خەڵک توڕە مەکەن!!

هونەر تۆفیق
06.04.2020

تا ئێستا پابەندبوونی خەڵک بە ڕێنماییەکانەوە لە ئاستێکی باشدایە و گوێڕایەڵی زۆرینە زیاترە لە لاساری کەمینە . ئەو زۆرینەیەش تا ئێستا سوپاس و ستایشی حکومەت دەکەن لەپای ئەنجامدانی ئەرکەکەیاندا.

بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی حکومەت زۆر مورتاح بێت بە پابەندیەکانی خەڵکەوە . چونکە مانەوەی ئیجباری لەماڵەوە بێزارکەرە و توڕەیی دروست دەکات، نەخوازەڵا خەڵک لەو مانەوەیەدا داهاتووی نادیار و تاریک بێت، داهات و بژێوی ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپتر بڕوات ، حکومەتیش جورعەی ڕێنماییەکانی ڕۆژێک توند و ڕۆژێک شل بکاتەوە . وەزیرێک بڵێت دۆخەکە زۆر خراپە و وەزیرێکی دیکە بڵێت زۆرباشین .

جورعەی ڕێنماییەکان دەبێت لەئاست هەست و شعوری بێزار و خەمباری خەڵکدابێت . ئەمە جەژن نیە و خەڵک لەماڵەوە بۆ پشوو و خۆشی لەماڵەوە بێت، هەزاران خێزان هەیە بەڕۆژانەکار نانەسکی پەیدادەکات و عیزەتی نەفسیشی هێندە بەرزە نایەوێت مەجبوری سەدەقەی هیچ خێرەومەندێک بێت .

بۆیە هەر دەرکردنی بەیاننامە و ڕێنمایی لەم دۆخەدا گرنگ نیە، بەڵکە گرنگ ئەوەیە لەگەڵ رێنماییەکاندا چارەسەری ژیان و داهاتووی خەڵکیشتان پێ بێت . هاوکات بە ڕووە تەندروستیەکەی کۆمەڵگە ، ڕووە دەروونی و ئابووریەکانیشی ببینن و نەهێڵن لاسەنگی دروست بێت .

مەهێڵن خەڵک توڕە بێت ، کەتوڕەبوو ئێرە نە وڵاتی چینە بە تەکنەلۆژیا و رۆبۆتەکان کۆنترۆڵی بکەن و نە ئەڵمانیاشە بە گوژمەی ملیارەها دۆلاری کۆمەک ساردی بکەنەوە . لەبیرتان بێت ئێرە وڵاتی حکومەتێکی بێ پارە و خەڵکێکی بێ موچە و داهاتە !!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations