شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری:
كێشه‌ نێوخۆیه‌كانى یه‌كێتی وه‌ك ره‌گی گولی وایه‌ له‌یه‌كێتی نابێته‌وه
AM:08:00---27-03-2014
ئه‌م بابه‌ته 10392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لڤین: دیداری ژیار محه‌مه‌د 

 

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانو به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی گه‌رمیانی یه‌كێتی، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ لڤین، هۆشداریی ئه‌وه‌ ده‌داته‌ سێ باڵه‌ ناكۆكه‌كه‌ی یه‌كێتی، ئه‌گه‌ر كێشه‌كانیان به‌رده‌وام بن، ئه‌وه‌ یه‌كێتی به‌ره‌و شكستو كۆتایی ده‌به‌ن.

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كێشه‌كانی یه‌كێتی په‌یوه‌ندییان هه‌بێت به‌كێشه‌ی بیروڕای جیاوازو فیكرو چاكسازییه‌وه‌، ده‌ڵێت، هه‌موو كێشه‌ی باڵه‌ ناكۆكه‌كانی ناو یه‌كێتی له‌سه‌ر پاره‌و پۆستن.

 

لڤین: كێ هۆكاری سه‌ره‌كیی پێكنه‌هێنانی حكومه‌ته‌ له‌كوردستان دوای شه‌ش مانگ؟

 

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: خۆی تۆمه‌تباركردنی لایه‌نه‌كان بۆ یه‌كتری جۆرێك له‌راستیی تێدایه‌، ئه‌گه‌ر راستت ده‌وێت هه‌مووان به‌رپرسن، به‌لاَم به‌رێژه‌ی جیاواز له‌به‌ر یه‌ك هۆكار، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر پێداگریی یه‌كێتی داوای پێكهێنانی حكومه‌تی بنكه‌فراوان كراوه‌، كه‌ ئه‌میش دانوستاندنی ده‌وێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌ش لایه‌نه‌ی كه‌ كورسییان له‌په‌رله‌مان هێناوه‌ كه‌ رازیكردنی ئه‌و لایه‌نانه‌ش كاتی ده‌وێت، به‌لاَم به‌و جۆره‌ی ئێستا نا كه‌ ئه‌و هه‌موو كاته‌ی خایاندووه‌.

 

لڤین: كه‌واته‌ ئێوه‌ش پێتان ناسروشتییه‌ ئه‌و شه‌ش مانگه‌ی كه‌ حكومه‌ت پێكنه‌هاتووه‌؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: بێگومان ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ی حكومه‌ت پێكنه‌هاتووه‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان ناسروشتییه‌، چونكه‌ كاریگه‌ریی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ره‌وتی ژیانو به‌ڕێوه‌بردن.

 

لڤین: به‌لاَم پێشتر یه‌كێتی تۆمه‌تبارده‌كرا به‌دواخستنی پێكهێنانی حكومه‌تو ده‌وترا به‌هۆی كێشه‌ نێوخۆییه‌كانی ئه‌و حیزبه‌وه‌یه‌، ئایا ئێستاش هه‌مان هۆكار بووه‌ته‌ هۆكارێك بۆ دواخستنی حكومه‌ت؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: ده‌زانی چۆنه‌؟ كێشه‌ی نێوخۆیی یه‌كێتی وه‌ك ده‌وترێت ئێمه‌ پێی راهاتووین و پێی فێربووین، شتێكه‌ وه‌ك ره‌گی گولی وایه‌ له‌یه‌كێتی نابێته‌وه‌، به‌لاَم به‌راستی كێشه‌ نێوخۆییه‌كانی یه‌كێتی هیچ په‌یوه‌ندییان به‌دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ته‌وه‌ نه‌بووه‌، یه‌كێتی ئه‌وه‌نده‌ی وتووه‌ ده‌ڵێت ئێمه‌ هێزی چه‌كدارمان هه‌بووه‌و هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌كێك له‌وه‌زاره‌ته‌ ئه‌منییه‌كانمان ده‌وێت، پێشی دانه‌گرتووه‌ بڵێت ئه‌مه‌مان ده‌وێت یان ئه‌مه‌مان ناوێت.

 

لڤین: به‌لاَم له‌نوێترین لێدوانیدا عه‌لی باپیر وتی، پارتیو یه‌كێتیو گۆڕان به‌رپرسن له‌دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت، رای ئێوه‌ چییه‌ وه‌ك یه‌كێتی؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: من هه‌ر زوو وتوومه‌ مامۆستا عه‌لی باپیر گومرگ له‌سه‌ر هیچ قسه‌یه‌كی دامه‌نێن.

 

لڤین: پێتان باشه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ بدرێته‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: من باسی ئه‌وه‌ ناكه‌م، چونكه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئه‌وه‌نده‌ شتێكی گرنگ نییه‌، جارێ ئه‌م جاره‌یان ئه‌سڵه‌ن وه‌ك جاران ده‌سه‌لاَتی نامێنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی من بیستوومه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بكرێت، به‌لاَم من بڕوام وایه‌ یه‌كێتی پێداگریی نه‌كردووه‌ له‌سه‌ر یه‌ك وه‌زاره‌ت، بڵێت یان وه‌زاره‌تی ناوخۆ یان هیچ، به‌لاَم یه‌كێتی ده‌ڵێت یه‌كێك له‌وه‌زاره‌ته‌ ئه‌منییه‌كانم ده‌وێت، ئیتر یان ئه‌مه‌یان یان ئه‌وه‌یان.

 

لڤین: ئه‌گه‌ر ئێوه‌ وه‌ك یه‌كێتی داوای وه‌زاره‌تی ناوخۆ بكه‌ن پێتانوایه‌ پارتی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌تان ده‌داتێ؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: من خۆم له‌لیژنه‌ی دانوستانكاری پێكهێنانی حكومه‌ت نیم، بۆیه‌ نازانم.

 

لڤین: كێشه‌ی سێ باڵه‌كه‌ی یه‌كێتی به‌كوێ گه‌یشت؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: ئه‌وه‌نییه‌ له‌راگه‌یاندندا باسده‌كرێت، گوایه‌ رێككه‌وتوون.

 

لڤین: پێشتریش وا باسكرا كه‌ رێككه‌وتوون، به‌لاَم رێكنه‌كه‌وتبوون؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: راستییه‌كه‌ی خۆی كێشه‌كان هیچ په‌یوه‌ندییان نییه‌ به‌ مه‌سائیلی مه‌بده‌ئییه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌موو مه‌سائیلی به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسین، ئیتر كه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان یه‌كیانگرت، به‌رای من ئه‌وانیش رێكده‌كه‌ون، ئه‌گه‌ریش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان یه‌كیاننه‌گرت ئه‌وانیش رێكناكه‌ون.

 

لڤین: به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان چین؟ ئایا ئه‌و سێ سه‌ركرده‌یه‌ به‌رپرسی بالاَی یه‌كێتی نینو بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتی كارناكه‌ن؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: ره‌نگه‌ هه‌موو سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی، به‌وانیشه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتی كاربكه‌ین، به‌لاَم به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسییشی هه‌ر تێدایه‌.

 

لڤین: به‌رژه‌وه‌ندییه‌ شه‌خسییه‌كان چین كه‌ وایان كردووه‌ ئه‌و سێ سه‌ركرده‌یه‌ رێكنه‌كه‌ون؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسی چییه‌؟! جگه‌ له‌پله‌وپایه‌! پله‌و پایه‌ش بۆ پاره‌یه‌، ئه‌گه‌رنا هیچ شتێكی فیكری نییه‌ كه‌ ئه‌و سێ باڵه‌ كێشه‌یان هه‌بێتو وا رێكناكه‌ون له‌سه‌ری.

 

لڤین: واتا تۆ به‌رژه‌وه‌ندیی پاره‌و پۆست ده‌بینی له‌كێشه‌ نێوخۆییه‌كانی یه‌كێتیدا، نه‌ك چاكسازیو كێشه‌ی بیروڕای جیاواز؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: به‌ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسی ده‌بینم، چونكه‌ هیچ كه‌سێكیان شتێكی فیكریان پێنییه‌ بێن بڵێن ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و فیكرانه‌ ناكۆكین، هیچیان پڕۆژه‌یه‌كی چاكسازیی راسته‌قینه‌یان پێشكه‌شنه‌كردووه‌ بۆ چاكسازی له‌ناو یه‌كێتیدا.

 

لڤین: كه‌واته‌ بۆچی ئێوه‌ وه‌ك سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی بێده‌نگن، كاتێك ده‌زانن كه‌ كێشه‌ نێوخۆییه‌كانی یه‌كێتی كێشه‌ی شه‌خسیو پاره‌و پۆستن نه‌ك كێشه‌ی فیكری؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: من به‌راشكاوی پێتبڵێم یه‌كێتی ئێستا سێ باڵو به‌شێكه‌، سێ باڵه‌كه‌ش دیاره‌ كێن، به‌شێكی تریش وه‌ك ئێمه‌ومانانین پێمانده‌وترێت (پاداره‌كان، یان چوارپێكان)، ئێمه‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌هیدو خه‌باتو دیدی خۆمان بێده‌نگین. به‌داخه‌وه‌ به‌شێك له‌مه‌كته‌بی سیاسیو سه‌ركردایه‌تییش به‌شبوون به‌سه‌ر ئه‌م سێ باڵه‌دا به‌بێ مه‌به‌ستیش بێت، بوونه‌ته‌ پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و سێ لایه‌نه‌، بۆیه‌ له‌ئێستادا یه‌كده‌نگیی ناو سه‌ركردایه‌تی زه‌حمه‌ته‌.

 

لڤین: مه‌به‌ستت چییه‌ له‌چوار پێ له‌ناو یه‌كێتیدا وه‌ك خۆت ده‌ڵێیت؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: چوار پێكان، كۆمه‌ڵێك بێعه‌قڵی وه‌ك ئێمه‌ومانانین، من یه‌كێكم له‌وانه‌.

 

لڤین: بۆچی وا به‌تووڕه‌ییه‌وه‌ قسه‌ده‌كه‌یت؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: ده‌زانی له‌به‌رچی تووڕه‌م؟ چونكه‌ هیچ ئومێدو خۆشییه‌كی تێدا نه‌ما له‌مامه‌ڵه‌ی ئه‌م هه‌ڤالاَنه‌، چونكه‌ واده‌زانن ئه‌گه‌ر ئه‌وان رێككه‌وتن ئیتر هه‌رچی ناو یه‌كێتییه‌ چه‌پڵه‌یان بۆ لێده‌دات، واش ده‌زانن ئه‌گه‌ر عاجز بوون هه‌موومان قوڕده‌پێوین.

 

لڤین: پێتوانییه‌ دوای ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ت له‌لڤین به‌هۆی ئه‌و قسانه‌ته‌وه‌ توشی كێشه‌ ببیت؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: من توشده‌كات؟

 

لڤین: به‌ڵێ.

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: من له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا له‌هه‌رسێ باڵه‌كه‌ بێمنه‌تم.

 

لڤین: به‌رای تۆ ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی لێره‌ بووایه‌ ئه‌و كێشانه‌ی ناو یه‌كێتی به‌م جۆره‌ی ئێستایان لێده‌هات؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: له‌سه‌رده‌می مام جه‌لالیشدا ئه‌م كێشانه‌ هه‌بوون، به‌لاَم مام جه‌لال خۆی پیاوێكی عاقڵو ژیربوو، ده‌یتوانی ئیداره‌ی هه‌موویان بكات، به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ ئێستا ئه‌وانه‌ هه‌رچی بكه‌ن ناتوانن بگه‌نه‌ ئاستی حاڵه‌تی ئیداره‌دانی مام جه‌لال.

 

لڤین: دواجار ئه‌م كێشه‌ نێوخۆییانه‌ی ناو یه‌كێتی یه‌كێتی به‌ره‌و كوێ ده‌به‌ن؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: ئه‌گه‌ر عاقڵ نه‌بن یه‌كێتی به‌ره‌و شكستو كۆتایی ده‌به‌ن، به‌لاَم ئه‌گه‌ر عاقڵیش بن ئه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریش گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ یه‌كێتی حیزبێكی زه‌روره‌ته‌.

 

لڤین: یه‌كێك له‌باڵه‌ ناكۆكه‌كانی یه‌كێتی ده‌ڵێت؛ كێشه‌ی ناو یه‌كێتی ئه‌وه‌یه‌ نایه‌وێت یه‌كێتی ببێته‌ حیزبێكی بنه‌ماڵه‌یی؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: بۆ زانیاریت، هه‌موو دنیا بنه‌ماڵه‌یه‌، هیچ په‌یوه‌ندیی به‌و هۆكاره‌وه‌ نییه‌، له‌سه‌رده‌می ئیسلامیشدا بنه‌ماڵه‌ی ئه‌مه‌وییه‌كانو بنه‌ماڵه‌ی ماڵی پێغه‌مبه‌ر هه‌بووه‌، دووپاتیده‌كه‌مه‌وه‌ كێشه‌ی باڵه‌كانی یه‌كێتی هیچ په‌یوه‌ندیی به‌ بنه‌مای فیكرییه‌وه‌ نییه‌.

 

لڤین: پێتانوانییه‌ پارتی به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان تاكڕه‌وانه‌ له‌به‌رانبه‌ر به‌غداد هه‌ڵوێست ده‌نوێنێت؟

شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری: با من شتێكت به‌راشكاوى پێبڵێم، له‌ئه‌نجامی ئه‌م سیاسه‌تانه‌، وه‌ك ده‌وترێت ئێستا پارتی سوكانی هه‌رێمی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا-توركیا-ئێران-حیزبه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی به‌شه‌كانی تری كوردستان، ئه‌مانه‌ هه‌مووی پارتی ده‌یكات، ئه‌مه‌ش به‌هۆی سیاسه‌تی خۆمانه‌وه‌بووه‌، كه‌ پارتی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی كوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، له‌دوای دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كێتی و گۆڕان ئه‌وه‌نده‌ خه‌ریكی یه‌كتری بوونو ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵی نه‌هێشتنی یه‌كتریان ده‌دا، تا وای كرد ئاگامان له‌سیاسه‌تی گشتیی هه‌رێم نه‌مێنێت و وای كرد پارتی بكات به‌براگه‌وره‌.

 

 

 




مامۆستا کامەران عەلى: مەبەستەکانى پشت وەڵامدانەوەکانى ئاشکرا دەکات
نێچیرڤان بارزانی:پێویست ناکات ئەمریکا سەرباز رەوانەی عێراق بکات
ئاسۆ عەلی
دووبارەبوونەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی لەنێوان گۆڕان‌و پارتیدا بەدوورنازانم
مەسعودبارزانی:
سەددام حوسێن كەسێكی زۆر ئاسایی بوو، هەڵوێستی زۆر باش بوو
ئه‌و پیاوه‌ى به‌شدارى كوشتنى زه‌رقاوی كرد بۆ لڤین ده‌دوێت
"لیوایه‌كى كورد فه‌رمانده‌ى هێزه‌ تایبه‌تیه‌كانى مالیكییه‌"
شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری:
كێشه‌ نێوخۆیه‌كانى یه‌كێتی وه‌ك ره‌گی گولی وایه‌ له‌یه‌كێتی نابێته‌وه
كوڕه‌كه‌ی خالیدی خوله‌ سور"ئه‌م كاره‌ به‌سه‌ر بكوژه‌كه‌دا تێپه‌ڕ نابیت"
د. سروش ده‌بباغ بیریاری گەورەی ئێرانی سەبارەت بەعیشق‌و پلۆرالیزمی ئاینی بۆ لڤین دەدوێت

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە