ئاسته‌نگه‌كانی حكومه‌تی نوێ له‌ساڵی نوێ
بەختیار شاوەیس
PM:04:24---10-01-2019
ئه‌م بابه‌ته 167 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

كه‌وتینه‌ ساڵی نوێ و كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ته‌واونه‌كراوی مایه‌وه‌، په‌رله‌مانی عیراقیش به‌ناچاری مانگێك له‌كاره‌كانی وه‌رزی یه‌كه‌می دانیشتنه‌كانی درێژكرده‌وه‌ به‌ئامانجی ئه‌وه‌ی كه‌هه‌ریه‌ك له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ و كابینه‌نوێیه‌كه‌ ته‌واو بكات و هێنده‌ی تر عێراق گیرۆده‌ی بۆشایی ئابووری و ئیداری نه‌بێت. ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وته‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌ نوێیه‌یه‌ له‌ساڵی نوێدا بریتی یه‌ له‌بونی چه‌ندین ئاسته‌نگی سیاسی و ئابووری و ئیداری و دیپلۆماسی كه‌له‌حاڵه‌تی مانه‌وه‌یان به‌هه‌ڵپه‌سیرراوی له‌دواجاردا چاره‌نوسی حكومه‌ته‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بات كه‌بڵێین ئه‌گه‌ر له‌وانی پێشتر خراپتر نه‌بێت ئه‌وا ئه‌دای باشتر نابێت، به‌وپێیه‌ی;

١- له‌ڕووی سیاسی;

ململانێی سیاسی له‌نێوان هێزه‌كان تائاستێكی زۆر توند قوڵبوه‌ته‌وه‌ ، جگه‌له‌ دیارنه‌بوونی فراكسیۆنی گه‌وره‌ له‌ناو په‌رله‌مان كه‌ئه‌مه‌یان هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه‌كانه‌ هه‌روه‌ها ئه‌م دردۆنگیه‌ سیاسیه‌ بڕستی له‌حكومه‌ت بڕیوه‌ و له‌دوای ٨٠ ڕۆژ له‌متمانه‌دان به‌ عه‌بدولمه‌هدی سێ وه‌زاره‌تی هه‌ستیار كه‌ وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و به‌رگری و دادن به‌ وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌برێن و وه‌زیری متمانه‌ پێدراوی په‌ره‌وه‌رده‌ش هێشتا سوێندی یاسایی نه‌خواردوه‌ ڕه‌نگه‌ متمانه‌كه‌ی لێوه‌ربگیرێته‌وه‌. هه‌روه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ململانێی سیاسی كاریگه‌ری سلبی له‌سه‌ر ئه‌دای په‌رله‌مانی عیراق جێهێشتوه‌ به‌چه‌شنێك كه‌له‌كۆتاییه‌كانی وه‌رزی یه‌كه‌میدایه‌ به‌ڵام لیژنه‌كانی به‌فه‌رمی كاره‌كانی چاودێریكردن و گفتوگۆی یاسادانانیان ده‌ستپێنه‌كردوه‌‌

٢-له‌ڕووی ئابووری

پڕۆگرامی چوارساڵه‌ی حكومه‌تی نوێ له‌سه‌ربنه‌مای ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان ودابینكردنی هه‌لی كاركردن و خزمه‌تگوزاری داڕێژراوه‌، ئه‌وه‌ی له‌م سه‌ره‌تایه‌دا ده‌بینرێت پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانیه‌كانه‌ و پێشهاتێكی ڕه‌شبینئامێز له‌به‌رده‌رگای هاوڵاتیاندایه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی ڕابردوو به‌هۆكاری نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری سه‌ره‌تایه‌وه‌ بوبێت، ئه‌وا له‌ئێستادا زیاد له‌مه‌یه‌و خۆپیشاندان بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌حكومه‌ت پێكبێت وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌له‌چه‌ند هه‌فته‌ی پێشتر له‌به‌غداد و ناوچه‌ی دیكه‌ ڕوویدا. ئه‌مه‌سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ دابه‌زینی كتوپڕی نرخی نه‌وت كه‌ بۆهه‌ربه‌رمیلێك نه‌وت ٣٠ دۆلاری ئه‌مریكی له‌ده‌ستداو به‌ته‌نها نه‌وتیش ٨٩% ی داهاتی عیراق پێكده‌هێنێت. ئه‌مه‌ش ئاسته‌نگێكی تری ئابووری ده‌بێت بۆ حكومه‌تی نوێی عیراق

٣-له‌ڕووی ئیداری

هه‌ریه‌ك له‌دۆسیه‌كانی گه‌نده‌ڵی ، كۆتایی هاتنی ماوه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و به‌هه‌ڵپه‌سیراوی مانه‌وه‌ی، بۆشایی ئه‌منی و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سوریا، ململانێی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان حكومه‌تی ناوه‌ند و حكومه‌تی پارێزگاكان، مانه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی به‌غداد و حكومه‌تی هه‌ولێر، هه‌بوونی دوو ملیۆن ئاواره‌ له‌ناوخۆی وڵات، به‌ڕێوه‌بردنی به‌وه‌كاله‌ت له‌ناو زۆربه‌ی جومگه‌كانی ئیداره‌دانی حكومه‌ت. هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌و دۆسێ و گرێكویرانه‌ن كه‌ حكومه‌تێكی لاوازی ئیداری دروستكردوه‌ و هه‌نگاوی ئیجابیش بۆ چاره‌سه‌ركردنیان له‌ئاسۆدا دیار نیه‌

٤-له‌ڕووی دیپلۆماسی و سه‌روه‌ری

سه‌ردانه‌كه‌ی ترامپ بۆ عه‌ین ئه‌سه‌دی ناوچه‌ی ئه‌نبار هێنده‌ی تر مشتومڕی سه‌روه‌ری و پێگه‌ی دیپلۆماسی عیراق و حكومه‌ته‌كه‌ی زیندووكرده‌وه‌، و جارێكی تر ئاسته‌نگی ئه‌م لایه‌نه‌ی له‌به‌رده‌م كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی دووپاتكرده‌وه‌. هه‌روه‌ك له‌شكركێشیه ‌به‌رده‌وامه‌كانی توركیا بۆناوخاكی عیراق دیوێكی تری لاوازی به‌غدایه‌ له‌ئاستی سه‌روه‌ری و دیپلۆماسی

هه‌موو ئاسته‌نگه‌كانی سه‌ره‌وه‌ له‌به‌رده‌م حكومه‌تی نوێ له‌ساڵی نوێدا ، درێژكراوه‌ی ساڵانی ڕابردوون و به‌میرات بۆئه‌م حكومه‌ته‌ ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌نگاوی خێراو به‌په‌له‌ی ده‌وێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر ئه‌گه‌رنا شتێكی ئاسایی و پێشبینیكراوه‌ كه‌ به‌م ئالوده‌ زۆرانه‌وه‌ حكومه‌تی نوێ نه‌توانێت پێبنێته‌ ساڵێكی نوێ






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە