هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ؟

بەختیار مەحمود
02.07.2020

لاوازبوونی پێگەی هەرێمی کوردستا پەیوەندی بە سیاسەتی حزبەکانی دەسەڵاتەوە هەیە لە ناوخۆی کوردستان بەرامبەر خەڵک ، چونکە سەرمایەی ئەم هەرێمەیان لە سێ دەیەی ڕابردوودا  لە نێوان حزب و بنەماڵە و خێزانە سیاسییەکان و شەخسە سیاسیەکاندا  تەخشان و پەخشان کرد تا کار گەیشتە ئەمڕۆ کە شەخسی سیاسی و کۆمپانیا هەیە لە حکومەت دەوڵەمەندترە ، ئەمە دەر ئەنجامی بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی شکستخواردووە ، کە مەحاڵە بە هیچ ڕێگەیەک  ڕاستبکرێتەوە.

بەغدا چی دەوێت؟

سازدانی کۆبوونەوە و دیداری حزبەکانی کوردستان بە تایبەت هی چەند ڕۆژی ڕابردوو ، دوای پەیامی مستەفا کازمی  سەرۆک وەزیرانی عێراق هات لە بەغدا ، کە بە نیازە  دەسەڵاتی دەستوری خۆی وەک دەوڵەتی عێراق بەسەر دەروازە سنورییەکاندا بچەسپێنێت ، ئەمە هەر پەیام نەبوو بۆ  دەروازەکانی پارێزگاکانی تری عێراق ، بەڵکو ، هۆشدارییەکی توند بوو بۆ حزبەکانی دەسەڵات لە هەرێم کە  ئێستا  باڵا دەستن لە دەروازە سنورییەکان و ، بە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان لە لایەن بەغداوە  هەنگاوی دواتریشی بە دوادا دێت کە ئەویش دەست بەسەرا گرتنی داهاتی فرۆکەخانەکان و ناوخۆیە ، ئەوەی بە دەست حزبەکانی هەرێمەوە  دەمێنێتەوە  تەنها بەڕێوەبردنی ئیش و کاری ڕۆژانە و ئەمنێتی شار و قەزا و ناحیەکانە  لە ڕێگەی پۆلیسی محەلییەوە ، درک پێکردنی ئەم مەترسیە هۆکاری سەرەکییە بۆ وەلا نانی ناکۆکی نێوان حزبەکان و  دروستکردنی مانۆڕێکی خێرا لە نێوان خۆیاندا ، چونکە بەو  شێوەیە بەغدا  دەیەوێت  ڕۆڵی هەرێمی کوردستان  بە تەواوی بەرتەسک بکاتەوە ، لە ناوخۆی هەرێم-یش حزبەکان بەگشتی و حزبەکانی  دەسەڵات بەتایبەتی وەزعی جەماوەرییان خراپە و زۆرینەی خەڵک پشتی لەو حزبانە کردووە و بە دوای بەدیلیاندا  دەگەڕێت.

قەوارەی هەرێمی کوردستان لە بەردەم مەترسیدایە؟

کیانی هەرێمی کوردستان دوای مێژوویەک لە قوربانیدان هاتە بوون ، بەڵام لە پاڵ ئەم قەوارەیەدا  سەودا و مامەڵەی بازرگانی و شەخسی ملیارلەر دروست بوو ، نەتەوەی کورد لە باشوری کوردستان ڕۆژگارێک  ئاواتی دەخواست کە سەربەخۆ و ئازاد بێت ،  ئەمڕۆ دوای٢٩ ساڵ خاوەنی کیانی سەربەخۆ و  ئابوری سەربەخۆ ئێستا خەڵک برسێتی  ، ئێستا خەڵک دەچەوسێتەوە ، ئێستا خەڵک زوڵمی لێدەکرێ  لە ژێر ساباتی  کیانی هەرێمی کوردستاندا ، ئەوە  خەڵک نیە  داوای هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان  دەکات ، بەڵکو ئەوە  ئەوانەن کە بوونە  مەترسی بەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان-ەوە و  ماڵی خۆیان لە خەڵک جیاکردەوە و دەستکەوتەکانی شۆڕش و کوردایەتییان لە نێوان خۆیان و بنەماڵەکانیان بەش بەش کرد.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations