ئه‌و پیاوه‌ى به‌شدارى كوشتنى زه‌رقاوی كرد بۆ لڤین ده‌دوێت
"لیوایه‌كى كورد فه‌رمانده‌ى هێزه‌ تایبه‌تیه‌كانى مالیكییه‌"
AM:08:35---27-03-2014
ئه‌م بابه‌ته 14377 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


 

لڤین:محه‌مه‌د هه‌ورامی

زیاتر له‌كاتژمێرو نیوێك به‌ناو دارخورما چڕه‌كانى نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی موسه‌نای به‌غداد تێپه‌ڕین، به‌ناو هێزێكی ئه‌منیو چاودێرییه‌كی ورددا گه‌یشتینه‌ یه‌كێك له‌كۆشكه‌كانی پێشووى سه‌دام حسێن كه‌ هه‌میشه‌ چه‌ند كاتژمێرێك پێش سه‌فه‌ركردنی بۆ ده‌ره‌وه‌ی ولاَت به‌كاریهێناوه‌.

ئێستا خاوه‌نى ئه‌و كۆشكه‌ كه‌سێكی كورده‌ كه‌ هاوڕێكانى به‌ پادشا بانگیده‌كه‌ن، رۆژگارێك له‌دژی سه‌دام حسێن چه‌كی هه‌ڵگرتووه‌و له‌شاخدا به‌شێكی ژیانی به‌سه‌ربردووه‌، ئێستا له‌وكۆشكه‌وه‌ فه‌رمانده‌ی هێزه‌ ئاڵتونییه‌كانی عێراق ده‌كات كه‌ راسته‌وخۆ به‌سراوه‌ته‌وه‌ به‌ نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نورى مالیكییه‌وه‌.

لیوا فازیل جه‌میل به‌روارى فه‌رمانده‌ی یه‌كێك له‌تۆكمه‌ترینو مه‌شقپێكراوترین یه‌كه‌ى سه‌ربازیى عێراق ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى ئه‌ركه‌ سه‌خته‌كانى عێراقى پێده‌سپێررێت.

ئه‌و له‌ساڵی (١٩٦٦) له‌ناوچه‌ی (به‌روار) له‌دایكبووه‌، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك پێشمه‌رگایه‌تیی كردووه‌، ئێستا له‌ناوچه‌ ترسناكه‌كانی عێراق بۆ سه‌قامگیركردنی ئه‌منی له‌جه‌نگدایه‌، وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی بۆ كرد ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ له‌گۆڤاری(لڤین)ه‌وه‌ چه‌ندین نهێنى ئاشكرابكات.

 

لڤین: هێزی ئاڵتونی كه‌ی دامه‌زرا، شێوازی كاركردنتان چۆنه‌؟

لیوا فازیل به‌رواری: هێزی ئاڵتونی له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی ئازادیی عێراق له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ دامه‌زراوه‌، له‌رووی شێوازی هه‌ڵسوكه‌وته‌وه‌ تێكه‌ڵه‌ له‌شێوازی سوپای ئه‌مریكاو به‌ریتانیاو پێشمه‌رگه‌، ئه‌وه‌ش به‌رێژه‌ی جیاواز، له‌٨٠% شێوازی كاركردنو جێبه‌جێكردنی فه‌رماندا وه‌ك هێزه‌كانی ئه‌مریكایه‌، ١٥% وه‌ك هێزه‌كانی به‌ریتانیایه‌، ٥% وه‌ك هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌.

 

لڤین: كام شێوازی پێشمه‌رگایه‌تیتان گواستووه‌ته‌وه‌ ناو هێزی ئاڵتونی؟

لیوا فازیل به‌رواری: له‌كۆندا هیچ جیاوازییه‌ك نه‌بوو له‌ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا هه‌موو وه‌ك یه‌ك بوون، ده‌به‌یه‌ك ئاو هه‌موومان پێكه‌وه‌ لێمانده‌خوارده‌وه‌ كه‌سمان خۆی به‌گه‌وره‌تر له‌و نه‌ده‌زانی، ئێسته‌ش ئێمه‌ ئه‌وه‌ به‌كارده‌هێنین كه‌ ده‌بێت ئه‌وانه‌ی پله‌ی سه‌ربازییان هه‌یه‌ له‌پێشه‌وه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كاندابن بۆ نه‌هێشتنی تاوانو سه‌رخستنی یاسا.

 

لڤین: فه‌رمان له‌كوێوه‌ وه‌رده‌گرن؟

لیوا فازیل به‌رواری: ئێمه‌ ته‌نیا له‌رووی دابینكردنی چه‌ند پێداویستییه‌كه‌وه‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراقین، وه‌ك فه‌رمانو جێبه‌جێكردنی كاره‌كانمان راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق (نوری مالیكی)، فه‌رمان وه‌رده‌گرینو سه‌رجه‌م پرۆسه‌كانمان به‌چاودێریی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌بێت.

 

لڤین: جیاوازیی ئێوه‌و سوپای عێراق هه‌یه‌؟

لیوا فازیل به‌رواری: به‌ڵێ، ئه‌وان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگریدا كارده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ له‌گه‌ڵ نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانین كه‌ فه‌رمانده‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقه‌.

لڤین: چۆن كوردێك توانیی ئه‌م پۆسته‌ وه‌ربگرێت، له‌كاتێكدا فه‌رمانده‌ى لیواى ئاڵتونی به‌یه‌كێك له‌جومگه‌ هه‌ستیاره‌ سه‌ربازیو هه‌واڵگرییه‌كانی نزیك له‌نوری مالیكی داده‌نرێت؟

لیوا فازیل به‌رواری: هه‌میشه‌ كه‌سێك به‌دڵسۆزی فه‌رمانو كاره‌كانی سه‌ره‌وه‌ی خۆی جێبه‌جێبكات ئه‌وه‌ له‌پێشتر ده‌بێت بۆ راپه‌ڕاندنی كاره‌كان، ئه‌وده‌مه‌ی ئێمه‌ وه‌ك هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان كارمان ده‌كرد ئه‌وان هه‌موومانیان ده‌بینیو ده‌یانزانی كێ دڵسۆزی وڵاتو كاره‌كه‌یه‌تی، دوای ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كه‌م جار له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ پۆستم بۆدیاریكرا، سه‌رپه‌رشتیی چه‌ند پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازیم له‌به‌سره‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ كردووه‌، هه‌موویانم به‌دڵسۆزی ئه‌نجامداوه‌و فه‌رمانه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی خۆم جێبه‌جێده‌كه‌م.

 

لڤین: به‌پێی زانیارییه‌كانی لڤین پرۆسه‌ی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌بوموسعه‌ب زه‌رقاویو دواتر كوشتنی له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ به‌ به‌ شداریی ئێوه‌ بووه‌؟

لیوا فازیل به‌رواری: راسته‌، سه‌ره‌تای شوێنپێ هه‌ڵگرتنی ئه‌بوموسعه‌ب زه‌رقاوی بۆ ئه‌وكاته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌پشكنینێكدا كه‌ زانیاریمان له‌به‌رده‌ستدا بوو له‌ناوچه‌یه‌كی دیاریكریكراوی موسڵدا كه‌سێكمان ده‌ستگیركرد له‌ژووری نوستنه‌كه‌یدا كه‌ تا قۆڵبه‌ستكردنیشی هه‌ستی به‌وه‌ نه‌كرد كه‌ ئێمه‌ له‌ماڵه‌كه‌یدان، ئه‌م كه‌سه‌ زۆر یارمه‌تیده‌ربوو له‌دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و تیرۆرسته‌دا، پاش لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد له‌گه‌ڵ ئه‌و تۆمه‌تباره‌دا نزیككه‌وتینه‌وه‌ له‌ژنێكه‌وه‌ كه‌ شوێنی زه‌رقاویی ده‌زانی، ئه‌و ده‌مه‌ی ئێمه‌ هه‌وڵماندا ئه‌و ژنه‌ ده‌ستگیربكه‌ین، ئه‌و هه‌وڵی خۆكوشتنی ده‌دا به‌هۆی قه‌سه‌بێكه‌وه‌ كه‌له‌لوتیدابوو، به‌ڵام یه‌كێك له‌سه‌ربازه‌كان به‌به‌كارهێنانی قۆناغی تفه‌نگه‌كه‌ی رێگه‌ی خۆكوشتنی لێگرتو ئه‌ویشمان ده‌ستگیركرد، لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ده‌ستیپێكرد، له‌م رێگه‌یه‌وه‌ بۆمانده‌ركه‌وت سێ په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فونی هه‌بووه‌ له‌نێوان زه‌رقاویو ئه‌م ژنه‌و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌دا، به‌مه‌ش توانیمان شوێنی زه‌رقاوی بدۆزینه‌وه‌و دواتر به‌هاوكاریی ئه‌مریكییه‌كان كوشتمان.

 

لڤین: كه‌واته‌ ئه‌مریكییه‌كان ته‌نیا كوشتوویانه‌ نه‌ك هاوكاریی لۆجیستیی ئێوه‌یان كردبێت؟

لیوا فازیل به‌رواری: له‌ناوهێزه‌كانی ئه‌مریكادا هێزێك هه‌بوو كه‌ زۆر ده‌ستكراوه‌بوون، هیچ شتێك نه‌بوو بیانوه‌ستێنێتو له‌رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانیشدا سه‌رپشك بوون، له‌پرۆسه‌ی كوشتنی زه‌رقاوییشدا دوای ئه‌وه‌ی ئێمه‌ شوێنی زه‌رقاویمان دۆزییه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و ژنه‌ی ده‌ستگیرمانكردبوو، سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندییه‌كانیم گه‌یانده‌ ده‌ستی ئه‌رمریكییه‌كانو ئه‌و هێزه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌مدا شوێنه‌كه‌یان به‌هۆی مانگه‌ده‌ستكردو ئامێره‌كانی خۆیانه‌وه‌ دۆزییه‌وه‌و وه‌ڵامی ئێمه‌یان دایه‌وه‌ له‌سه‌ر شوێنه‌كه‌و هه‌وڵدان بۆ كوشتنی، ئه‌وه‌بوو به‌ره‌به‌یانییه‌كی زوو هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ به‌ فڕۆكه‌ شوێنه‌كه‌یان بۆردومانكردو هێزێكی تایبه‌تی ئاڵتونییش چاودێریی ناوچه‌كه‌ی ده‌كرد، دواتر پرۆسه‌كه‌ به‌دڵی هه‌موومان كۆتاییهات به‌كوشتنی زه‌رقاوی.

 

لڤین:ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌ له‌كوێدا كۆتاییدێت؟

لیوا فازیل به‌رواری: ده‌سته‌ڵاتی ئێمه‌ له‌و شوێنه‌دا كۆتاییدێت كه‌ هیچ شوێنێك نه‌بێت، ترس له‌سه‌ر هاووڵاتییانو دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان هه‌بێتو ئاشتیو ئارامی بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌هۆی ئه‌وگروپانه‌وه‌ دۆخی عێراق ناسه‌قامگیرییه‌كی پێوه‌دیاره‌، له‌ئێستادا سه‌رقاڵی كۆتاییهێنانین به‌و پشێوییانه‌ش.

 

لڤین: باسی پشێویت كرد، مه‌به‌ستت له‌كام گروپانه‌ن؟

لیوا فازیل به‌رواری: سه‌رجه‌م ئه‌وگروپه‌ چه‌كدارانه‌ی كه‌ رۆژانه‌ هێرشده‌كه‌نه‌ سه‌رحكومه‌تو هاووڵاتییان هه‌ریه‌ك به‌ناوێكه‌وه‌ خۆیان ده‌رده‌خه‌ن، ئه‌مانه‌ مه‌ترسین له‌سه‌ر هه‌موو عێراق، ده‌بێت رێگرییان لێبكرێتو نه‌هێڵرێت فراوانببن.

 

لڤین: شه‌ڕتان به‌رانبه‌ر داعش به‌كوێ گه‌یشت؟

لیوا فازیل به‌رواری: داعش مه‌ترسیی ته‌نیا بۆسه‌ر لایه‌نێك نییه‌، ئه‌وان مه‌ترسین بۆسه‌ر هه‌موو عێراق، له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراقدا جێگیربوونو ده‌یانه‌وێت سنورێك بۆخۆیان دابنێن، فراونبوونی ئه‌وانیش به‌ هاوكاریی زۆرێك له‌وڵاتانی ناوچه‌كه‌یه‌و نایانه‌وێت عێراق دۆخی جێگیر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت.

 

لڤین: به‌وپێیه‌بێت رۆڵتان هه‌بووه‌ له‌سه‌قامگیركردنی ئه‌منیی به‌سره‌و موسڵو له‌ئێستاشدا سه‌رقاڵی ئه‌نبارن؟

لیوا فازیل به‌رواری: به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌وری ئێمه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ سوپاو پۆلیسی عێراقدا جیاوازتره‌، به‌ پاڵپشتیو هاوكاریی سه‌رۆك وه‌زیران دۆخی ئه‌منیی (به‌سره‌و موسڵ)مان جێگیركردو دواتر دامانه‌وه‌ ده‌ست لایه‌نی ئه‌منیی دیكه‌، بۆ ئه‌نباریش سه‌رقاڵی جێگیركردنی دۆخی ئه‌منیین، هیوادارم بتوانین له‌نزیكترین كاتدا ئه‌و ئاڵۆزییانه‌ی ئه‌وێش نه‌مێنێت.

 

لڤین: په‌یوه‌ندیی ئێوه‌و هێزه‌كانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى كوردستان چۆنه‌؟

لیوا فازیل به‌رواری: په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆمان نییه‌ به‌و پێیه‌ی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی یاسای تایبه‌تی خۆیه‌تیو ناوه‌ندیش به‌پێی یاسای خۆی كاره‌ ئه‌منییه‌كانی به‌ڕێوه‌ده‌بات.

 

لڤین: هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌ن لێره‌ كه‌سانی داواكراویان ده‌ستگیركردووه‌ به‌چاوبه‌سراوی هێنراوه‌ته‌ كوردستان، ئێوه‌ هاوكارییان ده‌كه‌ن یان ئه‌وان به‌بێ یاسایی خه‌ڵك ده‌ستگیرده‌كه‌ن له‌و ناوچانه‌؟

لیوا فازیل به‌رواری: من ئاگاداری زانیارییه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ نیم، به‌ڵام هه‌رشتێك بووبێت له‌وه‌ی كه‌ باسیده‌كه‌یت ده‌بێت به‌پێی یاسا بووبێتو ره‌زامه‌ندیی به‌غدادو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی بۆ وه‌رگیرابێت.

 


لڤین: په‌یوه‌ندیی ئێوه‌و سوپاسالاری سوپای عێراق چۆنه‌؟

لیوا فازیل به‌رواری: رێزی تایبه‌تم بۆ كاك.بابه‌كر زێباری هه‌یه‌، دۆستێكی نزیكه‌ لێمه‌وه‌و زۆركات په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌.

 

 

لڤین: تاچه‌ند ده‌ستكراوه‌ن بۆ ده‌ستگیركردنی هه‌ركه‌سێكی داواكراو له‌كوردستان؟

لیوا فازیل به‌رواری: ئێمه‌ هه‌ركه‌سێك ده‌ستگیربكه‌ین به‌پێی فه‌رمانی دادوه‌ر ده‌ستگیریده‌كه‌ین، بۆئه‌وه‌ی له‌كاتی مانه‌وه‌ی لای ئێمه‌ هه‌ردۆخێكی نه‌خوازراو هاته‌ پێشه‌وه‌ به‌پێی یاسا بجوڵێینه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌پرسیت بۆ كوردستان، ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان به‌كوردستانه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وان لایه‌نی ئه‌منیی خۆیان هه‌یه‌و به‌غدادیش لایه‌نی ئه‌منیو سه‌ربازیی خۆی هه‌یه‌.

 

لڤین: پرسیارێك كه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆ هه‌موولایه‌ك گرنگه‌، تۆ كوردیت له‌و پۆسته‌دا، سبه‌ی نێوانی هه‌رێمو به‌غداد تێكبچێتو هێز بجوڵێنرێت، لایه‌نگریی كام لایان ده‌كه‌یت؟

لیوا فازیل به‌رواری: هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وپرسیاره‌ هێنده‌ی په‌یوه‌ندیی به‌سیاسییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ سه‌ربازییه‌وه‌ نییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی عێراق خوازیاری ئه‌وه‌ نین كه‌ دۆخی هه‌رێمو ناوه‌ند تێكبچێتو ئه‌وه‌نده‌ی من نزیكم لێیانه‌وه‌ ناگاته‌ وه‌ها حاڵه‌تێك كه‌ چه‌ك به‌كاربهێنرێت، سه‌رجه‌م گرفته‌كان به‌ كۆبوونه‌وه‌و دانیشتن چاره‌سه‌رده‌كرێت، كه‌ ئه‌مه‌ خواستێكی هه‌موومانه‌.

 

لڤین: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌كانی كوردستاندا هه‌یه‌؟

 

لیوا فازیل به‌رواری: په‌یوه‌ندییه‌كان شه‌خسین، به‌وپێیه‌ی رۆژگارێك هه‌بووه‌ هه‌موومان پێشمه‌رگه‌ بووینو له‌شاخ شه‌ڕمان دژی دوژمنه‌كانمان كردووه‌، به‌وئامانجه‌شه‌وه‌ دۆستایه‌تیمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ئێستای به‌غداد دروستكردووه‌، په‌یوه‌ندییه‌كان ته‌نیا له‌و رووه‌وه‌ن، نه‌وه‌ك ‌وك لایه‌نی ئه‌منیو سه‌ربازی، هه‌رێم كاری خۆی ده‌كاتو به‌غدادیش كاری خۆی راده‌په‌ڕێنێت.




مامۆستا کامەران عەلى: مەبەستەکانى پشت وەڵامدانەوەکانى ئاشکرا دەکات
نێچیرڤان بارزانی:پێویست ناکات ئەمریکا سەرباز رەوانەی عێراق بکات
ئاسۆ عەلی
دووبارەبوونەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی لەنێوان گۆڕان‌و پارتیدا بەدوورنازانم
مەسعودبارزانی:
سەددام حوسێن كەسێكی زۆر ئاسایی بوو، هەڵوێستی زۆر باش بوو
ئه‌و پیاوه‌ى به‌شدارى كوشتنى زه‌رقاوی كرد بۆ لڤین ده‌دوێت
"لیوایه‌كى كورد فه‌رمانده‌ى هێزه‌ تایبه‌تیه‌كانى مالیكییه‌"
شالاَو عه‌لی عه‌سكه‌ری:
كێشه‌ نێوخۆیه‌كانى یه‌كێتی وه‌ك ره‌گی گولی وایه‌ له‌یه‌كێتی نابێته‌وه
كوڕه‌كه‌ی خالیدی خوله‌ سور"ئه‌م كاره‌ به‌سه‌ر بكوژه‌كه‌دا تێپه‌ڕ نابیت"
د. سروش ده‌بباغ بیریاری گەورەی ئێرانی سەبارەت بەعیشق‌و پلۆرالیزمی ئاینی بۆ لڤین دەدوێت

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە