گەرمای هاوین بکوژی کۆرۆنا یان رزگارکەری مرۆڤ!

فەرمان سادق
01.03.2020

ئەوەی روودەدات لە راستیدا زیاتر لە جەنگێکی بایۆلۆژی نێوان زلهێزەکان دەچێت، لە بڕی تەقاندنی موشەکێک، ڤایرۆسێک بتەقێنەو ئامانجەکە سەد هێندە زیاترە دەسکەوتەکەشی هەروا. بەڵام ئەمە بابەتی ئێستای من نیە، دەمەوێت لەم نووسینەدا قسە لەسەر هەڵچنینی ئومێدی مرۆڤایەتی بکەم بە هاتنی وەرزی گەرما کە وەک فریادڕەسی مرۆڤ لێی دەڕوانێت.

ڤایرۆسی کۆرۆنا پێش ئەوەی بکوژی چینییەکان بێت، ئابووری ئەو وڵاتەی بە جۆرێک داتەکاند کە لێکەوتە ئابوورییەکەی کاریگەری لەسەر هەموو دونیا داناوە.

ئەو ڤایرۆسە دەپەڕێتەوە بۆ هەموو کونجێکی دونیا، بکوژێکی نەناسراو، نەبینراو، مرۆڤایەتی بە دەستەوە گیری خواردووە.

لە بنەڕەتدا دوو جۆری ڤایرۆس هەیە، ڤایرۆسی DNA و ڤایرۆسی RNA. جیاوازیان ئەوەیە، ئەوەی یەکەم توانای خۆگۆڕینی نیە وەک پەسیو کە چارەسەری تا ئاستێک دۆزراوەتەوە، بەڵام ئەوەی تریان توانای خۆگۆڕینی هەیە، ئەمەش کێشە سەرەکیەکەیە کە تا ئێستا نەتوانراوە چارەسەری بدۆزرێتەوە و ڤایرۆسی کۆرۆنا لەمەی دووەمە.

بە گشتی ڤایرۆسەکان لە پلەی گەرمی سەرووی ٢٠ پلە، چالاک نین و دەمرن، ئەمەشە وایکردووە مرۆڤایەتی هیوا لەسەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بکەن وەک تاکە چەکی کاریگەر دژ بە کۆرۆنا.

بەڵام شارەزایان و پسپۆڕانی بایۆلۆژی قسەیەکی تریان هەیە، بەگشتی پێیان وایە هێشتا زووە بڵێن کۆرۆنا بە گەرما دەمرێت وەک ڤایرۆسەکانی تر.

داڤید فیسمان مامۆستای زانستی بۆماوەیی لە زانکۆی تۆرنتۆ دەڵێ؛ ڤایرۆسی بەراز کە ساڵی ٢٠٠٩ لە نیویۆرک بڵاوبۆوە، مانگی ئایار بوو، کەشوهەواش گەرم بوو.

پێی وایە ئەو ڤایرۆسی کۆرۆنایەش هەمان تایبەتمەندی ئەوی هەیەو بە هاتنی هاوین نامرێت، چونکە هێشتا مرۆڤ مەناعەی دژی ئەو ڤایرۆسە نیە.

بەڵام ئەمیش ئادالجا پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانی گەدە لە ناوەندی جۆنز هۆبگنز بۆ ئاسایشی تەندورستی دەڵێ؛ ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڤایرۆسێکی وەرزییەو بە هاتنی گەرما دەمرێت.

بۆچوونێکی تریش هەیە، ڤایرۆسەکە لە هاویندا چالاکی نامێنێت و لە زستاندا دیسان دەگەڕێتەوە.

پۆڵ هانتر لە زانکۆی ئیست ئەنجلینا لە بەریتانیا پشتگیری لەو بۆچوونە دەکات.

بە گشتی هەرچی بێت، ئەوا بۆ من و تۆ کە لە کوردستانین، چەند راستییەک هەیە دەبێت بیزانین؛

١- بە ئامارەکانی چین دڵخۆش مەبەو ئومێدی لەسەر هەڵمەچنە. راستە لەوێ رێژەی مردن 2% و چاکبووە زۆر لە زیاد بوونە، بەڵام لە قووتوی هیچ عەتارێک تواناو هێزی چین بە کوردستان بەراورد ناکرێت.

٢- بێ ئومێد مەبە، گرنگی زیاتر بە خۆپارێزی بدەو شەرم و نەنگی نیە ئەگەر ئەو ماوەیە خۆت لە تەوقە و ماچ و قەرەباڵغی بپارێزی.

٣- تا سەلماندی دۆزینەوەی ڤاسکینی ئەنتی کۆرۆنا، گەیشتی بە کوردستان، یانیش راگەیاندنی لەناو چوونی ڤایرۆسەکە، لە جەنگێکی کراوە داین لەگەڵ دوژمنێکی نەبینراو، تاکە چەکی کاریگەر رێنماییە تەندروستییەکانە، شەرم مەکە لە جێبەجێ کردنیان.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations