شەقی موقەدەس.!

دەوەن بەکر
08.04.2020


چاکەیەک کە شەق لەگەڵی کردین ئەوەبوو یەکەم دەرکەوتنی بەر مامۆستا کەوت و خۆی پێ ناساندین لە کوێیوە دێت. ئەگەر شەقەکە پێش مامۆستا بەر هەر چینێک کەوتبا وزەی گەران بۆ سەچاوەی شەقەکەی زیاتر لێ دەبردین. هێزی چەکدار شەق وەشێنە، دکتۆر و کارمەندی تەندروستی مامەڵەی نارێکە و لوتبەرزانەیە، مامۆستا بۆ ئەوەی کوڕەکەی یەکەم بێت لە وەرزش و هونەر نمرەی کەم دەدات بە قوتابیەکانی تر ...هتد ئەمانە هەمووی شەقی مادی و مەعنەوی و بەرهەمی بێ پەروەردەی گشتین.

 

هەر هەمان کارن بەڵام لە فۆڕمی جیاواز ڕۆڵی بێ پەروەردەی مرۆڤی ئێمە لە پیشە و دۆخی جیادا دەردەخات، کاتێکیش هەر یەکێکیان کاریگەرتر و قێزەونتر وەسف بکەین، دوبارە دەکەوینەوە ناو بێ ئەخلاقی و بێ پەروەردەی خۆمان چونکە ئەم کارە دەمان باتە سەر پۆلێنکردنی شەق بۆ چینەکانی کۆمەڵگا و ئەوکاتەش دەکەوینە سەر هێڵی ڕەوایەتیدان بە شەق، ئەو ڕەوایەتیدانەش کاتێک دێت بەر ئەوانی تر بکەوێت، شەق بەر خۆمان بکەوێت. پۆلێنکردنی شەق، شەقدان لە کرێکارێک ئاسایتر دەکات وەک شەق لە پزیشکێک، کارەبا لێدان لە خوێندکارانی ماستەر ئاسایتر دەکات وەک گرتن و شەقدان لە ڕۆژنامەنوسێک ئێمە ئەگەر دژە شەقین. دەبێ دژی شەق بین بەرامبەر بەمرۆڤ و هاوڵاتی، ناشکرێت لەگەڵ شەق لێدانی نەیار بین بۆ یارش ڕاچڵەکێن. کێشەی بیرکردنەوە و پەروەردەی ئێمەش هەر ئەوەیە کە هەر ئەوانەی دژی شەق وەشاندنن، لە دۆخێکی تردا لەگەڵ شەق وەشاندنن لە نەیاردا. لەو شوێنەش شەق بە پیرۆز دەزانین.نابێت ئێمە چاوەڕێی دۆخی ئارام لە شەق وەشاندندا بکەین. لەو شوێنەش کە شەق پیرۆز دەکرێ هەر شەقە بەر بەها و شکۆیی هەموان دەکەوێت.

مرۆڤ ئەو بڕە لاساریەی تێدایە لە بونی هێزدا مامەڵەی دروست و ڕێزدار نەکات، کاتێکیش مرۆڤی ئێمە بەردەوام لە خێزان و قوتابخانە و کۆمەڵگا و دەزگاکان ئیهانە و بێ ڕێزی بەرامبەر دەکرێت، ئەو چینەش کە لە هێزی ئەمنی و ئاسایشدان زیاتر لە هەموان سەرکۆنەی حیزبی و مەسئولینیان بەردەکەوێت. لە پرۆسەیەکی زۆر توندان. ئەوان جارێکیتر کوشتەی دەستی سیستەمێک بون کە مامۆستا و بزیشک و کارمەندانی کۆی سیستەمی ئێمە شەقیان تێهەڵداون. ئەو بۆ دەرفەت دەگەڕێت بۆ یەکسانکردنەوەی شەق نەک دەست درێژی شەق وەشاندن. بەم جۆرە ئەو کار و پیشانە بۆ ئێمە دەبنە ئەو ڕۆڵانەی وەری دەگرین لە کۆمەڵگا تا بەسەر ئەوانی تردا خۆمان خاڵی بکەینەوە، خۆ خاڵی کردنەوەشمان ستەم نیە لە بەرامبەر، بەڵکو یەکسان کردنەوەی بێ پەروەردەی ئێمەیە بەرامبەر یەک. 

ئێمە لە زۆر لایەنەوە دنەی شەق وەشاندن دەدرێین. ئەگەر خێزان و خوێندنگا نەمان باتەوە سەر مرۆڤ بون یاسا و سیستەمی حوکمڕانی نەمان خاتەوە سەر هاوڵاتی بون... لەوێدا ببینە هەر چیەک هەر شەق وەشێنمان لێ بەرهەم دێت. تەنیا ئەوەیە وەزیفەی شەقەکان گۆڕانکاریان تێدا دەکرێ لە مامۆستایەتیدا شەقەکانمان مەعنەوین لە پۆلیسدا مادین. یاسا پەروەردە و دەسەڵاتی مەدەنیش دەتوانێ لە کۆی پێگەیاندنی نەوەیەک رێژەیەکی کەمینە کۆنتڕۆڵ بکات لە کەلتورێکی مەدەنیدا کە بە غەریزە شەق وەشێن. بەڵام لە ژینگەیەک کە کەمینەی کۆمەڵگا بریتین لە تاکێک رێز لە مرۆڤبون هاوڵاتی بون دەگرێت. ئەمە پێکەوە ژیان نیە، شەرە شەق ژیانە. مرۆڤی ئەم دۆخەش کات و ساتی ناسک و ناهەموار نازانێ لە کوێ بۆی بلوێ ئەو شەقەکەی خۆی دەوەشێنێت. 

پرسیارەکە دەبێت بۆ خۆمان بێت چونکە هەموو کۆی ئەو پرسیارانەی ڕوی لە خۆمانە باشتر دەمان گۆرێت وەک لەوەی ڕووی لە گشتیە. کەواتا ئێمە لە چ کاتێک و بەر پرسیاریەتیەکدا ئامادەیمان تێدایە شەق لە بەرامبەرمان نەدەین؟!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations