گه‌رمیان دەڤەرێکی كاره‌ساتبار !

دڵشاد سەید عەلی
06.07.2020


ئه‌وه‌ی بۆ 5 خوله‌كیشبێت سه‌ردانی ته‌ندروستی گه‌رمیان بكات، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چ كاره‌ساتێكه‌ ناوێكی گه‌وره‌ و بینایه‌كی چۆڵ و چه‌ند كارمه‌ندێكی كه‌می خه‌م خۆر و خۆنه‌ویست و كۆڵنه‌ده‌ر، له‌ ژێر ئه‌و ناوه‌ زه‌به‌ڵاحه‌دا خه‌می دانیشتوانی ئیداریه‌كیان له‌ كۆڵناوه‌ و له‌م ساته‌ ناهه‌مواره‌دا ژیانی خۆیان خستوه‌ته‌ مه‌ترسیه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تێكی كه‌می ئه‌م خه‌ڵكه‌ لێقه‌وما و ره‌شو ڕوته‌ بكه‌ن.

كه‌رتی ته‌ندروستی گه‌رمیان چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ شه‌له‌ل بوه‌ و برواناكه‌م هیچ كه‌سێك له‌م ناوچه‌یه‌ ئومێدی پێی هه‌ڵچنیبێت، له‌گه‌ڵ هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنادا نه‌خۆشخانه‌ی قه‌ڵا له‌دایك بوو،چه‌ند سه‌رمایه‌دار و خۆبه‌خش و ژماره‌یه‌ك به‌خشه‌ر له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا دروستیانكرد و پێشكه‌ش به‌ ته‌ندروستیانكرد، دروستیكردنی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ كه‌مێك تروسكای له‌ دڵی گه‌رمیانیه‌كاندا دروستكرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هیوایه‌ هه‌رزوو هه‌موانی بێ هیواكرد و له‌ ئێستادا گرفتی نه‌بوونی پزیشك و كارمه‌ندی ته‌ندروستی ته‌نگی به‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ هه‌ڵچنیوه‌ و له‌ ئێستادا ته‌نها چه‌ند كارمه‌نێكی كه‌می خۆبه‌ش ده‌یبه‌ن به‌ڕێوه‌ هه‌ندێك جاریش نه‌خۆشخانه‌كه‌ شه‌وان تا به‌ره‌به‌یان به‌بێ خه‌فه‌ر نه‌خۆش به‌ڕێده‌كات و تووشبووه‌كان ده‌درێنه‌ ده‌ستی قه‌ده‌ر، له‌كاتێكدا هه‌ندێكیان به‌هۆی ته‌نگه‌نه‌فه‌یسی و ئۆكسجینه‌وه‌ پێویستیان به‌ چاودێری ورد هه‌یه‌.

لێره‌دا ئه‌وه‌ی گرنگه‌ جیاواو له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌رێم گه‌رمیان وه‌ك شاری كاره‌ساتبار ته‌ماشابكرێت وبه‌زوی تیمی ته‌ندروستی و هاوكاری پزیشكی ب‌گه‌یه‌ندرێته‌ سنوره‌كه، چونكه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر تووشبوو هه‌ن و مه‌ترسی زیاتربوونی ڕێژه‌كه‌ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ربێت و ئه‌م ناوچه‌یه‌ پشتگوێ بخرێت كاره‌ساتێكی مرۆی گه‌وره‌ چاوه‌روانی گه‌رمیانیه‌ خێرله‌خۆنه‌دیوه‌كان ده‌كات.

به‌ به‌رده‌وامی ئاگادار ده‌كرێینه‌وه‌ كه‌ وه‌زعی ده‌یان نه‌خۆش خراپه‌ و ژیانیان له‌ مه‌ترسیدایه‌، چه‌ند ڕۆژێكه‌ ده‌یان كه‌س په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردوم بۆ به‌خشینی پلازما بۆ ئازیزه‌كانیان، ده‌یان دۆست و دراوسێ و خزم و ناسیاوی خۆمان له‌ سنوره‌كه‌ به‌خۆمیشه‌وه‌ تووشی كۆرۆنابوون و زۆربه‌یانی له‌ماڵه‌وه دانیشتون و چاوه‌روانی ره‌حمه‌تی خودا ده‌كه‌ن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations