جوانمەردی و فەرد

هونەر تۆفیق
11.04.2020

ئەم دوو پیاوە هەردووکیان کوردی ڕۆژهەڵات (ئێران ) ن . یەکێکیان بە خولیای مێژووەوە دژ بە پارتی یە کە ئاغای قانیعی فەردە و ئەویتریان بە خولیای ئیعلامیەوە دۆست بەپارتی یە کە ئاغای عەلی جوانمەردیە . 

جیاوازی لەنێوان ئەو دووکارەکتەرە هاوتەمەن و هاو نەتەوە و هاووڵاتیەدا ئەوەیە ، یەکەمیان بەزمانی ئێرانی قسەدەکات . لە زاکیرەی مێژوویی و سیاسی ئێرانەوە پارتی وەک حیزبێکی سیاسی کوردی دەخوێنێتەوە کە قانیعی فەردە . ئەوەی تریان ( جوانمەردی ) ڕاستە بەکوردی قسەدەکات ، بەڵام گوتارێکی تورکانەی هەیە بەرانبەر بە پەکەکە و دیدێکی میتانەشی هەیە لە هەڵگیرسانی فیتنەی سیاسی لەهەرێمی کوردستاندا . 

دیاردەی جوانمەردی لە ئیعلام و سۆسیال میدیای کوردیدا ، دیاردەیەکی ترسناکە . نەک لەبەر ئەوەی قسە لەسەر ڕووداوە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دەکات ، بەڵکە لەبەر ئەوەی بەردەوام خەریکی وروژاندنی جەماوەری سیاسی لایەنێکە دژ بەلایەنێکی تر . چەندین جارە ئەم پیاوە فرسەت لە دۆخی هەستیاری نێوان پارتی و یەکێتی دەگرێت و گوێڕایەڵەکانی بەئاڕاستەی بەرپاکردنی شەڕێکی ترسناکدا دەبات . 

لە کاتی ڕێفراندۆم و ١٦ ی ئۆکتۆبەردا زۆرترین دنەدانی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لەزاریەوە بەردەبوونەوە . لە لەشکر کێشیەکانی تورکیادا بۆسەر پێگەکانی پەکەکە ، تورکی وەک مافدار و پەکەکەی وەک دوژمنی کورد و هێزێکی ئیرانی بۆ خەڵک وێنادەکرد . لەکاتی کوژرانی قاسمی سلێمانیدا ، هاتنەناوەوەی ئەرتەشی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان و زۆنی سەوز بڵاودەکردەوە و دەیگوت ئێران هەرێم داگیردەکات . ئێستاش بەسوودوەرگرتن لە هەڵهاتنی زیندایەکانی سەقز ، کراسەکەی سەلیمی وەک کراسەکەی عوسمان گرتووە بە سنگەوە و داوای خوێنی سەلیمی  لە سلێمانی دەکات !

ئەم پیاوە ئەگەر ڕانەگیرێت لەداهاتوودا فیتنەیەکی گەورە لە هەرێمدا بەرپا دەکات ، ئەوەی تورکیا بەفشار و بەهێزی سەربازی پێ ی ناکرێت ، جوانمەردی بە زمانی کوردی و دروشمی کوردایەتی دەیهێنێتەدی .

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations