واعیزەکانی داگیرکەر

ئیبراهیم شێخ وەسانی
19.05.2020

(کورد، نەتەوەیەکە گرێی خۆبەکەمزانی هەیە، ئەگەر کوردێک لەگەڵ کوردێکی لەخۆی بەهێزتر کێشەی هەبێت، بۆ رووبەڕووبونەوەی دەچێتە بەرەی دوژمن و داگیرکەران، کوالێتی هەستی نەتەوەییمان ئەوەندە ئاچوغە، زوو رەش دەبێتەوە)

                               (١)
                         
دوێنێ پەرلەمانتاری کوتلەی ئایندە(سەرکەوت شەمسەدین) لەچاوپێکەوتنێکی لەگەڵ پێگەی ئەلکترۆنی (بغداد الیوم) داوا لەحکومەتی عێراق دەکات، بژاردەی سەربازی بەکاربێنێت بۆ راگرتنی هەناردەکردنی نه‌وتی کوردستان و، گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانە نەکەن کە باوەڕیان بەدەولەتی عێراق نیە.
((گرێی خۆبەکەمزانی کورد، چوونە بەرەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق))

                                 (٢)

کۆتایی مانگی رابردووش په‌رله‌مانتاری گۆڕان حاکم شێخ لەتیف، پۆستێكی‌ له‌فه‌یسبووك کردبوو، نوسیبووی " لەساڵی ١٩٧٥ کە ئاشبەتاڵ كرا، تاوەکو ساڵی ١٩٩١ کە لەژێر دەستی دوژمنی بەعسدا بووین، ھەرزانی و فەرحانی ھات و، کەس فەقیر و برسی نەما، ئازادی نەبێت لەھیچمان کەم نەبوو".
(( هەریەک لە بەرێزان حاکم شێخ لەتیف و سەرکەوت شەمسەدین، وەک نوێنەری کورد لەپەرلەمانی عێراق، مانگی ٣٨ ملیۆن و سێسەد هەزار دینار وەردەگرن))

                                 (٣)

 لەفەیسبوک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، پۆستی سیاسه‌تمه‌دار، رۆژنامه‌نووس، نووسه‌ران، ‬په‌رله‌مانتار، هونەرمەند، هاوڵاتی ئاسایی، ‌هه‌موو چینوتوێژه‌كان دەبینم، کە خۆزگه‌ به‌زه‌مانی به‌عس و سه‌دام و، چوونە ژێر حوکمی دەستەڵاتی ئێستای بەغدا ده‌خوازن.
(( دەزانم هه‌سته‌كانی مرۆڤ ده‌گۆڕێن، دەشێت دوێنێ رقت له‌كه‌سێك بووه، ئه‌وڕۆ خۆشتبوێت، بەڵام کورد نەبێت چ گەلێک له‌لایه‌ن گەلێکی دیکە جینوسایدو، ئەنفالو، کیمیاباران و تەعریب کرابێت، خۆزگە بەژێردەستی دوژمن دەخوازێ ))

                                (٤)

ئەوە راستە دەستەڵاتێکی زۆرخراپ لە کوردستان هەیە و، ناردنە دەرەوەی نەوتی کوردستان، سودی تەنها بۆ  هەردووک بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و، هەندێک بەرپرسی یەکێتی و، پارتی و، وڵاتی تورکیا و، مافیاکانی نەوت هەبووە، بەڵام ئایا عەرەبی عێراق هی ئەوەن لەدژی یەکێتی و پارتی هانایان بۆ ببەین و، داوای هاوکاریان لێبکەین؟! 
((خەلکی کوردستان هەمووی فەرمانبەر نیە، بۆچی تەنها باسی مافی موچەخۆران دەکرێت، ئایا ژیان لەژێر حوکمی دەستەڵاتدارانی شیعە و، حەشدی شەعبی لەبەغداو، بەسرە و نەجەف ئەو بەهەشتەیە کە ئەوانە خۆزگەی بۆ دەخوازان؟!))

                              (٥)

 تاسەر ئێسقان ئەو رەخنەگرانەم بەدڵە کە لەسەر بنچینەی فاکت و بیرکردنەوە دەوێن و رەخنە دەگرن، ئەوانەم خۆشدەوێن کە بۆچوونی خۆیان دەڵێن لەسەر دۆخەکەو، رەخنەی توند لەو دەستەڵاتە خراپەی کوردستان دەگرن.
((هەر هەوڵ و خەبات و چاڵاکیەکی ناوخۆ و، تەنانەت هەر فشارێکی مەدەنیانەی دەرەکیش، لەرێگەی رێخراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ گۆڕانکاری و، گۆڕینی ئەو شێوازە خراپەی حوکمرانی کوردستان ئەگەر بکرێت باشە، بەڵام پەنابردن بۆ بەغدا و داگیرکەرانی دیکەی کوردستان، کارێکی چەپەڵەو، جاشایەتی و خۆفرۆشیە))

                                 (٧)


نووسەری ئەمریکی جان ریچارد پێری، لەکتێبی کەریمخانی زەند دەڵێ ڕۆژێک کەسێک بەگریانەوە چووە لای کەریمخانی زەند، گوتی قوربان من لە زگماکەوە کوێر بووم، چوومە زیارەتی گۆڕی باوکت، شیفام بۆ هات، خان بەخزمەتکارێکی گوت بڕۆ دووبارە هەردووک چاوی کوێرکە! 
دەربارانی گوتیان قوربان ئەو کابرایە بەهۆی بەرەکەتی باوکت چاکبۆتەوە، بۆچی کوێری دەکەیتەوە؟
کەریمخان گوتی باوکم هەتامرد خەریکی دزی بوو، خۆشم نازانم گۆڕەکەی لەکوێیە، بەو شمشێرەی دەستم بوومە دەسەڵاتدار، ئێستا هەندێ ماستاوچی ئارامگایەکیان بۆ دروستکردوە، ئاخر چۆن دەکرێ گۆری باوکی من شیفابەخش بێت.
(( عەرەب، لەوەتەی هەن خەریکی دزی و، کوشتن و تاڵانکردنی کوردستانن، چۆن دەبنە شیفا بۆ دەردەکانی ئێمە لەکوردستان!
 ماستاو چیەتی و ،کۆیلایەتی و، ویژدان فرۆشتن هەرئەوەنیە کە لەلایەن هەندێکەوە بۆ دەستەڵاتدارانی کوردستان دەکرێت، خەریکە بەئاشکرا کەسانێک بەجۆرێکی زۆر مەترسیدارتر بۆ بەغداو داگیرکەرانی دەکەن))

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations