‎سەرۆكایەتییەكان لە بەرامبەر چی؟
مه‌سعودی‌ مه‌لا هه‌مزه‌
PM:04:03---19-03-2019
ئه‌م بابه‌ته 529 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەیەكی زۆری خایاندو ئاماژەكانیش ئەوە دەرناخەن لە ماوەیەكی نزیك و دیاریكراودا ئەم كابینە نوێیە پێكبێت.
‎هۆكارەكانی پێكنەهێنان یان دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت زۆرن، هەریەك لە حزبەكان لەدیدگای خۆیەوە دەیبینێ و ئۆباڵەكەی دەخاتە ئەستۆی حزبێكی تر، لەوانەشە بەشێك لە قسەكانی هەریەك لەو لایەنانە لە سووچێكی دیمەنە گشتییەكە ڕاست بێ، بەڵام پرسیاری جەوهەری ئەوەیە ئاستەنگە سەرەكییەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێ چین؟ كێ خەتاباری سەرەكییە؟ ڕۆڵی پارتی وەك هێزی یەكەمی براوەو یەكێتی وەك هێزی دووەم چییە لەم هاوكێشەیە؟
‎لە سەرەتاوە قبوڵكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كێشەیەكی گەورەی خستە نێو لایەنەكان و لەدواجاردا پارتی و یەكێتی ئەنجامەكانیان قبوڵكرد، ئەگەرچی بەشێكی زۆر لە سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی یەكێتی تێبینی جدیان لەسەر كۆی پڕۆسەكە هەبوو، بەڵام بەمەشەوە هەر قبوڵكراو چاودێران لەوكاتدا ڕایان وابوو ڕێككەوتنێكی پێشوەخت لەنێوان یەكێتی و پارتی هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت، بە جۆرێك بێ ڕەچاوی ئەو هەڵوێستەی یەكێتی بكرێ لە پێكهێنانی حكومەت، كەچی گفتوگۆكان و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت دەریخست هیچ ڕێككەوتنێكی لەو جۆرە لە ئارادا نییە، ئەگەر هەشبووبێ ئەوا پێش لەدایكبوونی مردووە.
‎لە بابەتە سەرەكییەكەمان دوور نەكەوینەوەو بێینە سەر ئەسڵی بابەتەكە، لە دنیای دیموكراسیدا هەمیشە ئەوانەی لە هەڵبژاردنەكان براوە دەبن حكومەت پێكدێنن و لایەنەكانی تریش دەبنە ئۆپۆزسیۆن، لە حالەتی دووەمدا حكومەتی تەوافوق لەنێوان لایەنەكان پێكدێت و هەر لایەنەی بەگوێرەی دەنگەكانی خۆی پۆستی پێ دەدرێ، بە جۆرێك سیستەمی خاڵبەندی و دابەشكردنی پۆستەكان لەسەر بنەمای خاڵبەندی  پێكدێ، ئاشكراشە لەم حالەتەدا هەندێ پۆست هەن خاڵی زۆر زیاتریان دەوێ و لەوانەیە وەزارەتێكی سیادی بەرابەر ٢-٣ وەزارەتی خزمەتگوزاری خاڵی بەربكەوێ، ئەوە باسی پۆستی سەرۆكایەتییەكان هەر مەكە، كە ئاشكرایە خاڵی زۆر زۆریان پێویستە.
‎واقیعی سیاسی لە كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت هیچ یەك لەو بنەمایانەی پەیڕەو نەكرد، نە پارتی توانی بەبێ یەكێتی حكومەت پێكبهێنێ و نە سیستەمی خاڵبەندیشی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان بەكارهێنا، لەپاڵ ئەوەشدا بۆ باڵانسی ناوخۆی حزب پارتی بابەتی سەرۆكایەتی هەرێمی جارێكی تر هێنایەوە بەرباس و خستیەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
‎هێنانە پێشەوەی بابەتی سەرۆكایەتی هەرێم لە كاتێكدا كە پێشتر پارتی سوور بوو لەسەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك هەڵبژێردرێ و ئەمجارە ویستی لە پەرلەمانەوە هەڵیبژێرێ، چەندە تیماری زامی نێو پارتی كرد بۆ ڕاگرتنی باڵانسی ناوخۆیی دوو هێندە بەربەست بوو لەبەردەم پێكهێنانی كابینە نوێكە و پڕۆسەكەی زۆر دواخست!
‎جیا لەمانەو دوابەدوای پرسی سەرۆكایەتی هەرێم،ئیدی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت ئاراستەیەكی تری وەرگرت و لەبەرامبەر پارتی، یەكێتیش پرسی پارێزگاری كەركووك و وەزیری دادی عێراقی هێنایە پێشەوەو ئاراستەی گفتوگۆكان تەواو گۆڕا، لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە ڕۆیشت بەرەو ڕێككەوتنی سیاسی و پرسەكانی هەرێم و كەركووك و عێراق نەیەكەوە.
‎لە بەرامبەر ئەوەدا، پارتی لەبری ئەوەی لەگەڵ یەكێتی گفتوگۆكانی بباتە قۆناغێكی جدی و هەوڵبدا ڕێككەوتننامەی ٥ی شوبات جێبەجێ بكاو هاوكاتی پەرلەمانی كوردستان ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كارا بكرێتەوە و پۆستی پارێزگاری كەركووك یەكلا بكاتەوە، چوو لەگەڵ گۆڕان ڕێككەوت و بە ١٢ كورسییەوە ژمارەیەك پۆستی دایە گۆڕان.
‎بەر لە هەموو كەس پارتی و گۆڕانەكان باش دەزانن ڕێككەوتنەكەی ١٨ی شوباتی نێوانیان كاردانەوەی هەڵوێستەكانی یەكێتی بوو لە بەرامبەر بەشدارینەكردنی لە كۆبوونەوەی پەرلەمان و ئەو پۆستانەی بە گۆڕان دراون لەسەر هیچ بنەمایەك نەبووەو زۆر زیاترە لە ئیستحقاقی گۆڕان.
‎دوای ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ گۆڕان، پێویستە پارتی لەوە تێبگا كە ئیدی بنەمای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت نە خاڵبەندیەو نە ئیستحقاقی هەڵبژاردن، بەڵكو پۆستەكانی گۆڕان بە ١٢ كورسییەوە دەبێتە بنەما بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی تر و دابەشكردنی بەسەر لایەنەكان، نابێ پارتی پێشبینی بكا یەكێتی ڕازی بێ بە ٢١ كورسییەوە پۆستەكانی جیاوازییەكی كەمی هەبێ لەگەڵ گۆڕانی خاوەنی ١٢ كورسی.
‎هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەوەی سەیرە پارتی وا نیشان دەدا كە خۆی خاوەنی هەموو پۆستەكانەو هەرچی بیەوێ بۆ خۆی دەبێ  وكامە پۆستیش ویستی بیداتە لایەنەكان پێیان بدا، ئەم ڕەفتارەی پارتی لە مامەڵەی شەریكی حوكمڕانی ناچێ بەقەد ئەوەی لە مامەڵەی وەستاو شاگرد دەچێ، نابێ یەكێتی ئەمە قبوڵ بكاو دەبێ هەوڵی جدی بدا بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستانەی خۆی دەیەوێ و ئەندام و لایەنگرانی دەنگیان بۆی داوە نەك ئەوەی پارتی بۆی دیاردەكا!
‎لەوانەیە و هەقی خۆشیانە، پارتی بڵێن یەكێتی بە ٢١ كورسیەوە داوای پۆستی زۆر دەكاو گۆڕانیش بە ١٢كورسیەوە پۆستی زۆری بردووە ئەی چی بۆ خۆمان دەمنێتەوە؟ بێ ئاگا لەوەی هەریەك لەپۆستە گرنگ و سیادیەكانی وەك (سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان) بارتەقای ژمارەیەكی زۆر لە وەزارەتەكانن و دەبێ پارتی لەوە تێبگا كە وەرگرتنی ئەو هەموو پۆستە سیادیە بەیەكەوە بەرامبەرە بە دەست بەرداربوون لە ژمارەیەكی زۆر لە وەزارەتەكان و ئەگەریش پارتی هەر دەیەوێ زۆرترین پۆستی وەزاری لەلابێ، دەكرێ وەك بژاردەیەكی تازەو ئەگەر كێشە بۆ ناوخۆی پارتی دروست نەبێ بابەتی سەرۆكی هەرێم و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم وەلابنێن و هەڵیبگرن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان! 
‎یانیش لە باشترین حالەتدا، هەرسێ سەرۆكایەتییەكە لەنێوان یەكێتی و پارتی و گۆڕان دابەش بكرێ و پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی، سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی و سەرۆكی پەرلەمان بۆ گۆڕان، بۆ دابەشكردنی پۆستە وەزارییەكانیش دەكرێ خاڵبەندی بكرێتە بنەمای دابەشكردنی پۆستەكان، ئەگەر ئەمە بۆ پارتی ئاسایی بێ و بێ كێشەی ناوخۆیی تێپەڕبێ.





گۆڕان و پارتی و سەرۆكایەتی
‎سەرۆكایەتییەكان لە بەرامبەر چی؟
ڕێككەوتنی نوێ
بزنس میدیا
‎یەكێتی دوای هەڵبژاردن
‎بە ڕاكردنیش نەبێ، هەر دەگەنە بەغدا
ڕاگەیاندن و ڕووماڵی پیشەیی
پارتی رێككەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕانی دروستكرد
یەك دەنگ لە ناوەند، هەرێمیش بكەنە پەند
لە ساڵیادی راپەریندا..ئەرێ هەولێر بۆ بێدەنگە؟
سیاسه‌تی‌ بێ ئامانج
یه‌كێتی و گۆڕان...نزیكی یان دووری
بارزانی ئاوی گۆمەكەی مەنگتر كرد
راگه‌یاندنى یه‌كێتى و به‌ره‌كانى جه‌نگ
هەڵوێستی ڕوونی پارتی
12

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە