بۆچی حكومه‌ت ناتوانێت به‌شێك له‌ قه‌رزه‌كانی وه‌رگرێته‌وه ‌؟

سەرتیپ قەشقەیی
02.05.2020

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی شه‌ممه‌، 2ی ئایاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی حکومەتی هەرێم بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ ناچاری بڕیاردرا لەم هەفتەیەدا و دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتی دیاریکراو بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی قەرزداری حکومەتن. رێوشوێنی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی حکومەت دەست پێبکات، به‌ڵام به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و نا شه‌فافی له‌ كاتی پێدانی ئه‌و قه‌رزانه‌ له‌كاتی خۆیدا، وه‌رگرتنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له‌و قه‌رزانه‌ كێشه‌ی یاسایی دروست ده‌كات و ناتوانرێت ئه‌و قه‌رزانه‌ وه‌ربگیرێته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ وه‌به‌رهێنه‌ران و بازرگانانیش رووبه‌ڕووی كێشه‌ی ئیفلاس بوون و ئاسته‌نگی یاسایی ده‌كاته‌وه‌، به‌هۆی نه‌بوونی پاره‌ی پێویست بۆ دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌زرانه‌ و فیڵكردن  له‌كاتی وه‌رگرتنی  ئه‌و قه‌رزانه‌.

به‌پێی ماده‌ی 13 و بڕگه‌ی سێهه‌می یاسایی چاكسازی پێویسته‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری رێككاری یاسایی پێویست بگرێته‌ به‌ر بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌ بازرگانییه‌كان و پێداچوونه‌وه‌ به‌و مولك و ماڵانه‌ بكرێت وه‌ك گه‌ره‌نتی بۆ دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ی دانراوه‌.

هه‌ر به‌پێی بڕیارێكی پێشووتری  حكومه‌ت پێویسته‌ ئه‌و قه‌رزدارانه‌ به‌شێوازی چه‌كی بانكی بگێردرێته‌وه‌ به‌پێی رێنمایی په‌یڕه‌كراو له‌ بانكه‌ بازرگانییه‌كان و له‌ حاڵه‌تی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیش پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌ماهه‌نگ بۆ جێبه‌جێكردنی فرۆشتنی مولكه‌كان به‌ تایبه‌ت وه‌زاره‌تی داد.

یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی رووبه‌رووی حكومه‌ت ده‌بێته‌وه له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی له‌ وه‌به‌رهێنه‌ران و بازرگان ئه‌وه‌یه‌، زۆرێك لەوانەی كە قەرزەكانیان لە حكومەت وەرگرتووە، ئەو موڵكانەیان بە خەڵكانی تر فرۆشتوەتەوە كە وەكو بارمتە لای حكومەت دایانناوە، هەندێك لەوانە یەكەی نیشتەجێبوونی خەڵكیان وەكو بارمتە داناوە، سەرباری ئەمە هەندێك لەوانەی كە قەرزەكەیان وەرگرتووە، بەهای ئەو موڵكانەی كە وەكو بارمتە لای حكومەت دایانناوە كەمترە لە بڕی ئەو قەرزەی كە وەریانگرتووە.

به‌پێی داتاكانی وه‌زاره‌تی دارایی زۆرترین بڕی قەرزەكە سەرمایەدارێكی هەولێره‌ كە بڕەكەی (240 ملیار) دیناربووه. به‌شێك له‌و قه‌رزانه‌ش به‌ ناوێك وه‌رگیراوه‌، كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌و كۆمپانیایه‌وه‌ نه‌بووه‌ و ته‌نها ناوه‌كه‌ له‌ كاتی مامه‌ڵه‌كان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ به‌كارهاتووه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ بازرگان یاخود وه‌به‌رهێنه‌رو به‌ڵێنده‌ر بێت.


كه‌واته‌ به‌پێی بڕیاره‌كه‌ حكومه‌ت  زیاتر له‌  150 كۆمپانیا و 2 هه‌زار حه‌وت سه‌د وه‌به‌رهێنه‌ر و به‌ڵێنده‌رو بازرگان هه‌رێمی كوردستان ناچار به‌ پێدانه‌وه‌ی قه‌رز ده‌كات.

به‌ پێی داتاو ئاماره‌كان،  حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕی (741 ) ملیار دینار قه‌رزی داوه‌ته‌ بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌ران و به‌ڵێنده‌ران به‌شێوه‌ی قه‌رزی مه‌كشوف و خصم (كۆمپیاله‌) و قه‌رزی نه‌قدی، ئه‌وانه‌شی سوودمه‌ندبوون (2.774) دوو هه‌زارو حه‌وت سه‌دو حه‌فتاوچوار كه‌س و  150 كۆمپانیان . قه‌رزه‌كانیش له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌شبووه‌: 447 ملیار دینار له‌ هه‌ولێر وه‌رگیراوه‌ به‌ فائیده‌ی 11%.  267 ملیار له‌ سلێمانی وه‌گیراوه‌ به‌ فائیده‌ی 3% بۆ 8% به‌ شێوه‌ی قه‌رزی نه‌قدی، حه‌وت ملیار دیناریش له‌ دهۆك وه‌رگیراوه‌ به‌ فائیده‌ی 11%.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations