کورۆناش ناماگۆڕێت

هونەر تۆفیق
03.03.2020


لەوە دەچێت گەورەترین گۆڕان لەناو ئێمەدا گۆڕینی میزەڵان بێت بە باڵۆن وەک کابرای ڕۆشنبیری کردویەتی و دواتر پڕ بەقوڕگی هاوار دەکات گۆڕان بەردەوامە !
لەماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا ئەو گەورە کارەساتانەی بەسەر کورددا هاتوون ، بەسەر هەر میللەتێکی دیکەدا هاتبان دەیان گۆڕانکاری گەورەیان بەسەر ژیان و بیرکردنەوەیاندا دەهێنا .
کارەساتی فەشەلی شۆرشی ٧٤ ، کارەساتی ئەنفال و خاپوور بوونی شار و گوندی کوردستان ، کارەساتی شەڕی ناوخۆی ١٩٩٤ ، کارەساتی قەیرانی ئابووری و هێرشەکانی داعش ٢٠١٤ ، کارەساتی فەشەلی ئابووری سەربەخۆ و ریفراندۆم ، کارەساتی فەشەلی ئۆپۆزسیۆن ، کارەساتی نەبوونی موچە و ڕاوەستانی پرۆژە و ئاوەدانی ...هتد ، ئێستاش لەبەردەم کارەساتی بڵاوبوونەوەی ڤیرۆسی کورۆناداین.. بەم هەموو قەیرانەوە ..
بەم هەموو قەیرانەوە ، شانازی بە ڕێگریکردن لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقی دەکەین. لەحاڵێکدا سەرۆکی ڕاسپێردراوی ئەو حکومەتە بەڵێنی ناردنی موچە و چاککردنەوەی پەیوەندی هەرێم و بەغدا و کێشەی مادەی ١٤٠ ی بە کورد داوە .
بەم هەموو قەیرانەوە کە هێشتا فەرمانبەران موچەی مانگی یانزەی ساڵی پاریان وەرنەگرتووە ، کەچی لە پارلەمان یادی لەدایک بوون دەکەنەوە ..
لەناو ئەگەری ئاگری شەڕی تورک و ڕوسدا کە بەشێک لە ئێمەشی پێوە دەسوتێین ، بیرلە هێنانە پێشەوەی ئەو کارەکتەرە عەجیبانەی کورد دەکەینەوە کە شانازی بە دۆستایەتی خۆیان و سەرانی ڕژێمی بەعسەوە دەکەن ، وەک پاڵەوانی مێژووی کورد هاوسۆزیەکانی خۆیانمان بۆ بەعسیەکان نیشان ئەدەن ، کەچی بە نەوەی دوای بەعس دەڵێن جاش و بەخۆشیان دەڵێن نیشتمان پەروەر .
هەموو دنیا دەرگاکانی لەسەر کورۆنا دادەخات و رێگاکانی بڵاوبوونەوەی دەبڕێت ، کەچی ئێمە بەپشتی پیکاپ و میک زەمینی بەقاچاخ ، لەپێناو چەند دینارێکدا دەیانکەین بە وڵاتەکەماندا .
رەنگە ئێمە تەنیا میللەتی سەر ئەم هەسارەیە بین شانازی و داکۆکی لە نەگۆڕینمان دەکەین و دڵنیا کورۆناش نامانگۆڕێت ..

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations