بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئیدارەی ترەمپ بیر لە سزای ئابووری سەر وڵاتی چین بەهۆی ئەو "کامپە فێرکاریانە" کە بۆ مووسوڵمانانی وڵاتەکە دروستکراون دەکاتەوە ئەگەر بێتو چین ئەو کارەی کە لە ژێر ناوی "بەرەنگاری دژی تووندڕەوی و سەقامگیری کۆمەڵایەتی" ئەنجامیدەدات، رانەگرێت.
مانگی رابردوو نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، نزیکەی یەک ملیۆن لە خەڵکی کەمینەی ئویغر لە چین بەزۆر دەبردرێنە چەندین کامپی جیاواز و لەو کامپانەدا بیرشۆریان بە زەبری ئەشکەنجە بەسەردا دەسەپێندرێت.
ئویغورەکان بەشێکن لە هۆزە پەرتەوازەکانی گەلانی مەنگۆل و بە زۆرینە مووسڵمانی سوننەن، ئێستا نزیکەی 10 ملیۆنیان لە وڵاتی چین دەژین، بەڵام لە رابردوودا، چەندین راپۆرتی جیاواز لەبارەی هەوڵی حکوومەتی چین بۆ گۆڕینی بیری ئیسلامی ئویغورەکان بڵاوکراوەتەوە.
ئەگەرچی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و چین باشنییە و پێشتریش واشنتن سزای ئابووری بەسەر هەندێک لە کاڵانی چیندا سەپاندبوو، بەڵام وەک ئەوەی نیویۆرک تایمز نوسیوویەتی، یەکەمینجارە ترەمپ دەیەوێت سزای چین بەهۆی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ بدات.
لایخۆیەوە چین ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و بە "ناڕاست" لەقەڵەمیان دەدات.