خوێندەوەیەكی تر بۆ (١٦) ئۆكتۆبەر ‏

عیماد ئەحمەد
15.10.2020

دڵۆپەی شەونم گریانی گوڵە                        
لێزمەی باران گریانی ئاسمانە
رووباری سیروان گریانی كوردستانە
١٦ئۆكتوبەریش خۆی گریانە

‏‎ لەمێژووی نوێماندا (١٦) ئۆكتۆبەری ساڵی(٢٠١٧)


  دواهەمین كارەسات بوو  لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراق بەگشتی و لایەنی شیعەی دەسەڵاتدار بە بەتایبەتی بە سەر كوردا هات، بەڵام جیاوازیەكی زۆر جەوهەریشی لەگەڵ ستەم و غەدرەكانی پێشوو هەیە، چونكە دۆستەكانی دوێنێمان لە كاتێكدا هێشتا كفنەكەی هەڤال مام جەلال زەرد نەبوبو كە (صمام الامان ) ی عیراق بوو بە هەمان سیاسەتی‌ ‌ رژێمە دیكاتۆرەكان كارەساتێكی تریان دژ بە كوردستان ئەنجامدا.

‎‏‎١٦ئۆكتۆبەر كارەسات و تاوانێك بوو دژ بە میللەتە ستەمدیدەكەمان،لەم رۆژەدا  بەرونی هەڵوێستی راستەقینەی  بەشێكی شیعەی عەرەب دەركەوت و ماسكی درۆزنانەیان بەرامبەر بە ئەزمونی فیدڕاڵی لە كوردستان داماڵدرا كەچۆن ئەوان لە سەردەمی حوكمڕانی و  دەسەڵاتدا بێ بەڵێن و بێ وەفا دەرچوون و چاكەی كورد و  بزوتنەوەكەیان لەبەرچاو نەبوو، بەناوی زۆرینەی پەرلەمانی و لەڕێی حكومەتی مەركەزیی و ئیعلامی چەواشەكاری دەستیان خستەناو دەستی هەندێك لە شۆڤێنی سونەی عەرەب بۆ دژایەتیكردنی خەڵكی كوردستان كە  لەسەردەمی شۆڕش و بەرهەڵستكاری چەندین یارمەتی و پشتیوانی و هاوكاری شیعەی كردووە لەم ڕوەشەوە ھاوخەباتی و ھاوپەیمانی نێوان كورد و شیعە وەك دوو پێكھاتەی زوڵملێكراوی عێراق مێژوویی بووە. لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەعسیش و بەتایبەتی سەرۆك مام جلال زۆر هەوڵ و كۆششی كردوە بۆ بەهێزكردنی پایەكانی پێكەوەژیان و سازان و پێدانی پێگەی بەهێز بە شیعەی ھاوخەبات لە دامەزراوە تازەكانی عیراقدا.

‎لەدوای سەرھەڵدانی داعش و پەرەسەندن و سەركەوتنی لە زۆر  ناوچەدا كەخەریك بوو لە (كازمیە )و (نەجەف )و(كەربەلا ) نزیك ببنەوە. بەهاوكاری هەموو لایەك تێك شكێندران. بەڵام  دوای شكستی داعش و رزگاركردنی بەشێكی زۆری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەناو (دەوڵەتی ئیسلامی) بەهاوكاری هاوپەیمانان و  پشتیوانی و یارمەتی هێزی پێشمەرگە كوردستان بۆ سوپای عیراق و حەشدی شەعبی، بەداخەوە دەسەڵاتدارانی عیراق لە جیاتی سوپاس و  پێزانین و  پێشكەشكردنی یارمەتی و هاوكاری بۆ كوردستان،  هەلی ریفراندۆمیان قۆستەوە و وەكوو ئەوەی هەنگیان لە كونی داردا دۆزیبێتەوە بەبێ رەچاوكردنی هاوپەیمانیەتی و دۆستایەتی بە دەبابەی ئەبرامزی ئەمریكی و بە سەرۆكایەتی عبادی و بەسەرپەرشتی و پشتیوانی دەرەكی پەلاماری كوردستانیاندا لە ئەنجامیشدا  ناوچەیەكی بەرفراوانی كوردستان لە هەرێم دابرا و   ژمارەكی زۆری پێشمەرگەی  كوردستانیش شەهید بوون، بەمەش ئەو ناوچانە دیسانەوە كەوتنەوە ژێر  دەستی زوڵم و ستەمی هەندێ لایەنی شۆڤینی عەرەب و دووبارەبوونەوەی سیاسەتی تعریب و تەهجیری شۆڤێنیەكان دەستی پێكردوە، ئەمە وێڕای  سەپاندنی سزای دارایی و ئابووری و ئیداریش بەسەر هەرێمی  كوردستان. ‎

‏‎لەڕاستیدا ریفراندۆم مافێكی رەوایە و رێگایەكە بۆ جێبەجێكردنی ئاشتیانەی مافی چارەی خۆنوسین، بەڵام كاتێك بێ رەچاوكردنی تەرازوی هێز  و بەبێ گوێدان بەئامۆژگاری دۆستان و هەرەشەی دوژمنان،  وەك كورد تاك لایەنە ریفراندۆمان  ئەنجامدا، ئەوا وێڕای ڕەوایەتی مافەكە،و سەروەرییەكی مێژوویی  ، مللەت دەنگی خۆی گەیاند و دووژمنەكانیش گوورزی خۆیاند وه شاند و ستەمی رۆژگاری لێكەوتەوە. 

‏‎لەم سەروبەندی ئەم میحنەت و كارەساتەدا، بەداخەوە لایەنە سەرەكیەكانی هەرێمیش لەبری یەكڕیزی  جارێكی دیكە كەوتنە ناو دۆخی ململانێی سیاسی توندوتیژ و  تۆمەتباركردن و هێرشكردنە سەر یەكتر ، لەجیاتی برین سارێژ كردن، تیزابڕێژی برینە كۆن و تازەكان كرا،  دەرئەنجام بەمەش خەڵكی كوردستان  زەرەرمەندی یەكەم بوو، ئەوان بەم پەلامارە دڕندانەیە دوو نیشانیان پێشكاند ناوچەیەكی زۆریان بەهێز لە ئێمە وەرگرتەوە، لە لایەكی تریش تۆوی ناكۆكی و دووبەرەكیەكی قوڵیان لەناوماندا چاند‏‎.

‏‎ئێستاش دوای تێپەربونی چەند ساڵێك بەسەر ئەو ڕوداوە ئەركی راستەقینەی لایەنە سیاسییەكانی سەر گۆرەپانی كوردستان لەم قۆناغە سەختەدا، دانانی نەخشەڕێگایەكە بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان و دەربازبون لەم قەیرانەدا، ئەوەش خۆی لە یەكریزی و یەكهەڵوێستی و یەكدەنگی ھەموو لایەنە سیاسیەكان ئەبینێتەوە لەڕێگای كۆبونەوەی فراوان و  بەشداریپێكردنی زیاتری خەڵك لە پرۆسەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری  لە  رێگای رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی  و هەڵسەنگاندنی زانستی و واقعی بۆ دۆخی ئێستای هەرێم و دەسپێكردنی چاكسازی راستەقینەی  ئیداری و دارایی و ئابوری و سیاسی و شۆركردنەوەی دەسەڵات  بە شێوەی( لامەركەزی)  بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان  و رێكخستنەوەی پەیوەندیەكانی هەرێم  و عێراقی ئیتحادی لە چوارچێوە دەستوردا، كە مافە رەواكانی كوردستان لە دابەش كردنی ئەرز و دەسەڵات و داھات و تەواوی شایستەكانی مسۆگەر بكات.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations