داڕمانی حکومەتەکەی پارتی لە زاری مەسرور بارزانییەوە

سەروەت هەڵەبجەیی
25.05.2020

حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر بە دەستی پارتییەوە بووە، زۆربەی جومگە هەستیارەکانی حکومەت لای نوێنەرانی پارتی بووە، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی حکومەت، وەزارەتە سیادییەکان، نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە، دۆسیەی نەوت و گرێبەستە ناشەفافەکانی و دەیان بابەتی دیکە کە بە دەستی پارتییەوە بووە و بە ناو حیزبەکانی دیکەی لە حکومەتدا بەشداری پێکردووە بەڵام خۆی بە تەنیا بڕیار بە دەست بووە و هیچ پرس و ڕاوێژێک بەوان لەو دۆسیە هەستیارانەدا نەکراوە و ناکرێت.


پارتی لە ژێر ناوی ئابوری سەربەخۆ و بە ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ بەغدا بۆ مەرامی کەسێتی و حیزبی، قووتی خەڵک و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانی بڕی و نەوتەکەی کوردستانی لە ڕێگای تەنکەر و بۆرییەوە هەرزانفرۆشی وڵاتانی دەرەوە بە تایبەت پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا کرد و کەس نازانێت چۆن و تا کەی ئەو تاڵانکردنە بەردەوام دەبێت. بە شکستی سیاسەتی سەربەخۆی ئابوری کە تەنیا پشتی بە داهاتی ناسەقامگیری نەوت دەبەست و بەفیڕۆدانی داهاتە ناوخۆییەکانی کوردستان لە لایەن پارتییەوە بۆ زاڵبوونی زیاتری خۆی، کاولکاری، نەبوونی خزمەتگوزاری، کەڵەکەبوونی قەرزەکان، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران، لاوازبوونی کەرتی تەندرووستی و پەروەردە و دەیان کێشە و گرفتی دیکە بەرۆکی ئەم کوردستانەی گرتووەتەوە.


ئەمانە دەسکەوتی چەندین خولی حکومەتی پارتییە کە سەردەمێک بانگەشەی ئەندازیاری ئاوەدانیی بۆ نێچیرڤان بارزانی دەکرد، پارتی بە پارەی بەلاشی نەوت و داهاتە ناوخۆییەکان و تا ڕادەیەک بودجەی بەغداش هیچ دەسکەوتێکی لە ڕازیکردنی خەڵک نەبووە و دەبینین کە ناڕەزایەتییەکان گەیشتووەتە لوتکە و لە تەقینەوەیەکی جەماوەری دەچێت و ئەزموونی حوکمڕانی کوردیشی ڕووبەڕووی پرسیاری جیدی کردووەتەوە.


ئەم شکست و داڕمانەی حکومەتەکەی پارتی لە لایەن کوڕی سەرۆکی ئەو حیزبەوە کە ئێستا سەرۆکایەتی حکومەت دەکات بە ئاشکرا دانی پێدا نراوە و ئەمەش پەیامێکی تایبەت و چەندین تێبینی لە سەر دەبێت.


ئەوەی کە مەسرور بارزانی باس لە شکستی سیاسەتی سەربەخۆی ئابوری و هەڵەی خولەکانی ڕابردووی حکومەتی هەرێم دەکات، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ باڵباڵێنی نێو پارتی و ئەو دوو جەمسەرییەی کە لە نێوان نێچیرڤان و مەسرور بارزانیدا دەبینرێت، قەیرانی ناوخۆیی پارتی کە بە بوونی مەسعود بارزانی لە ئێستادا تا ڕادەیەک کپ کراوەتەوە بەڵام ڕۆژێک سەرهەڵدان و لوتکەی ململانێکانی نێوان جوت ئامۆزاکە دەبینین.


سەرۆکی حکومەت لە وتارەکەیدا هیچ پلانێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەبووە کە یەکێک لەو هۆکارانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە ئاڵنگارییەکی گەورەی بەردەم دەسەڵاتدارانی هەرێم.


بارزانی کوڕ کە سەردەمێک بانگەشەی دەوڵەتی سەربەخۆ و جیابوونەوەی لە بەغدا دەکرد، ئێستا ڕێگاچارەی ئەم هەموو شکست و داڕمانە ئابورییەی کوردستان بە گەڕانەوە بۆ بەغدا و ڕێکەوتن لە گەڵ حکومەتی ناوەندی دەزانێت. خەڵکی کوردستان دەبێت لەوە دڵنیا بن کە تا دۆسیەی نەوت بە شەفافی نەخرێتە بەردەم دەسەڵاتدارانی بەغدا، بەم لاوازییەی حکومەتی هەرێمەوە هیچ هیوایەک بە ناردنی پشکە بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران نییە.


حکومەتی هەرێم کە سەرۆکەکەی دانی بە شکستی سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوریدا ناوە، دەبێت بیر لە دۆزینەوەی سەرچاوەی داهاتی دیکە بکاتەوە، بە پێچەوانەوە دەبێت چاوەڕوانی ئیفلیجبوونی ژیانی خەڵک و کاولبوونی زیاتری کوردستان لە داهاتوودا بین، ئەستەمە بەم لاوازییە و عەقڵیەتەی بەرپرسانی حکومەتەکەی پارتییەوە کە هیچ پرۆژە و پلانێکیان بۆ گەشەی کوردستان نییە، بەم ئامانجە بگەین.


دوو خاڵی دیکە دەبێت ئاماژەی پێ بدرێت. سەرۆکی حکومەتەکەی پارتی بە ئاشکرا دژایەتی خۆیی بۆ پرۆژەی لامەرکەزیەتی سلێمانی و ناوچەکانی دیکە ڕاگەیاندووە، ئەمەش بە واتای بەردەوامی ناکۆکییەکان لە گەڵ تیمی نوێی سەرکردایەتی یەکێتی دێت، بەمەش دەتوانین بڵێین کە هەر کۆبوونەوەیەکی نێوان ئەم دوو حیزبە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ماوەی ڕابردوو بە هۆی ئەو عەقڵیەتەی پارتی و کاربەدەستانی، سەرکەوتوو نابێت و تەنیا کات بە فیڕۆدانە.


یەکێتی و گۆڕان وەک دوو حیزبی دیکەی بەشدار لە حکومەتی هەرێم بەرپرسیاریەتییەکی مێژووییان کەوتووەتە ئەستۆ. ئەوان ئەم شکست و پێداگرییەی پارتی لە سەر شێوازی بەڕێوەبردنی حکومەت دەبینن و دەزانن کە کوردستان بەم دەسەڵات و سیاسەتەوە بەرەوپێش ناچێت. کاتی ئەوە هاتووە بڕیاری پێویست بدەن، مانەوەیان لە حکومەت بە واتای هاوبەشییان لەم شکستە دێت، یەکێتی و گۆڕان بۆ دڵخۆشکردنی لایەنگرانی خۆیانیش بێت دەبێت بڕیاری ڕاگرتنی پارتی و کۆتایی هێنان بەم شکست و داڕمانە بدەن، ئەو کات کە بەرژەوەندی خەڵک بووە بنەمای حکومڕانی لە کوردستان، دەتوانین بە دەسەڵاتی خۆماڵی گەشبین بین، بە پێچەوانەی ئەمەش دەسەڵاتی کوردی تەنیا ئامرازێکە بۆ دەوڵەمەندکردنی چەند بنەماڵە و تاقمێکی دیاریکراو و خەڵکیش بەرەو ئاسۆیەکی ناڕوون دەبرێن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations