پرساندن و ترساندن

سەرتیپ جەوهەر
06.10.2020

پرسی پرساندن لەماوەی چەند رۆژی پێش هاتنی حكومەت بۆ پەرلەمان لێكدانەوەی زۆری بۆ دەكرا. هەندێك پێیانوابوو جۆرێك لەترس هەیە سەبارەت سەبارەت بەهاتنی سەرۆكی حكومەت بەتایبەت لەرووبەرووبونەوەی هەندێك لە پەرلەمانتاران كە رادیكاڵانە پەیامی خۆیان لەمیدیاكان دەگەینن. دانەنانی ئاو بۆ پەرلەمانتاران لەهۆڵی پەرلەمان و هەندێك رێوشوێنی دیكەی پێشوەختە لەناو پەرلەمان، بەڵگەی ئەو بۆچوونەیە كە جۆرێك لەترس هەبووە.

رەنگە ئەو پرسیارە دروست بێت بۆ بەشێك لە پەرلەمانتاران لەبری هۆڵی پەرلەمان، دۆسیەو بابەتەكانی كاری لەسەر دەكەن، لەدەرەوەی هۆڵی پەرلەمان و لەمیدیاكان و توندڕەوانە دەیخەنە روو؟ كە هەندێجار گرژی سیاسیشی لێكەوتۆتەوە.

رەنگە بەشێك لەپەرلەمانتاران بەتایبەت ئۆپۆزسیۆن مەبەستی سیاسی و بۆ موزایەدە شاشەی تەلفزیۆنەكان بەكاربێنن، ئێمە لەوانە دەگەڕێین و قسەی لێناكەین، بەڵام لەڕاستیدا یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی دیاردەی وروژاندنی دۆسیەكانی گەندەڵی و كەموكوڕییەكانی حكومڕانیی لەمیدیاكان، خراپی باری سیاسی و لاوازبوون یان پەككەوتنی دامەزراوە دەستورییەكانی حكومڕانییە بەتایبەت پەرلەمان كە ئەركی چاودێریكردن و لێپێچینەوەی حكومەت.

ئەو رستەیە تەواو دروستە ئەگەر بڵێن لەگەڵ گرژبوونی دۆخی سیاسی لەكوردستان، دامەزراوەكانی حكومڕانی پەكیان دەكەوێت و گۆد دەبن. چونكە وەك پێویست كەلتوری دیموكراسی چەكەرەی نەكردووە. سەرەنجام هەر گرژییەكی سیاسی رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر باری حكومڕانیی و ژیانی خەڵكیش دەبێت. هەروەكچۆن لەوەتەی ئەم حكومەتە دەستبەكاربووە، بەهۆی گرژی نێوان پێكهێنەرانی حكومەت بەتایبەت پارتی و یەكێتیی. نەك توانای خزمەتگوزاریی بەڵكو ناتوانێت بێ‌ هاوكاریی بەغدا موچەش بدات. پەرلەمانیش كە ئەركی سەرەكی بریتیە لە دەركردنی قانون و چاودێركردنی حكومەت، بەهۆی ئەو گرژییە سیاسیانەی هەن، چالاكییەكانی زۆر لاواز بووە، توانای جموجۆڵی نەماوە. بۆیە دەبینین پەرلەمانتار كاتێك دەبینێت ناتوانێت لەڕێی هۆڵی پەرلەمان گوشار بكات، دێت لەمیدیاكان زەمینەی دروستكردنی هەرای ئیعلامیی بۆ دروستدەكات. لەو باسەدا سەرباری تێكەڵبونی (نیەت)ەكان بەڵام هەندێك دۆسیە كە لەمیدیاكان وروژێنراون كاریگەریان لەسەر رایگشتی دروستكردووە، هەندێجاریش حكومەت لەڕێی میدیاو وتەبێژەوە وڵامی داوەتەوە.

سەرەنجام هاوكێشەكە روونە. گرژی سیاسی یەكسانە بەتێكچونی دۆخی حكومڕانی و ئابوریی و تەنانەت باری دەروونی خەڵكی كوردستان. ئەگەر بخوازرێت ئەم دۆخە پێچەوانە بكرێتەوە، پێویستە هیوری سیاسی و رێككەوتنی سیاسی بەركاربێت. ئەو هێوریی سیاسیەش بەبێ‌ شەراكەتی راستەقینە لەبڕیاردان و بەشداریی لەجومگەكانی حكومڕانی نایەتەدی، خۆ ئەگەر هەوڵیش بدرێت بەهەندێ كەس و گروپ پارسەنگی حكومڕانی تەنها بەژمارە پڕبكرێتەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە درێژە ناكێشێت و لەنیوەی رێگا شەمەندۆفێرەكە لەنیوەی رێگا پەكی دەكەوێت. هەروەكو ئێستا رێگای راستی ونكردووە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations