ڕاپەڕینی ھێلەکزەردەکان
ئاراس فەتاح
AM:11:28---11-12-2018
ئه‌م بابه‌ته 466 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ھانا ئارێنت دەڵێت شۆڕشگێڕەکان شۆڕش دروستناکەن! شۆڕشگێڕەکان ئەو کەسانەن کە دەزانن کەی دەسەڵات لەسەر شەقامەکان کەوتووە و کەییش دەتوانن ھەڵیگرنەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە پاریس و زۆرینەی شارەکانی فەرەنسا ڕوودەدات بەرجەستەکردنی ھەمان تێزە. زۆرینەی بیریاران لەسەر ئەوە ھاوڕان کە ڕاپەڕینی ھێلەکزەردەکان درێژکراوەی ئەو کەلەپوورە شۆڕشگێڕانەیە کە گەلی فەرەنسیی لە ئەوروپادا ھەیەتی. فەرەنسییەکان لە خۆرئاوا بەوە بەناوبانگن کە ناعەدالەت لە دەسەڵاتدارانیان قبوڵناکەن، ھەرکەسێکیش لە ئەوروپا یان ھەر وڵاتێکی تر رەخنەگرانە بیربکاتەوە نەک تەنھا رێز لە ئازایەتی شۆڕشگێڕەکانی فەرەنسا دەگرێت، بەڵکو بەغیلیشیان پێ دەبات.

ئەم وشیارییە بەرامبەر ناعەدالەتیی ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی فەرەنسیی لە ساڵی ١٧٨٩ کە بە شۆڕشی چینی سێھەم ناوبانگی دەرکردووە، چونکە ئەوسەردەمە گەلی فەرەنسیی بەسەر سێ چیندا دابەشبووبوو، یەکەمیان پیاوانی ئایینی و دووھەمیان نەجیبزادەکان و سێھەمیشیان جوتیاران و کاسبکارانی ناو شارەکان. لەساڵی ١٨٣٠یشدا یەکەم ڕاپەڕینی کرێکاران ڕوویدا و لە ساڵی ١٨٤٨دا شۆڕشی دووھەمی فەرەنسیی بۆ دیموکراسیی و لە ١٨٧١ کۆمونەی پاریس و لە ١٩٣٦ مانگرتنی سەرتاسەریی و وەچنگخستنی مافی کۆمەڵایەتیی لە سەردەمی حکومەتی بەرەی گەل کە یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکانی کرێکاران بریتیی بوو لەوەی بۆ یەکمینجار مافی کارکردنیان ٤٨ سەعاتەوە کرا بە ٤٠ کاتژمێر لە ھەفتەیەکدا و مافی دوو ھەفتەی پشوشیان لە ساڵێکدا بۆ دابینکرا، پاشان بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی نوێ سەریھەڵداو لە شۆڕشی قوتابیان لە ١٩٦٨دا بەرجەستەبوو دژ بە جەنگی ڤێتنام و چەوساندنەوەی گەلانی جیھانی سێ و ژنان و دەستەبەرکردنی ئازادیی تاک. ئەمساڵیش لە دوای کۆبوونەوەی ساڵانەی دەوڵەتە زلھێزە سەرمایەدارەکانی جیھان G7 کە پۆپۆلیستە ناسیۆنالیستەکان تیایدا لە مارشدان بۆئەوەی حکومەتەکان بگرنەدەست وەک لە ئەمریکا و ئیتالیا و گەورەبوونی ھێزی نیونازییەکان لە ئەڵمانیادا بینیمان، لە فەرەنسا ھیوایەک دژ بە سیاسەتی مەترسییداری سیستەمی نیولیبرالیزمی جیھانیی لە سەر شەقامەکان دەبینرێت.

حکومەت بۆ فەرەنسییەکان وەک گەدە وایە، گەر خواردن و وەزیفەی ھەرسکردنی باش بێت، نە خۆی و نە ھاوڵاتیانی توشی ئازار و قورحە ناکات. یەکێک لە کێشە ھەرە سەرەکییەکانی حوکمڕانە نیولیبرالییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا ئەوەیە کە نە ئاگایان نە لە سکی خۆیانە و نە لە سکی خەڵکی. سکی سەرمایەدارن تێر و قەڵەو دەکەن و سکی زۆرینەش لەڕ و برسیی. ھەر ئەم دۆخەشە وایکردووە کە ئەم جۆرە ڕاپەڕینانە نە حیزبێک سەرکردایەتیی بکات و نە ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت و نە چیێکی دیارییکراویش پێشڕەوایەتیی بکات، بەڵکو ھەموو ئەوانە تیایدا بەشدارن کە زەرەرمەندی سەرەکیی پرۆسەی گلۆبالیزەکردنی نیولیبرالییانەی ئابووریی و سیاسەتن لە وڵاتەکەی خۆیان و دژ بە وێرانکردنی جیھانی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ژینگەن.

ئەوە راستە کە ھەموو حکومەتێک دەبێت دەست بە پارەوە بگرێت، چونکە موڵکی گشتییە، بەڵام ھەرکاتێک ئەم سیاسەتە بوو بە سکھەڵگوشینی زۆرینەی خەڵک و سکقەڵەوکردنی کەمینەیەک، خەڵک دەڕژێتە سەر شەقامەکان و بەسەر حکومەتەکەیان دەڕشێنەوە. داواکاریی ئەم خەڵکە ڕاپەڕیوەی سەر شەقامەکانی پاریس داواکارییەکی جیھانییە و تەنھا پابەندی خەم و مەترسییەکانی ھێلەکزەردەکانی فەرەنسا نییە.

بە کورتییەکەی خەڵک دەیەوێت حکومەت یەک گیرفانی ھەبێت کە ھەموو ھاونیشتیمانیان مافی ئەوەیان ھەبێت موچەیەکی شایستە و ژیانێکی پڕکەرامەتیان ھەبێت، نەک زۆرینە لەژێر باری زەریبە بچەمێتەوە و کەمینەیەکیش ئازادبکرێت. گیرفانی حکومەت دوکانێک نییە کە تەنھا کەمدەرامەتان پارەی تێبخەن، بەڵکو دەبێت گیرفانێکی نیشتیمانیی بێت و سامانەکەی بەسەر ھەموواندا بە عەدالەت دابەشبکرێت. ئەم پێدراوە لە ھەرێمی کوردستانیشدا ڕاستە، چونکە ساڵانێکە سیاسەتێکی مەترسییداری نیولیبرالیی لەلایەن چینێکی سوڵتانییەوە پیادەدەکرێت کە دەیەوێت نیشتیمانی ھاوڵاتییان بکات بە موڵکی چەند خێزان و کۆمپانیایەک.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە