ژن لەنێوان بەکاڵابوون وکارەکتەری ژنبووندا

كاشما جەبار
03.06.2020

لە دوای ڕوخانی ڕژێمی فاشیستی عێراق وکرانەوەی عەقڵی تاک وکۆمەڵگە بەڕوی جیهانی دەرەودا، ژن بوو بەیەکێك لەقوربانیەکانی گۆڕانکاریەکان، چونکە کەوتە نێوان ئیسلامیزم وسیکۆلاریزم، هەرکام لەکایەکان هەوڵیاندا بەرەو لای خۆی ڕاکێشی بکەن، فێمینیزم و خاوەن گوتارە فێمینیستەکان بەئاشکرا یان نهێنی بوونە سیمای لیبڕالیزم لە عێراق وکوردستان بەئاراستەی مافی ژن، ئیدی ووردە ووردە ئەو مۆڕاڵە کاڵ ببویەوە کە شەرم لە ژن بوون بکرێت، لە هەمان کاتدا پەروەردەبوونی خراپی ئەو نەوەیەی کە کەوتنە نێوان ڕژێمی دیکتاتۆر وجەنگ و تاڕادەیەکیش دیموکراسیەوە و لەو نێوانەدا ژیان بوو بەهۆی بەلاڕێدا بردنی هەندێک کایە وپرسی گرنگی تایبەت بە مافە بنەڕەتیەکانی ژنان کە هێشتا بەدەست نەهاتبوون.

بە درێژایی مێژوو، ژن هەمیشە وەک هۆکارێک بۆ پڕکردنەوەی غەریزەی شەهوەت تەماشاکراوە، ئەمە تەنها لە هەرێمی کوردستان یاخود عێراقدا وانیە، بەڵکو کێشەیەکە بوونی هەیە لای تەواوی ئەو بیروئایدیا جیاوازانەیشی کە تاڕادەیەك بڕوایان بەمافی ئافرەت هەیە بە فێمینیزم و ئیسلامی وعەلمانیەکانیشەوە.

لێرەوە دەمەوێت بڵێم ژن کرا بەکاڵا! بەڵام کێ بەرپرسە لەم بەکاڵا کردنەی مێینە؟ ئەی کێ هۆکاری سەرەکی ڕاکێشان و پڕفرۆش کردنی کاڵا مادی وئاساییەکانیەتی لە ڕێگەی کەڵکوەرگرتن لە ڕووت کردنەوەی جەستەی ئافرەت وپیشاندانی ژن؟ بێگومان کاتێک پرسی ژن خەمی هەموو لا وئایدۆلۆژیا جیاوازەکان بێت، دەبێت بەگرنگی ئاوڕ لەم پرسە بدرێتەوە، دەنا ئافرەت زۆر زیاتر و زیاتر دەبێتە قوربانی ئیگۆ سێنتریزمی پیاو، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی ئەم هەمو کۆمپانیا زەبەلا‌‌حانە و ئەو ڕێکخراوی لۆکاڵی و نێودەوڵەتیانە، کە بوونە مایەی ئەوەی خەڵك لەپڕ وبێ پێشەکی و زەمینە سازی هەڵدرێنە ناو دنیایەکی تەواو جیاوازەوە بەبێ هەبونی هیچ زەمینە سازی و بەرچاو ڕونیەک بۆ گەلێکی داخراوی پیاو سالاری وەک عێراق و کوردستان، بۆیە خۆگرتن لەبەردەم هێرشی دنیای تێکنۆلۆجیا بەو خێراییە وهاتنی دەیان سایتی پۆرن بەبێ سنور قورسترین شت بوو لای تاکەکان.

ئەم پێشهاتە نوێیانە پەیوەندیە جێندەریەکانی هەڵدایە شوێـنێکی ترەوە. کە لەلایەک پیاوانی ئاینی بوونە دەستەبەری حوکم و لەلایەک سیکۆلاریزمیش وا گەشەی دەکرد، بەدەر لە هەمو ئەمانەیش دنیای پۆڕن و هونەری ئەمریکایی وڕۆژاوایی لەگەڵ هاتنی شەپۆلی ڕزگارکەری ئەمریکی وتێکشکێنەری ڕژێمی بەعسدا بێ شومار و بەبێ پرس خۆیان کرد بە هەموو ماڵەکاندا.

«پۆڕن» ی ئەمریکایی، نەشتەرگەری جوانکاریی ئافرەتانی بەدوای خۆیدا هێنا بۆ ڕازیکردن و تێر کردنی شەهوەتی پیاوانی برسی بە سێکس و ئالودە بو بە دنیای پۆڕنی تازەهاتوو، کەسەرەتا لەسەتەلایتەوە ودواتریش لە ئینتەرنێتەوە ئالودەی بوون.

ئەم بارودۆخە تازەیە کێشەکانی ژنانی زیاتر وئاڵۆزترکرد، وەك زوو بەشودانی کچان و بازرگانی کردن بەجەستەی ئافرەتان وکوشتنی ژن بەلێشاو...، کە بوونە کێشەی گەورە لە عێراق وکوردستانیشدا.

لەبەرانبەریشدا پەنا برایە بەر بەزۆر ئیسلامیزەکردنی دەسەڵات و گەڕانەوەی پەچە و نیقاب وعەبای ڕەشی خێڵەکی و پاشانیش نوسینەوەی دەستور بەپشت بەستن بە دەستوری ئیسلامی، کەخۆی لەخۆیدا شێواز و ڕوویەکی تری دژیەك وناکۆکیەکەکانی کایە وجومگەکانی دەسەڵاتن لەعێراقدا و، کوردستانیش بێ بەش نەبوو لەم دۆخە مەترسیدارە، بەتایبەت دوای کرانەوەی دەروازەکان بەڕوی ناوچەکانی خواروی عێراقی عەرەبیدا.

هاتنی چەندەها سەرمایەداری نوێ وزیادبوونی ژمارەیان وکرانەوەی ژمارەیەكی زۆر دیسکۆ ویانەی شەوانە ومۆتێل وشوێنی نوێ لە نمونەی سەنتەرەکانی مەساج، کە بەشێك لەم شوێنانە دواتر بوونە شوێنێکی لەبار بۆ بازرگانیکردن بەجەستەی ژنی بیانی و عەرەبەوە، لەناویشیاندا هەندێ ژنی کورد، بێگومان دواکەوتوویی کۆمەڵگاکە بۆ قبوڵنەکردنی کرانەوە ئەم شتە نهێنیانەی هێنایە بون.

هەروەها کرانەوەی نێوان هەرێمی کوردستان وپارچەکانی تری عێراق بووبەهۆی هاتنی بەلێشاوی ئەو باندە لەش فرۆشانەی لەوێ ژیانیان لەمەترسیدا بوو بەهۆی زاڵێتی زیاتری کلتوری خێڵەکی لەوێ، بێگومان هاتنی ئەم باندانە لەژێر ناوی جیاواز بەبێ سانسۆرکردن و قەدەغەکردنیان بوو.

لەپڕ دەرکەوتنی سەرمایەداری خۆجێیی و بوونە سەرمایەداری هەندێك کەس، کە کاریان بووبە هێنان و فرۆشتنی جل و بەرگ ومارکەکان، بۆئەمەش پەنایان بردە بەردانانی ئافرەتانی نیمچەڕوت بۆساغ کردنەوەی کاڵاکانیان، چونکە کۆمەڵگە تینوی جەستەی ئافرەت بوون، ئیتر خۆنەویستانە بووە زیادبونی دیاردەی بەکاڵاکردنی ژنان و دەرخستنی ڕووە سێکسیەکەی جەستە ئافرەت کەمیکانیزمی تێرکردنی حەزەکانە، ئەمەش وایکرد بواری بازرگانی بۆ قازانجی زیاتر وپڕفرۆشی بەرهەمەکانیان بەدیار خستنی جەستەی ئافرەت ببێتە شتێکی تاڕادەیەک باو و ئاسایی، ئافرەتیش وەك کاڵا بووە مۆدە وئەوانەیان زیار خواستیان لەسەربوو کە وەک هەمان ئافرەتانی پۆڕن بن و خاوەنی هەمان وجەستە ولەشولاری پڕکراو لە فیلەرو بۆتۆکس وسەناعی بن، ئەم دۆخە نوێیە هەمو کایەکانی ژیانی گرتەوە بێ ئاگا یاخود بەمەبەست خۆی هەڵدایە نێو کایەی سیاسی و میدیای وتەنانەت ناوەندەکانی خوێندنیشەوە.

نەبوونی ژنان لە نێو کایە گرنگەکانی وەک سیاسەت وڕۆشنبیری وسەرکردایەتی کۆمەڵگە وچەسپاندنی مافەکانیان، وەهەبونیان لە سەنتەرەکانی جوانکاری وپڕکردنی جەستەیان لەجوانی ساختە وسلیکۆن ونواندنی جەستەیان بەشێوەی بێ ئاگایانە وەک ئەستێرەکانی پۆڕن، پرس وبابەتێکە پێویستی بەئاوڕدانەوەی جدی وهەڵمەتی هٶشیارکردنەوەی تەواو هەیە.

لەگەڵ ئەوەدا کەئافرەت لە ژێرناوی «کلتوری پیاو سالاری وکۆدی حەیاوشەرەف و...» دا لە نیوان دوو تەوقی دیلیدا دانراوە، بەڵام وەک جەستە ونمایشکردنی ئارەزوی سێکسی هەمیشە باسێکی پرس هەڵگرە وجێگەی قسەیە.

لەکۆتاییدا دەمەوێت بڵێم: هەرچەند پیاوانی نێو کایەی سیاسی بەجیاوازی بیریانەوە لە ئیسلامی و عەلمانی و سۆسیالستی و سەرمایەدار، هەروەها بەجیاوازی پیشەیانەوە لە خاوەن دنیای ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی ڕیکلامەوە تا بزنس، هەمویان پشکیگەورەیان هەیە لەم کردنە کاڵایەی جەستەی مێینەدا، بەڵام ژنانیش خۆیان ئامادەن بۆ ئەم بوونە کاڵایە وشان بەشانی ئەوان بەشداری هەمان خواستن، چونکە نەبونەتە داکۆکی کارێکی ڕاستەقینە لەمافەکانی خۆیان وشکێنەری ئەوبیرکردنەوە چەقبەستووەی کەئافرەت تەنها لەجەستەدا دەبینێت و بەس! بەڵكو ژنان بۆ بەرجەستەکردنی ئەو خواست وتێروانینە نیگەتیڤە بەرانبەریان ئامادەن ئازاری جەستەی خۆیان بدەن بەکردنیان بەبوکی باڕبی یاخود مۆدێلە بیانیەکان وڕۆژاوایی وئەمریکایەکان، وەناتوانن ئازادانە خاوەنی جەستەی خۆیشیان بن.


تێبینی/ بۆ نوسینی ئەم بابەتە سود لەم گۆڤارەی خوارەوە وەرگیراوە:
british culture magazine



زیاتری نوسەر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations