بەرخۆدان ژیانە، لەو كێوانە، لە هەر جێیەكی ئەم جیهانە...

هاوژين زيبا
20.06.2020


 پەكەكە، بە جەنگاوەرە پەروەردەكراوەکانی؛ ئەو گەریلایانەی لە ژیانێکی زەحمەتدا، لە پێناو دۆزی خۆیدا دەجەنگێت. 

پەکەکە، بینی ژیانە بەو جۆرەی كە  سروشتییە،  لەنێو سیستەمی سەرمایەداریی و پیاوسالاریی لە قاڵب نەدراوە... پەکەکە، پێكەوەبوونی گەلانە، رێزگرتنە لە مرۆڤ و تواناكانی...

پەکەکە، بەگەڕخستنی توانا و وزەی شاراوەی مرۆڤەكانە. ڕاستگۆییە لەگەڵ دەوروبەر. ڕێگرتنە، لە سروشت و ژینگە. پەکەکە، کەم نەبینینی ڕەنجی  منداڵ و گەنج و بەساڵاچوانە...

بینینی ژنە وەك مرۆڤێكی خاوەن بڕیار و ئیرادە و  كەسایەتی لەسەرپێ وەستاوی خۆی. بڕوابوونە بەسۆزی راستەقینەی دایكان و دڵسۆزی و هاوکاریی.  قوربانی بێ بەرانبەری ژنە دژ بە داگیرکاری زوڵم و زۆری، تێکۆشانە بۆ ژیانی ئەوانی دیكە. هێزی ژنانە، دنیابینینی ژنانە...

پەكەكە، چاندنی نەمام و گوڵ و درەختە، هەڵمژینی هەناسەی پاکژی سرووشتییە، پارێزگاری لێ کردنیەتی...

پەکەکە، تێگەیشتنە لەودیو ڕووداوەکان و  فرتوفێڵ و گەمە سیاسییەکانی وڵاتانی داگیرکەر. بە خودا نەزانینی دەوڵەتی یەك نەتەوە و یەك زمان و یەك ئاینە، بڕوابوونە بە بەیەکەوە ژیان و هێزی مرۆڤەكان، بە درۆخستنەوەی سیاسەتی سەرمایەداریی و دەوڵەتانی سنور بۆ كێشراو و پارێزراو بە چەك و تانك و تۆپ. زیندووبوونەوەی كولتوری سروشتیی ژیانە، ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكانە...

پەكەكە، گەڕانەوەی ئاوازی رەسەنی گۆرانییەكانە، هێنانەوەی ڕەنگی  سروشتیی رەنگەكانە، دەنگی بوێری ناو گەروەكانە... پەكەكە رێكخستنی رۆژگار و كاتەكانی رۆژانە و مانگانە و ساڵانەیە.

دانانای ئامانج و پلانە بۆ گەلێكی پارچە پارچەكراو....

هەزاران مرۆڤی ماندوو و تێکۆشەر، لەو کێوانە، لەخۆبردووانە ڕەنج دەكێشن، بەدەم لەرینەوەی داربەڕووەکان و هاڕەی شاخەکان و جریوەی چۆلەكەکان و پازدانی ئاسکەکان و گەشانەوەی گوڵەكاندا، دەخوێننەوە و خۆ پەروەردە دەكەن،  بۆ ژیان و بەرخوردان. پەکەکە ژیانە...

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations