ھەبووە نەوەک ھەلی کارکردن بۆ خۆیان نەمێنێت. ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی له‌ 1882 یاسای دوورخستنه‌وه‌ی چینییه‌كان له‌ ئه‌مریكا ده‌ركرا و نه‌هێڵڕا ئیتر هیچ چینییه‌ك روو له‌ ئه‌مریكا بكه‌ن.

ئه‌وا دوای 128 ساڵ، تێڕوانیی ئه‌م گروپه‌ی چالاكی مه‌ده‌نی له‌ واشنگتۆن بۆ ده‌ركردنی ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ی زه‌ نیویۆرك تایمز به‌م مانشێته‌ گوزارشته‌ بۆ ناڕه‌زایی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ندێك شوێن به‌رامبه‌ر چینییه‌كان په‌یڕه‌و ده‌كرێت. پێتان سه‌یر نه‌بێت چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر راپۆرتێكم خوێنده‌وه‌ باسی له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ژن و پیاوێكی سپی پێست له‌ نیویۆرك رێستورانتێكیان كردۆته‌وه‌ به‌ناوی (Lucky Lee‌s) بۆ خواردنی چینی، به‌ئاشكرا له‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌ نوسیویانه‌ (ته‌ندروسته‌) وه‌ک ده‌ربڕینێك بۆ رازیكردنی دڵی كڕیاره‌كان.

ئه‌م تێڕوانینه‌ بۆ ئاسیا-ییه‌كان له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس له‌كاتێكدایه‌ ئێستا ئاسیاییه‌كان 5%ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی پێكده‌هێنن.

مه‌به‌ستی كۆتایی من ئه‌وه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ بجوڵێنین و نه‌مانه‌وێت به‌ركه‌وتنی پۆخڵ دروستببێت، پێویسته‌ هه‌موو ده‌رگاكان بكه‌ینه‌وه‌ به‌رووی چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كاندا، له‌ئه‌مریكا ئازادی راده‌ربڕین گه‌یشتۆته‌ لوتكه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ وانه‌بێت به‌و هه‌موو ره‌نگ و ره‌گه‌ز و چه‌شنه‌وه‌ ناتوانێت له‌به‌ریه‌ككه‌وتنی نادروست خۆی بپارێزێت. ئه‌گه‌ر گروپێك به‌م شێوه‌یه‌ به‌رگری له‌ چینییه‌كانی ئه‌مریكا نه‌كه‌ن و دژی جیاكاری نه‌وه‌ستنه‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی تایتلی رۆژنامه‌یه‌كدا و داهێنان له‌ ره‌خنه‌گرتن دا نه‌كرێت، ئه‌بێت هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هاواربكه‌ن و نارەزایی دەبڕن. تا لەناکاو کۆمەڵگە ھەمووی کێشاوێتی بەیەکترداو کار لەکار ترازاوە شتێک نەماوە بەناوی کۆمەڵگەی دیموکرات لە ئەمریکا.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations