دار هەڵبڕە، دزەكان بەدەنگ دێن..

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی
26.03.2020

وەڵامێك بۆ داردەستەكانی سەرۆك  

ئەو كاتەی ئێمە بەرگری لە مووچە و قوتی خەڵكی دەكەین، داردەستەكانی سەرۆك بەدەنگ دێن؟

خەڵكی كوردستان باش دەزانێت پارەی نەوت كە لە %95ی داهاتی هەرێمی كوردستانە لای ئێوەیە! ئێوە مەبەستم تاڵانچیەكانی نەوتی كوردستان، كە دەیان ساڵە پارەو داهاتی نەوتی كوردستان رەوانەی بانكەكانی دەرەوە دەكەن. 

ئێوە لە خۆتان پرسیەوە نوێنەری خەڵكن یان كادری دەزگا ئەمنیەكەی سەرۆكی حكومەت؟ سەرۆكێك كە لە مانگی نیساندا توانای دابینكردنی مووچەی مانگی 12ی ساڵی 2019 نیە،  حەق نیە دەستبەرداری ئەو هەموو بەڵێنە بێ كردارە ببێ كە بە خەڵكیداوە؟ 

سەرۆكێك كە كاری سەرەكی بۆتە بازرگانیكردن بۆ كۆمپانیاو بانكەكەی خۆی..!!  میللەتیش برسی و بێ مووچە و هەژار ونەدار چاویان لە دەستی خواپێداوانی وڵاتە، تا ژەمێكی خواردیان بۆ دابین بكەن.. سەرۆك مووچە نەدا و سوتەمەنی نەداو كارەبا نەدا ئیدی چی مانایەك بۆ سەرۆكایەتیەكەی دەمێنێتەوە ؟

ئێوەئەزانن ئێمە ناتوانین بەندە بین و بەندایەتی بنوێنین..؟؟؟ ئێمە لەبەردەرگای زەلیلی نەوەستاوین هەركەس ناوی سەرۆكی هێنا پەلاماری بدەین..؟؟ ئێمە داردەست نین هەركات بیانەوێت خەڵكیمان پێ سەركوت بكەن.

ئێمە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵكین، بەرگریكردن لە ماف و نان و ئازادیان بە بچوكترین ئەرك دەزانن، واجبمانە داوای مافیان بكەین لەداهاتی ئەم هەرێمەی كەلای ئێوەیەو چەندین ساڵە بنەماڵەیەكی پێ دەوڵەمەند دەكەن!

بانكەكانتان لێ پڕ كردووە، ئێستەش ئێوەیان بەرداوە بۆ بەرگری لێكردنیان تاكو كەس باسی دزی و تاڵانیان نەكات! دڵنیابن لێتان بێدەنگ نابین..

 هەركات  ئێمە باسی دزی دەكەین ئێوە پەلامار دەدەن..

ئێمە باسی قوتی دزراوی خەڵك دەكەین ئێوە دەست هەڵدەبڕن..؟؟

كاتێك باسی داهاتی نەوت ئەكەین.. ئێوە گیڤ دەبنەوە! 

شەرمەزارییە نانی نوێنەرایەتی میللەت بخویت و لەبری بەرگریكردن لە قوتی خەڵكی، لەبەردەرگادا وەستاون و پاسی دزان دەكەن..!!

 لە پێناو رازی بوونی دڵی سەرۆكدا، پشت لە حەق و مافی خەڵكی رەشورووت دەكەن و روشتان لای بزەی سەرۆكە..

دڵنیابن لێتان بێدەنگ نابین ...

*ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی سەوز

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations