دەستتێوەردانی حکومەتی فیدراڵ لەکاروباری ناوخۆیی هەرێمدا
PM:06:59---23-01-2018
ئه‌م بابه‌ته 3644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
دەوڵەتی فیدراڵ جیا لە دەوڵەتی یەكگرتوو دوو ئاستی حوكمڕانیی تێدایە، ئاستێك كە حكومەتە فیدراڵییەكە بەرجەستەی دەكات و گوزارشت لە پره‌نسیپی بەشداریكردن و یەكێتیبوون دەكات و ئاستی دووەم بریتییە لە حوكمڕانیی هەرێم و كانتۆنەكان و بۆ خۆی دەرخەری پره‌نسیپی سەربەخۆبوونە… كەوابێ دوو ئاستی حوكمڕانی بە دوو تایبەتمەندی و دەسەڵاتی تێكەڵاوەوە جیا لەو تایبەتمەندییانەی بە شێوەیەكی دابڕ دراونەتە هەریەك لە ئاستەكان، جێبەجێكردنی ئەركەكانی حوكمڕانییان گرتووه‌تە ئەستۆ. ئەوەش گومان ناهێڵێتەوە لە درووستبوونی تێكەڵاوی و بەریەككەوتنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكان لە ڕووی دەقە دەستوورییەكان و جێبەجێكردنیانەوە.

ماڵپەڕی ئاژانس لە ڕاپۆرتیکی شیکاریدا باسلە دەستێوەردانەکانی حکومەتی فیدراڵ لەوردەکاریەکانی کاروبارە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کەیەكێك لە بابەتە هەرە هەستیارەكانی هەر وڵاتێكی فیدراڵی دابەشكردنی دەسەڵاتەكانە لە نێوان ئاستەكانی حوكمڕانی، بە جۆرێك هەر ئاستێك تایبەتمەندییەكانی خۆی بە ڕوونی بزانێ و هەوڵ بدا كار و چالاكییەكانی لە چوارچێوەی ئەو تایبەتمەندییانەدا پیادە بكا، ئەو ڕاستییەی تەواوی وڵاتە فیدراڵییەكان لەنێو بڕگە و ماددەكانی دەستووردا جێیان كردووه‌تەوە.

یەكەم: دەستپێك

دەوڵەتی فیدراڵ جیا لە دەوڵەتی یەكگرتوو دوو ئاستی حوكمڕانیی تێدایە، ئاستێك كە حكومەتە فیدراڵییەكە بەرجەستەی دەكات و گوزارشت لە پره‌نسیپی بەشداریكردن و یەكێتیبوون دەكات و ئاستی دووەم بریتییە لە حوكمڕانیی هەرێم و كانتۆنەكان و بۆ خۆی دەرخەری پره‌نسیپی سەربەخۆبوونە… كەوابێ دوو ئاستی حوكمڕانی بە دوو تایبەتمەندی و دەسەڵاتی تێكەڵاوەوە جیا لەو تایبەتمەندییانەی بە شێوەیەكی دابڕ دراونەتە هەریەك لە ئاستەكان، جێبەجێكردنی ئەركەكانی حوكمڕانییان گرتووه‌تە ئەستۆ. ئەوەش گومان ناهێڵێتەوە لە درووستبوونی تێكەڵاوی و بەریەككەوتنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكان لە ڕووی دەقە دەستوورییەكان و جێبەجێكردنیانەوە. بە جۆرێك ئەو دژكارییە پێویستی بە چارەسەری خێرا دەبێ بۆ ڕەواندنەوەی بە مەبەستی ڕێگریكردن لە ئاڵۆزیی دژكاری لە نێوان دەسەڵاتی ئیتحادی و دەسەڵاتی هەرێمەكان لە لایەك و لە لایەكی ترەوە بۆ ڕێكخستن و چارەسەركردنی ناوەڕۆكی بابەتە كێشە لەسەرەكە بە شێوەیەكی ئاشتییانە بەبێ بەكاربردنی هێز.

لەوەشەوە دەچینە ناو بابەتی سەرەكیی خوێندنەوە و باسەكەوە، كە دەكرێ بە پرسیارگەلێك بیخەینە ڕوو :

-ئایا درووستبوونی هەر ئاڵۆزی و پشێوییەكی توند لە هەرێمەكان، یان پێشێلكردنی دەقە دەستوورییەكان لە لایەن هەر هەرێمێكەوە، یان هەر هەوڵێك بۆ جیابوونەوە ڕێگە خۆش دەكا لە ڕووی حكومەتی فیدراڵیدا بۆ دەستتێوەردان لە كاروباری هەرێمەكان بە شێوازێكی دەستووری؟

-ئایا جێبەجێنەكردنی پابەندییە دەستوورییەكانی لەمەڕ ڕێزگرتن و پاراستنی ماف و ئازادییەكانی مرۆڤ لە لایەن ئاستی حوكمڕانیی هەرێمەكانەوە یان یەكێك لە هەرێمەكان دەرگا واڵا دەكا بۆ دەستتێوەردانی حكومەتی فیدراڵی بە پاساوی بەهاناوەچوونی ڕێگرتن لە پێشێلكاریكردنی ماف و ئازادییە گشتییەكانی مرۆڤ؟

-ئایا ئەزموونی فیدراڵیی عێراق ڕێگەی داوە بە حكومەتی فیدراڵی لە بارودۆخی دیاریكراودا دەست وەربداتە كاروباری هەرێمی كوردستانەوە لەڕێگەی پشتبەستنی بە بڕگە و ماددەكانی دەستوورەوە؟

-گەر ڕێگەی دابێ كەرەستەكانی بەردەم حكومەتی ناوەندی چین بۆ دەستتێوەردان، ئەكرێ یەكێك لەو كەرەستانە بەكاربردنی هێز بێ؟ ئەو پرسیارگەلانەی هەوڵ ئەدەین لێرەدا وەڵامیان بدەینەوە.

دووەم: دابەشكردنی تایبەتمەندییەكان لە عێراقی فیدراڵدا

یەكێك لە بابەتە هەرە هەستیارەكانی هەر وڵاتێكی فیدراڵی دابەشكردنی دەسەڵاتەكانە لە نێوان ئاستەكانی حوكمڕانی، بە جۆرێك هەر ئاستێك تایبەتمەندییەكانی خۆی بە ڕوونی بزانێ و هەوڵ بدا كار و چالاكییەكانی لە چوارچێوەی ئەو تایبەتمەندییانەدا پیادە بكا. ئەو ڕاستییەی تەواوی وڵاتە فیدراڵییەكان لەنێو بڕگە و ماددەكانی دەستووردا جێیان كردووه‌تەوە.

لە كاتێكدا جێكردنەوەكە لە وردەكاریدا لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر جیاوازە، بەگشتی ئەزموونی وڵاتانی فیدراڵی دابەش بووە بۆ چەند ڕێچكەیەك.(1 )

1-قەتیسكردنی دەسەڵاتەكانی هەردوو ئاست لە دەستووردا، واتە تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمەكان بە چەند خاڵێك دیاری دەكرێن، و ئەم ڕێگەیە ڕەخنەلێگیراوە چونكە دانەرانی دەستوور چەند ورد و درشتبن لە دابەشكردن و قەتیسكردنی تایبەتمەندییەكان هەر بابەتێك دەبێ كە لە بیری دانەرانی دەستوور نەبووە یان بابەتی نوێ دێتە پێش كە نازانرێ لە تایبەتمەندیی كام لە ئاستەكانی حوكمڕانییە، بۆیە ئەو كات بەردەوام مەرجەعێكی سیاسی پێویست دەبێ بۆ دیاریكردنی ئەو ئاستە حوكمڕانییەی تایبەتمەندە بەپیادەكردنی ئەو دەسەڵاتانە.

2-قەتیسكردنی تایبەتمەندییەكانی ئاستی حوكمڕانیی ئیتحادی بەچەند بڕگە و خاڵێك، جێهێڵانی هەموو تایبەتمەندییەكانی تر بۆ ئاستی حوكمڕانیی هەرێمەكان. بەم پێیە تایبەتمەندیی ئیتحادی ئاوارتە و سنووردار دەبێ، و تایبەتمەندیی هەرێمەكان بەرفراوانتر و گشتگیرتر دەبن. بەو جۆرەش تەواوی ئەو دەسەڵاتانەی نەدراون بە حكومەتی فیدراڵی جێگیر دەبن بۆ هەرێمەكان لەگەڵ هەموو ئەو تایبەتمەندییانەش كە لە داهاتوودا دێن.

ئەم شێوازە بەربڵاوترین شێوازە لە دەستووری وڵاتە فیدراڵییەكان بەتایبەت فیدراڵییە تەقلیدییەكان لە نموونەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمه‌ریكا و سویسرا. بەڵام لەو وڵاتانەشدا هەوڵی بەهێزكردنی ئاستی حوكمڕانی ئیتحادی دراوە بەرانبەر ئاستی حكومڕانیی هەرێمەكان.

١-قەتیسكردنی تایبەتمەندییەكانی هەرێمەكان لە چەند بڕگە و خاڵێكدا، و جێهێشتنی تایبەتمەندییەكانی تر بۆ ئاستی حوكمڕانیی ئیتحادی، واتە لێرەدا دەسەڵاتەكانی هەرێمەكان ئاوارتە دەبێ، و تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی ئیتحادی بەرفراوانتر دەبێ و هەموو ئەو دەسەڵاتانەی كە دیاری نەكراون بۆ هەرێمەكان و ئەوانەشی لە داهاتوودا دێنە پێش لە چوارچێوەی تایبەتمەندیی حكومەتی فیدراڵی دەبێ. لێرەشدا ئەم شێوازە مەبەست لێی بەهێزكردنی ڕۆڵی حكومەتی فیدراڵییە نمونەشی دەستووری هیندستان ساڵی 1949، و دەستووری فەنزویلا ساڵی 1953.

4-قەتیسكردنی دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدراڵی و هێشتنەوەی ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ هەرێمەكان، بەڵام ئەوەی ئەم ڕێچكەیە لە خاڵی (2) جیا دەكاتەوە، ئەوەیە چەند بوارێكی تر لە تایبەتمەندی وەك دەسەڵاتی هاوبەش لە نێوان هەردوو ئاستەكەی حوكمڕانی دیاری دەكرێت. بەو پێیە هەردوو ئاست بەشدار دەبن لە ڕاییكردنی ئەو تایبەتمەندییانە، و لەبەر ئەوەی دژكاری لە نێوان ئەو دوو ئاستە چاوەڕوانكراوە درووست ببێ، بۆیە لە چوارچێوەی دەستووردا هەوڵ دراوە بڕەوێنرێتەوە كاتێك یاساكانی هەرێمەكان زاڵ دەكرێ بەسەر یاسا ئیتحادییەكاندا لە بوارە هاوبەشەكاندا. نمونەی ئەم شێوازەش دەستووری ئەڵمانیا بۆ ساڵی 1949.

بەبەراوردكردنی ئەو شێوازانەی سەرەوە لەمەڕ دابەشكردنی تایبەتمەندییەكانی حوكمڕانی لە وڵاتانی فیدراڵیدا لەگەڵ دەستووری كۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005 بۆمان ڕوون دەبێتەوە، كە شێوازی دابەشكردنی تایبەتمەندییەكان لە عێراقدا زیاتر پەیڕەوی لە ڕێگەی (4) كراوە، بە واتای دیاریكردنی تایبەتمەندییەكانی حكومەتی فیدراڵی و هێشتنەوەی تایبەتمەندییەكانی تر بۆ حكومەتی هەرێمەكان (هەرێمی كوردستان)، لەگەڵ دەستنیشانكردنی ژمارەیەك بواری تر وەك دەسەڵات و تایبەتمەندیی هاوبەش بۆ هەردوو ئاستەكە و لە كاتی دژكاریدا زاڵبوون بۆ یاسای هەرێم و پارێزگاكان دەبێ(2)

سێیەم: تایبەتمەندیی حكومەتی فیدراڵی لە عێراق

بە گوێرەی دەستووری عێراق حكومەتی فیدراڵی دوو جۆر تایبەتمەندیی هەیە:

1-تایبەتمەندییە دابڕەكان: بریتییە لە دیاریكردنی چەند تایبەتمەندییەك بە شێوەیەكی دابڕ (حصری) بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی، ئەوانیش وەك لە ماددەی 110ی دەستوورەكە هاتووە لە چوارچێوەی نۆ بڕگەدا :

_وێناكردنی سیاسەتی دەرەوە و نوێنەرایەتی دیپلۆماسی و دانوستانكردن سەبارەت بە پەیماننامە و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی قەرزكردن و واژۆكردن و گرێدانی و وێناكردنی سیاسەتی ئابووری و بازرگانیی دەرەكییە سەروەرییەكان.

-داڕشتنی سیاسەتی ئاسایشی نیشتیمانی و جێبەجێكردنی، ئەوەش پێكهێنانی هێزی چەكدار و بەڕێوەبردنی دەگرێتە خۆ بۆ دڵنیایی لە پارێزگاریكردن لە ئاسایشی سنوورەكانی عێراق و بەرگریكردن لێیان.

-وێناكردنی سیاسەتی دارایی و باج و دەركردنی دراو و ڕێكخستنی سیاسەتی بازرگانی لە سنورەكانی هەرێم و پارێزگاكانی عێراقەوە، دانانی بودجەی گشتیی وڵات و وێناكردنی سیاسەتی دراویی و دامەزراندنی بانكی ناوەندی و بەڕێوەبردنی.

ڕێكخستنی كاروباری پێوانە و كێشان و كێشەكان-

ڕێكخستنی كاروباری ڕەگەزنامە و ڕەگەزنامەگیری، مانەوە و مافی پەناهەندەیی سیاسی-

-ڕێكخستنی سیاسەتی تردداتی پەخش و پۆستە

-داڕشتنی پرۆژەی بودجەی گشتی و وەبەرهێنان

-پلانداڕشتنی سیاسەتی پەیوەست بە سەرچاوە ئاوییە دەركییەكان و دڵنیایی بەشەئاوی هاتوو بۆ وڵات و دابەشكردنی بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لەناوخۆدا، بە پێی یاسا و عورفی و نێودەوڵەتییەكان

ئامارگیری و سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان-

2-تایبەتمەندییە هاوبەشییەكان: چەند تایبەتمەندییەكی تر هاوبەش دەبن لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم و پارێزگاكان ئەوانیش:

بەڕێوەبردنی گومركەكان-

-ڕێكخستنی سەرچاوە سەرەكییەكانی وزەی كارەبا و دابەشكردنی

-وێناكردنی سیاسەتی ژینگەیی بۆ دڵنیایی پاراستنی ژینگە لە پیسپون، و پاراستنی پاكێتی

وێناكردنی سیاسەتەكانی بوژانەوە و پلاندانانی گشتی-

-وێناكردنی سیاسەتی تەندرووستیی گشتی

-وێناكردنی سیاسەتی فێركردن و پەروەردەییە گشتییەكان

-وێناكردنی سیاسەتی سەرچاوە ئاوییە ناوخۆییەكان، و ڕێكخستنی بە جۆرێك گەرانتی دابەشكردنی بكات بە شێوەیەكی دادپەروەرانە.

چوارەم: تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان:

هەرێمی كوردستان وەك ئاستێكی حوكمڕانی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا تایبەتمەندییەكانی بریتین لە:(3)

1-تایبەتمەندییە ئاساییەكان: ئەم جۆرەیان بریتییە لە هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی ناچنە چوارچێوەی دەسەڵاتە دابڕەكانی حكومەتی فیدراڵەوە، واتە بەدەر لەو 9 خاڵەی لە سەرەوە باس كران حكومەتی هەرێم دەتوانێ پیادەی هەموو تایبەتمەندییەكانی تر بكات.

2-تایبەتمەندییە هاوبەشەكان: حكومەتی هەرێم دەتوانێ بە هاوبەشی و ڕاوێژ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی لە سەرەوە (خاڵی 2) باس كران پیادە بكا، و هەر كاتێك لەو چوارچێوانە یاسایەكی هەرێم و یاسایەكی فیدراڵی دژكار بوون ئەوا كار به‌یاسای هەرێمەكە دەكرێت لە سنووری هەرێمەكەدا. بە نموونە گەر لە بواری پاراستنی ژینگە دژكاری هەبێ لە یاسای پاراستنی ژینگەی هەرێم و یاسای پاراستنی ژینگەی فیدراڵ ئەوا كار بە یاسای هەرێم دەكرێ بەسەر دۆزێكدا لە سنووری هەرێمی كوردستاندا ڕووی دابێ.

لەوانەی پێشەوە كە باس كران بەتایبەت لەو تایبەتمەندییانەی حكومەتی فیدراڵی لە عێراقدا بە دەقە ڕاستەوخۆ و ڕوونەكانی دەستوور خاوەنێتی چ تایبەتمەندییە دابڕەكان بێ، یان هاوبەشییەكان، بە هیچ جۆرێك باس لە تایبەتمەندییەك نەكراوە تاوەكو لە ڕێگەیەوە بتوانێ دەستوەربداتە كاروباری هەرێم لەژێر هەر ناووناونیشانێكدا بێ و پشتبەستوو بێ بە هەرجۆرە پاساوێك.

لەوەش زیاتر دەقێكی دەستووری ڕوون جێ نەكراوەتەوە كە ڕێگە بدات بە دەسەڵاتی فیدراڵی دەستوەربداتە كاروباری هەرێمی كوردستانەوە یان هەر هەرێمێكی تر كە لە داهاتوودا درووست دەبن، بە وەرگرتنی كۆمەڵە ڕێكارێكی دیاریكراو وەك ئەو دەقە یاساییەی لە دەستووری وڵاتی ئیسپانیادا هاتووە پەیوەست بە پێدانی دەسەڵاتی دەستتێوەردانی فیدراڵی لە كاروباری یەكێك لە هەرێمەكان، لە وێنەی ماددەی 155ی ئەو دەستوورە كە زۆر بە ڕوونی ئاماژە بەو بارە دەكات كاتێك و هەر ئەم ماددەیە بو حكومەتی فیدراڵیی ئیسپانیا پشتی پێ بەست بۆ دەستوەردانە كاروباری هەرێمی كەتالۆنیا لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی.

پێنجەم: پشتبەستن بە دەقە دەستوورییە لاستیكی و ناڕاستەوخۆكان:

لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستاندا لە 25/9/2017، سەرەڕای نەبوونی دەقێكی ڕوون و ئاشكرا لە دەستووری عێراقدا كە تیایدا ئەنجامدانی كارێكی لەو جۆرە بە نادەستووری و ناڕەوا بژمێرێ، كەچی دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدراڵی لە یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری دەستەوەستان نەبوون، و لە ڕێگەی خوێندنەوە و شیكردنەوەی جیاجیاوە بۆ هەندێ لە دەقە دەستوورییەكان توندترین هەڵوێستیان دەربڕی بەرانبەر هەرێمی كوردستان و خستییانە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەوەتا لە ڕێكەوتی 27/9/2017 واتە دوو ڕۆژ دوای ئەنجامدانی پڕۆسەكە، ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیارێك دەردەكات بە ژمارەی 55ی ساڵی 2017، تیایدا سەرباری سەركۆنەكردنی هەوڵی جیابوونەوەی هەرێم، سیازدە خاڵ وەك ڕێكاری كارگێڕی و دارایی و سیاسی دژ بە هەرێمی كوردستان دەردەكات. و دەسەڵاتی جێبەجێكردن پابەند دەكات بە جێبەجێكردنیان، و دەسەڵاتی جێبەجێكردنیش لای خۆیەوە پابەندی تەواوی خۆی بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە دەسەلمێنێ و زۆرینەی خاڵەكان دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە(5)، تا دەگاتە دوا خاڵ كە دەڵێ (حكومەت لەسەرێتی بە هیچ جۆرێك ڕەزامەندی لەسەر گفتوگۆی مەرجدار نەدات تا دوای هەڵوەشانەوەی ڕیفراندۆمەكە نەبێ). ئەو خاڵەیە تاوەكو ئێستا سەرەڕای هاتنەناوەوەی چەندین نێوەندگیری دەرەكیی وناوخۆیی وسەرباری دەركردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەمەڕ نادەستووریبوونی ڕیفراندۆمەكەش هێشتا حكومەتی فیدراڵی پێداگیری دەكا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەكە و دەرەنجامەكانی لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.

ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەركردنی ئەو بڕیارە و جێكردنەوەی ئەو خاڵە ڕێكارییانە پشتی بەستووە بە دەقی ماددەی (1) لە دەستوور كە دەڵێ كۆماری عێراق وڵاتێكی فیدراڵیی سەربەخۆیە، سەروەرێتیی تەواوی هەیە، سیستێمی حوكمڕانی تێیدا كۆماریی نوێنەرایەتی (پەرلەمانی) دیموكراسییە، و ئەم دەستوورە گەره‌نتیی یەكێتیی عێراقە.

سەرباری پشتبەستن بەو دەقە دەستوورییەی سەرەوە دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق لە بڕیارە ناسراوەكەیدا(6)، كە تایبەت بو بە نادەستووری ناساندنی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان پشتقایم بووە بە دەقێكی تری دەستوورییەوە ئەویش مادەی 109یە: كە تێیدا هاتووە (دەسەڵاتە فیدراڵییەكان پارێزگاری لە یەكێتیی عێراق و سەلامەتیی و سەربەخۆیی و سەروەرێتیی و سیستێمە دیموكراسییە فیدراڵییەكەی دەكەن.

ئەمەش بەو مانایە دێت كە دەسەڵاتەكانی حوكمڕانیی فیدراڵی ڕێگەیان بە خۆیان داوە لە چوارچێوەی هەریەك لەو هۆكارە لاستیكییانە هەنگاو هەڵنێن بۆ دەستتێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی دەسەڵاتە خۆجێیەكان بە هەرێمی كوردستانیشەوە، و لە یەكەم تاقیكردنەوەی ئەو ماددەیەشدا بەرانبەر هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیی تەواوی لێ كرد كاتێك ڕێزگرتنی خۆی بۆ ناوەڕۆكی ئەو بڕیارە ڕاگەیاند بەبێ پێدانی هیچ گرنگییەك بەوەی ئەو بڕیارە بەپشتبەستن بەو دوو مادەیەی سەرەوە دەركراوە لەمەڕ نادەستووریبوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم.

ئەم كارەش بە بۆچوونی ئێمە كردنەوەی دەروازەیەكی پانوبەرینە بۆ حكومەتی فیدراڵی تا لە ڕێگەیەوە دەستوەربداتە كاروباری هەرێمی كوردستانەوە، جارێك بە پاساوی پاراستنی یەكێتیی خاكی عێراق، جارێكی تر بە پاساوی سەربەخۆیی و سەروەرێتی عێراق و جاری سێیەم بە بەهانەی پشتگیریكردن لە ڕەوایەتی و پڕۆسەی دیموكراسییەوە، یان پاراستنی ماف و ئازادییەكانی مرۆڤەوە. یان ڕێگرتن لە ڕوودانی پشێوی و ناسەقامگیری لە یەكە خۆجییەكان لە پێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی وڵاتی عێراق بە گشتی… هتد.

شەشەم: دەرەنجام:

لە باسكردنەكانی پێشوه‌ەوە دەگەینە چەند دەرەنجامێك:

1-لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدراڵی لە عێراقدا كە بە دەقە ڕوون و ڕاستەوخۆكان داڕێژراون، ئەو حكومەتە خاوەنداری لە تایبەتمەندییەك ناكات كە ڕێگەی پێبدات دەستتێوەردان لە كاروباری هەرێمی كوردستان بكات لە كات و لە باری دیاریكراودا. وەك ئەو دەقەی لە ماددەی 155ی دەستووری ئیساپانیادا هاتووە.

2-مانای ئەو دەرەنجامەی سەرەوە بە ڕەهایی درووست نییە، بەڵكو لە چوارچێوەی خودی دەستوورەكەدا چەند ماددە و بڕگەیەك جێكراونەتەوە لە ڕێگەیانەوە حكومەتی فیدراڵی ئەتوانێ پشتیان پێببەستێ بۆ دەستتێوەردان لە كاروباری یەكە خۆجێیەكان چ سیاسی بن یا كارگێڕی. لە نموونەی ئەو دەقانەش ماددەكانی (1) و (109)ی دەستوورەكەیە، ئەو ماددانەی حكومەتی فیدراڵی یەكەم تاقیكردنەوەی لەسەریان ئەنجام دا و تاڕادەیەكی زۆر سەركەوتوو بوو لەو كارەی.

3-حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خۆی ڕێگەخۆشكەر بوو بۆ ئەو كارەی دەسەڵاتە فیدراڵییەكان كاتێك بێ گفتوگۆ و شەنوكەوكردن پێشوازی لەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی كرد.

لەو دەرەنجامانەوە ئەتوانین چەند خاڵێك بخەینە ڕوو بۆ ڕێگریكردن لەهەر دەستتێوەردانێكی سیاسی و سەربازی و مرۆیی لە كاروباری هەرێمدا:

1-پابەندبوون بە دەق و بڕگەكانی دەستوورەوە وەك گرێبەستی نێوان هەرێم و عێراق و جێبەجێكردنی هەموو ئەو ئەرك و پابەندییانەی دەكەونە سەر هەرێمی كوردستان و دووركەوتنەوە لە مامەڵەی وەكو یەك لە پابەندنەبوون بە دەستوورەوە. واتە نابێ پابەندنەبوونی لایەك بە دەستوورەوە بكرێتە بەهانەیەك بەرانبەر پێشێلكردنی دەستوور لە لایەن ئەویترەوە.

3-هەوڵدان بۆ دەستەبەركردنی هەموو ئەو ماف و بەرژەوەندییانەی لە دەستووردا هاتوون بۆ هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی، لەو پێناوەشدا پشتبەستن بە خەڵكی لێوەشاوە و سەرووحزبی، بۆ بەجێگەیاندنی ئەو كارە.

4-داڕشتنی دەستووری هەرێمی كوردستان، دەستوورێكی مۆدێرن و پێشكەوتوو لە چوارچێوەی سیستێمی فیدراڵیی عێراق بۆ دیاریكردن و ڕەنگڕێژكردنی حوكمڕانییەكی باش لە هەرێمدا و قەتیسكردنی كۆنتاكتی هەرێم بە حكومەتی فیدراڵ و بە دامەزراوەی فەرمییەوە.




مەلایەکى سلێمانى پێکهاتە ئاینیەکانی دیكه‌ لەمزگەوتەکەیدا کۆدەکاتەوە
خانه‌واده‌یه‌كی كریستیان 70 ساڵه‌ گۆڕی كۆنترین پێغه‌مبه‌ری جووه‌كان له عێراق ده‌پارێزن
دەستتێوەردانی حکومەتی فیدراڵ لەکاروباری ناوخۆیی هەرێمدا
كوا خوێنی شەهید قەڵەم سۆرانی مامە حەمە؟
منبەج ، بۆچی گرنگە؟!
سەلاحەدین بەهادین دەگەڕێتەوە
موحافیزكاران و ریفۆرمخوازان لە هەڵبژاردنەكانی ئێراندا
غرووری پارتی دەشكێت، یان سیحری گۆڕان بەتاڵ دەبێتەوە؟
ڕۆشنبیرانی ”بەیعە“گەر
دەربارەی بەیاننامەی ٢٢٥٠ ڕۆشنبیرەکە
قیڕەقیڕی عەلمانیەت و دین لە کوردستاندا

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە