لامەرکەزیەت ، کورتەیەک لەمێژووی ئیدارەی کوردی

هونەر تۆفیق
27.04.2020

- لەپێش زاییندا ، ئەم شوێنەی ناوی کوردستانە(باکووری میزۆپۆتامیا )سێ بەش بوو لەنێوان ئاشووری ، بابلی ، میدیەکاندا .


- سیستەمی ئیداری میدیەکان ( کەدواتر سەرجەم ئیمپراتۆریەکانی تری ئێران پەیڕەویان کرد ) خشترۆپانی بوو . خشترپاون لەزمانی ئاڤێستاییدا دەکاتە یەکەی ئیداری ، یۆنانیەکان ئەو سیستەمە ئیداریەیان ناونابوو ساتراپ ( کە ئەسکەندەر حوکمی ناوچەکەی کرد ، هەمان نیزامی ئیداری پەیڕەو کردەوە ) دەستەواژەی خشترپاون - ساتراپ لەزمانی ئێرانی کۆندا دەگۆڕێت بۆ شاراب و دواتر لە فارسیدا دەبێت بە شەهرەداری و لەکوردیدا دەبێت بە شارەوانی .


- سنووری هەر یەکەیەکی ئیداری بە مەرزبان ناونراوە . ئێستاش وشەی مەرز بۆ سنوور بەکاردێت .


- کاتێک عەرەبەکان ، ساسانیەکانیان ڕوخاند ، خۆیان ئیمپراتۆریەتی خەلافەتیان دامەزراند سیستەمی ئیداریان گۆڕی بۆ ئەقالیم . کورد بەر دوو ئیقلیم کەوتن . ئیقلیمی جیبال لە رۆژهەڵات تا دیجلە و ئیقلیمی جزیرە لە رۆژئاوا تا فورات .


- عەباسیەکان شێوازی ئیداریان گۆڕی بۆ ولایەت . کورد بەر سێ ولایەت کەوت : ولایەتی دیاربەکر ، ولایەتی جزیرە ، ولایەتی جیبال ( ئازەربیجان )


- لە سەدەی ١٢ وە ، کە مەغولەکان هاتن ، هەڵمەتە یەک لەدو یەکەکانی جەنگیزخان ، هۆلاکۆ ، تەیمورلەنگ ، لە ناوچەکەدا فەوزابوو ، یەکەی ئیداری و سیستەم نەما . هەر میرێک ناوچەکەی خۆی دەپاراست . لەوێوە سیستەمی ئیمارات ( میرنشین ) دروست بوو . کورد چەند ئیمارەتێکی لەناوخۆدا دروستکرد ( ئەردەڵان ، بۆتان ، سۆران )


- لەماوەی شەش سەدەدا ، میرنشینەکان بەپێ ی شەڕی نێوانیانەوە ، هەندێک گەورەدەبوون و ئەوانی تریان لەناو دەبرد ، هەندێکیان لاواز و بچوک دەبوونەوە ، هەندێکی تر بەهێز و فراوان دەبوون . بەهۆی لەناوبردنی زلهێزەکانەوە لەلایەن مەغولەکانەوە ئیمپراتۆرتی مەرکەزی نەمابوو ، میرنشینەکان خۆیان مەرکەزی خۆیان بوون .


- لەسەدەی ١٦ دا دوو زلهێزی نوێ لە ناوچەکەدا دروست بوون ، ئێرانی و عوسمانی . بەشێک لە میرە کوردەکان بە نێوەندگری میر ئیدریس بەدلیسی دایانە پاڵ عوسمانیەکان و بەشێکی بوونە لایەنگری ئێرانیەکان .


- عوسمانیەکان یەکەی ئیداری ولایاتیان پەیڕەوکرد ، لەبەشەکەی خۆیاندا میرنشینەکوردەکانیان بەسەر ولایەتەکانی موسڵ ، دیاربەکر ، ئەرمینیا ، حەلەب و بەغدادا دابەشکرد . میرەکان مەرکەزیان بوو بە مەرکەزی ولایەت و پایتەخت - ئەستەنبوڵ و باب عالی - سوڵتان .


- ئێرانیەکانیش بەهەمان شێوە میرنشینە کوردەکانیان خستە ناو یەکە ئیداریەکانی کرمانشان و ئەردەبیل و ئازەربیجانەوە .


- لە ناوەڕاستی سەدەی ١٩ دا عوسمانیەکان هەوڵی ریفرۆم و مۆدێرنیتەیان هەبوو ، بەچاولێکردن لە سیستەمی ئیداری فەرەنسیەکان ، سیستەمی میرنشینیان لە ولایەتەکاندا هەڵوەشاندنەوە ، یەکەی ئیداری سنجق ( لیوا - پارێزگا) یان پەیڕەوکرد .


ولایەتی موسڵ کرا بەسێ سنجق : سلێمانی ، شارەزوور ، موسڵ (وەک لەنەخشەکەدا دیارە )


- لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقدا ، سیستەمی ولایات هەڵوەشایەوە ، لەسەر پاشماوەی سنجقە عوسمانیەکان ، یەکەی ئیداری لیوایان پەیڕەوکرد .


- لە ١١ی ئازاری ١٩٧٠ دا ،عێراق بەڕێکەوتن لەگەڵ کوردەکاندا ، سیستەمی ئۆتۆنۆمی بۆ سلێمانی ، هەولێر ، دهۆک پەیڕەو کرد .


- لە ئۆکتۆبەری ١٩٩١ دا عێراق لەهەرێم کشایەوە ، بۆشایی ئیداری لەو سێ پارێزگایەدا دروست بوو .


- لە ١٩٩٢ دا کوردەکان پارلەمانیان لەناوچە ئۆتۆنۆمیەکەیاندا دامەزراندەوە ، لەسەر شێوازی حوکمی تۆتۆنۆمیەکەی ١٩٧٠ ، حکومەتی ئۆتۆنۆمیان دروستکرد .


- لە ٣١ ئابی ١٩٩٦ دا حکومەتەکەیان بەهۆی شەڕی ناوخۆوە ڕوخا ، بەشێکیان بەهاوکاری عێراق هەولێر و دهۆکیان بەڕێودەبرد ، بەشێکیان سلێمانی .


- لە ٢٠٠٤ دا کوردەکان ڕێکەوتن هەردوو حکومەتەکە بکەنەوە بەیەک .


- لە ٢٠٠٥ دا عێراق بەپێ ی دەستووری نوێ ، سیستەمی هەرێمی فیدراڵی لەشوێن ئۆتۆنۆمی کورد بۆ بەرێوەبردن پەسەند کرد .


- لە ٢٠١٧ کوردەکان هەوڵی جیابوونەوەیان لە عێراق دا و شکستیان هێنا . گەڕانەوە ناو سیستەمی ئیداری عێراق . بەڵام توشی دابڕانی ئابووری و ئیداری بوون لەگەڵ بەغدا .


- لە ٢٠٢٠ دا داوایەک هەیە بۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی ئیداری کوردیدا ، پێشنیاری لامەرکەزی ئیداری و مالی لەناو خۆی هەرێمدا هەیە . وەک چارەسەریەک بۆ ئەو قەیرانە سیاسی و ئابووری و ئیداریانەی توشی هەرێمەکە بووە .

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations