لامەرکەزیەت و حیبری ئەعزەم

هونەر تۆفیق
07.05.2020

لە تەموزی ١٩٩١ دا دەوڵەتی عێراق، دەزگا ئیداریەکانی لە سنووری ئێستای هەرێمی کوردستان کشانەوە، بۆشایی ئیداری بەمەبەستی خولقاندنی فەوزا لەناوچەکەدا دروستکرد.


بەرەی کوردستانی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیداریە بڕیاری هەڵبژاردنی مەجلیسی تەشریعی - پارلەمان - دا . ساڵی ١٩٩٢ بە پێکهێنانی مەجلیسی تەنفیزی -حکومەت - ئەو بۆشاییە پڕکرایەوە .


لەوکاتەوە جیاوازی لەسەر چۆنیەتی داڕشتنی سیستەمی ئیداری هەرێم بەردەوامە. تا ئاستی ڕوودانی شەڕی ناوخۆ، ناکۆکی و ململانێ لەسەر چۆنیەتی سیستەمی بەڕێوەبردن جیاوازی لەنێوان بۆچوونەکاندا هەیە .


هەر لەسەرەتاوە ئەو سیستەمە ئیدارەیە بەجۆرێک لە ئیدارەی تەفویضی ( دەستەڵاتی تەخویلکردن ) بەڕێوەچووە . سەرۆکی حکومەت - پارتی ، تەفویضی جێگرەکەی - یەکێتی کردووە ، بڕیاری ئیداری لەسەر ناوچەکانی ژێردەستەڵاتی حیزبەکەی بەدەستەوەبێت ، ئیدارەی تەفویضی لە وەزیرەوە تا پلەکانی خوارتریش پەیڕەوکراوە.


ئەم جۆرە ئیدارە ( نەمەرکەزی و نەلامەرکەزیەی ) یە ، لەهەرێمی کوردستاندا هەبووە ، تا کۆچی دوایی تاڵەبانی وەک خۆی مایەوە.


پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجامی بردنەوەی زۆرینەی دەنگی ناو پارلەمان لە ٢٠١٨ دا ، هەروەها غیابی ڕەمزەکانی ململانێ لەسەر چۆنیەتی ئیدارەی هەرێم ، سیاسەتی بەڕێوەبردنی بەرەو شێوازی ئیدارەی حیبری ئەعزەمان pontifex دەبات . کەهەنوتیانە بارەگای بارزانی دەکاتە مەرجەعی باڵا . قۆناغی ئیدارەی تەفویضی بەرەو کۆتایی دەبات . لێرەوە ئیشکالیەتی داواکاری لامەرکەزیەت سەرهەڵدەدات.


داواکاری لامەرکەزی لەخۆیدا هەڵگری نەزعەیەکی شۆرشگێڕانەیە لەهەر شوێن و وڵاتێکدابێت. لە دیدی هەموو دەستەڵاتە مەرکەزیەکانەوە پەیامی ڕوخێنەر و تێکدەرانە لەناو ئیدارەی لامەرکەزیدا هەیە . بۆیە بەچاوی گومانەوە لێ ی دەڕوانن .


بەپێ ی مادەی ١١٦ ی دەستوری هەمیشەیی عێراق، ئیقلیم و پارێزگاکان دەبێت لامەرکەزی بن. ئۆتۆنۆمی ئیداری و مالی خۆیان دەبێت . لێرەوە ئەو دوو بۆچوونەی کە لەناو هەرێمدا هەیە ، بەریەکدەکەونەوە. بۆچوونی لامەرکەزی پێ ی وایە، لەبەرئەوەی لامەرکەزی پارێزگاکان بەپێ ی دەستور ڕێگەپێدراوە، دەبێت لەناو هەرێمی فیدرالیشدا هەمان لامەرکەزیەت پەیڕەو بکرێتەوە . بەڵام بۆچوونێکی حیبر ئەعزەمانەش هەیە کە ئەو لامەرکەزیەتەی دەستوری عێراقی بۆ ئیقلیم ناکاتە لامەرکەزی پارێزگاکان . چونکە ئەگەر پارێزگاکانی هەرێم لەناو خۆدا لامەرکەزی بن یەکڕیزی نەتەوەیەیی لەبەین دەچێت . لەمەوە بۆچوونی سیاسی بۆ یەکڕیزی زاڵ دەکرێت بەسەر بۆچوونی ئیداری و مالیدا . بەرزکردنەوەی دیدێکی سیاسی بەسەر دەقێکی دەستوریدا بۆهەردوو بۆچوونە سیاسیەکە مایەی ناکۆکیە.


لەبۆچوونی داخوازی لامەرکەزیدا پرسی یەکڕیزی توشی سڵەمینەوە و ناڕوونیان دەکات لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی لامەرکەزیەتدا، ئایا داوای تەفویض (دەستەڵاتی مخەوەل) دەکەن؟ یان وردکردنەوەی کۆی دەستەڵاتی ئیداری لە وەزارەتی مەرکەزیەوە بەسەر یەکە ئیداریەکانی خوارەوەدا؟ یان ئەو دەستەڵاتەی دەستوری عێراق بۆی دیاری کردوون؟ لە گوتاری داخوازی لامەرکەزیدا ڕوونیە کامیان دەوێت، ئەمەش خاڵی لاوازی داخوازیەکەیانە.


لەبۆچوونی دژە لامەرکەزیەتیشدا هەرکامێک لەو سێ ئەگەرە جێبەجێ بکات یەکەم لە پرۆژەی دەستەڵاتی کەهەنوتی حیبر ئەعزەم کەمدەبێتەوە، دووەمیشیان پێ ی وایە بە ڕازیبوون بەو داخوازیە لە پێگەی سیاسی حیزبەکەیان لە ناوهەرێم و بەغدا کەمدەکاتەوە . دەستەڵات و پێگە لە ئایدیۆلۆژیای ئەو حیزبەوە لە سەردەمی ناکۆکی مەکتەب سیاسی و سەرۆکی حیزبەوە بایەخی مان و نەمان بووە بەلایانەوە . مەلا مستەفا بەڕوونی بە مەکتەب سیاسی وتووە: من نامەوێت وەک پادشای بەریتانیا ، مەلیکێکی ڕەمزی و بێدەستەڵات بم.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations