پارتی لە نێوان مسرور و نێچیرڤان بارزانیدا.!

بەدران محێدین
21.05.2020



لەدوای نسکۆی (ئاشبەتاڵ)ی ساڵی 1975 و رۆیشتنی بنەماڵەی بارزانی بۆ ئێران و دواتر نەخۆش کەوتنی مەستەفا بارزانی و چوونی بۆ ئەمەریکا، ململانێیەکی سەخت کەوتە نێوان مەسعود بارزانی و ئیدریسی برای، سەرکردە و مەکتەب سیاسیەکانی ناو پارتی توانیان ئەو ململانێیە بۆ بەژەوەندی مەسعود بارزانی بقۆزنەوە.
 لە دانیشتنێکی تایبەت خوالێخۆش بوو (جەوھەر نامیق) دەڵێت:
ئێمە غەدرمان لە ئیدریس بارزانی کرد، بۆ بەژەوەندی کورد و بۆ بەژەوەندی پارتی وا باشتربوو پشتگیری ئیدریس بارزانی بکەین بەڵام ھەڵەیەک بوو ڕویدا، بەداخەوە.!

لە راستیدا ھاتنەپێشەوە و سەرکەوتنی مەسعود بەسەر ئیدریس بارزانی مێژوویەکی خراپی دروست کرد، چونک ئەوکات قیادە مۆقەتە دروست بوو کە زۆر بە توندی دژی شۆرشی نوێ بوو بە سەرۆکایەتی سەرۆک مام جەلال دژی بەعسی فاشیست دەجەنگان، جگە لەمە کارەساتی ھەکاری لێکەوتەوە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش شەڕی براکوژی دەست پێکرد و ھێزەکانی پارتی بە نوێژی نیوەڕۆ پێش سوپای پاسداران دەکەوتن بۆ کوردکوژی لە شاری شنۆ و رەزاییە.


لە مێژووی زانستی سیاسی ھەمیشە باس لە دووبارەبوونەوەی مێژوو دەکرێ و مێژوو خۆی خۆی دووبارە دەکاتەوە، گەلی کورد بەداخەوە لە باشوور بەتایبەتی نەیتوانیوە سود لە ھەڵەکانی رابردوو وەربگرێت، دوای چەندین شۆرش و ھاتنەپێشەوەی زۆرترین دەرفەت بۆ دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتیمانیی ھیچ کاتێک بە سودی کورد تەواو نەبووە.
ئەوەی جێگای پرسیارە بۆ لە ئێستادا; ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبێکی خاوەن مێژوو و جەماوەر، جارێکی تریش مێژووی خۆی دووبارە دەکاتەوە؟ 


پێویستە سەرکردایەتی ئەو حزبە بۆ خەڵک و نەتەوە و نیشتیمان سوود لە ڕابردووی خواروخێچی حزبەکەیان و مێژووی لەکەداریان وەربگرن، ئەوجارە ھوشیارانە هەڵس و کەوت بکەن و بڕیاری ھەڵە نەدەن وەک سەرکردایەتیە کۆنەکەی ئەوکات.


ئەگەر بە وردیش بەراوردێک بکەین لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی، دەبینین پێگەی نێچیرڤان بارزانی زۆر بەھێزترە، لە ناوخۆ و لە سیاسەتی دەرەوەش، بەڵام ئەوەی بڕیاری کۆتایی دەدات و جڵەوی ئەو ھێزەی لەدەستە کامیانە؟!
ئەوە سەرکردایەتی و ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستانن ئەوە دیاردەکەن. ھیوادارین وانە و پەندێکیان لە هەڵەی ڕابردوویان وەرگرتبێ و لە حیکمەتی قسەکەی خوالێخۆشبوو، جەوهەر نامق تێگەیشتبن!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations